عەبدولواحید محەمەد
4 رۆژ پێش ئێستا
راچڵەكین-
دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی رێنمایی تایبەت بە لێبڕینی خانەنشینی واتە زیادکردنی 3% لەسەر ئەو 7% پێشتر بڕدراوە دەرکرد، بە شێوەیەک ئەو زیادەیە لە 2014ەوە بێت و هەموی بە قەرز حساب بکرێت و بە ماوەی سێ ساڵ لە فەرمانبەران و شەش ساڵ لە خانەنشینان بگێڕدرێتەوە، دیارە ناڕەزایی و دید و بۆچونی زۆری لەگەڵ خۆی هێنایە ئاراوە، لە بەرامبەردا وەزارەت رونکردنەوەیەکی لەسەر بڕینی ئەو 3% بڵاوکردەوە، گوایە ئەوە لەلایەن عیراقەوە داواکراوە، هەندێک تیر و توانجیشی تێدا بوو، ئەوەی بۆ خۆیان لێدەگەڕێم، ئەوەی من دەمەوێت هەڵوێستەی لە بارەوە بکەم، ئەوەیە ئێمەش دەزانین ئەوە لە چوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتو ژمارە (9) لە ساڵی2014 دەرچوە، ئەوکات ئێمە ئەو یاسایەمان پێ باشبوو، چونکە هەندێک ویژدان و جۆرێک لە هاوسەنگیشی بۆ خانەنشینان پێوەبوو، لێبڕینەکەشمان پێ ئاسایی بوو، زۆریش داوامان کرد جێبەجێ بکرێت، بەڵام نەکرا و حکومەت خۆی لێ نەبان کرد و درێژەی بە یاسای ژمارە 27 ساڵی 2006دا کە زیانێکی زۆری بۆ خانەنشینە راستەقینەکان هەبوو، بەهەرحاڵ ئەوەی جێگەی نیگەرانیە ئەوەیە، هەر بڕیارێک بۆ بڕین و کۆکردنەوەی پارە بێت زوو جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئەگەر پێشهاتێک لە بەرژەوەندی مامۆستا و فەرمانبەران بێت پشتگوێ دەخرێت و سەد کلک و گوێی بۆ دروست دەکرێت، بە داخەوە ئەوە بۆتە ریسای کارکردن کە نابێت وابێت، راستەکەی ئەوەیە، تۆ ئەگەر لەسەر هەقی گشتی مەبەستم دەوڵەت ئەوەندە بە شیرە، پێویستە بە قەد ئەوەش لەسەر مافی تاک و توێژەکان پێگیربن، کە هەتا ئێستا نەمان بینیوە.
پرسیارەکەش ئەوەیە باشە وەزارەت، کە ئەو بڕە پارەیە بە پێی یاساو لەسەر داوای دارایی عێراق دەگێڕنەوە؟ نەدەبوو بیریشتان لەو هەموو پێدراوە یاساییانەی مامۆستا و فەرمانبەرانیش بکردابایەوە، کە لە یازدە ساڵی رابردوودا پێشێلکاری دەرهەقیان کراوە، بۆ تەنها چاوتان خۆتان دەبینی، بەرامبەرەکانیشتان هیچ، ئەوەتا:
1- لە کۆی 132 مانگی ئەو یازدە ساڵە 44 موچەتان بە پاشەکەوت و لێبڕین، هەروەها پازدە موچەشتان هەر نەداوە، بە چ هەقێک لە دیناری خۆتان خۆش نابن، کەچی ئەو قەرزەی ئەو بەڕێزانەش بچێتە ئاوێ.
2- لە کۆی ئەو یازدە ساڵە موچەی خانەنشینی هەر بە یاسای ژمارە 27بووە لە مانگی تەموزی ساڵی 2024 یاسای ژمارە 9 جێەجێکرا، دەبێت لێبڕینەکە لەو رێککەوتەوە با.
3 - لە 1شوباتی 2016ەوە بەرزکردنەوەی موچەتان نەکردووە کە بۆ هەر مامۆستا و فەرمانبەرێک دوو تا سێ بەرزکردنەوەی موچەتان بۆ نەکردوون، بە پارە دەکاتە نزیکە 75 تا 150هەزار دینار، لە خانەنشینیش بۆتان هەژمار نەکردن، بە چ مافێک ئەو لێبڕینە بەو شێوەیە دەکەن.
4- ئەگەر حسابی قەرزی خۆتان دەکەن و دەتانەوێ وەری بگرنەوە، ئەی نابێت ئەوەتان پێ بوترێت، ئەو 7% ئەوەندە ساڵە بڕیوتانە لە کوێتان داناوە، دڵنیام لوش کراوە، بە پێی یاسا دەبوو ئەو گوژمە گەورەیە لە سندوقی دەستەبەری بووایە کە تا هەنوکە نە سندوق هەیە و نە هیچ، ئەگەر لێرە بە دواوە بچێتە سندوقەکەی عیراق.
5- کە ئەو فەرقە وەردەگرنەوە، ئێ کەوایە فەرقی موچەی خانەنشینانی ئەو چەند ساڵەش بدەنەوە، ئەگەر نا بە چ هەقێک بڕینە دەکەن ، خۆ ئێوە موچەکەتان بە پێی یاساکە نەداوە تاوەکو بە پێی هەمان یاسا ئەو لێبڕینە زیادەیە بکەن.
لە ژێر رۆشنایی ئەو راستیانەی ئاماژەمان پێدان، دەبوو وەزارەت هەموو ئەو بڕگە و بابەتانەی لەبەر چاو گرتبا و داکۆکی تەواوی بکردبا ، نەک راستەوخۆ بچوبا ژێر باری ئەو بارگرانیە بۆ مامۆستان و فەرمانبەران، دەرچوو بە هەموو لایەک غەدر لەم دوو توێژە دەکەن و کراونەتە قوربانی ئەو سەودایانەی دەکرێت، لێرەدا روی دەمم دەکەمە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئێوە باشتر لە ئێمە ئەو راستیانە دەزانن چونکە کەتنەکە هەر خۆتان کردووتانە، دەبوو پارێزەر ئەو واقیعە بان، ئەو هەموو کەموکوڕی و دەردەسەریەتان باس کردبا بۆ ئەوەی ئەو بارە ئەوەندە قورس نەبا ، بۆیە جێی خۆیەتی چاوی پێدابگێڕنەوە، لە مێژیشە وتویانە قەرز کۆن دەبیت بەڵام نافەوتێت هەر دەشمانەوێتەوە، بۆ ئەو بڕینە زیادەیەش خۆتان بکەنە خاوەن لێمەگەڕێن وا تێپەڕێت، ئەگەر نا دادگا هەیە دەرگاکەشی واڵایە.