سەردار عەزیز
4 رۆژ پێش ئێستا
راچڵەكین-
دوای سێ دانیشتن لە گەڵ تیمەكەیدا ترەمپ هێشتا بڕیاری بەشداری ڕاستەوخۆی سەربازی نەداوە دژ بە ئێران. ڕەنگە هۆكارێك ئەمە بێت كە بەشێك لە تیمەكەی پێی دەڵێن ئێران هێشتا چەند ساڵێك لە دروستكردنی چەكەوە دوورە، بۆ نمونە تلوسی گابار.
ترەمپ لە داكوتانی ئاڵایەك لە حەوشەی كۆشكی سپی زیاتر جەختی لە سەر وشەیەكی سێكسی دەكردوە بۆ داكوتاندن، كە ئەویش ڕەپ كردنە، دەیگوت بە ئی دەست پێدەكات و نایڵێم، مەبەستی ئیرێكشن erection بوو.
ئێستا چاودێران بۆ زانینی بەشداری پەنتاگۆن پەنایان بردوەتە بەر دیاردەیەكی پێكەنیناوی، ئەویش ئەو قیلوقالەیە كە گوایە هەر كاتێك پەنتاگۆن هێرشی سەربازی بكات، ئەوا خواست لە سەر پیتزا، بە تایبەتی لە درەنگانی شەودا بەرز دەبێتەوە. بۆیە چاودێران پەیوەندییەكیان دروستكردوە لە نێوان ژمارەی پیتزای داواكراو و بڕیاڕی شەڕدا لە لایەن پەنتاگۆنەوە، دیارە جگە لە نوكتەیەك نەبێت هیچی تر نیە.
لە ڕاستیدا ترەمپ نایەوێت بەشەڕ ئێران ملكەچ بكات، بەڵكو خەونی ئەوەیە كە بەبێ شەڕ خامنەئی ملكەچ بكات، ئەمەش وەك سەركەوتنێك بۆی لە قەڵەم دەدرێت و لە فشاری ناوەوە دەیپارێزێت. بەڵام لە هەمانكاتدا جوڵەی سەربازی ئەمریكی بەرەو ناوچەكەیە.
دوێنێ دەنگۆی ئەوە هەبوو كە ئێرانییەكان بە دوو فڕۆكە، كە یەكێكیان فڕۆكەی پزیشكیان بوو هاتوون بۆ مەسقەت، تەنانەت ماڵپەری ئەمواج كە لە لایەن زەریفەوە بەڕێوەدەبرێت بە نارونی بابەتێكی دەربارەی نوسی بوو، كە دەكرێت ئاماژەبێت بۆ ڕەزامەندی باڵی ئیسلاح تەڵەبەكان بۆ تەسلیمبوون.
هێشتا شەڕەكە بەردەوامە، لە كاتێكدا ئیسرائیل وەهای دەزانی سەركەتوە لە كۆتایی هێنان بە هێرشە ڕۆكێتیەكانی ئێران، كاتێك ئێران بۆ ڕۆژێك هێرشی نەكرد، بەڵام دەركەوت تەنها یارییەكی شەڕبوو، ئیسرائیلییەكان هەڵەبوون.
ئێستا ستراتیژی ئێران ئەوەیە كە چۆن ئەمریكا بە دوور بگرێت لە شەڕەكە هیچ نەبێت بە ڕاستەوخۆ. ستراتیژی نەتانیاهوو ئەوەیە كە ڕژێمەكە بڕوخێت، نەك بگۆڕدرێت، ئەمریكیەكان هەتا ئێستا دانوستانیان پێ باشە، بەڵام دانوستانی تەسلیمبون.
بەم پێیە شەڕەكە درێژە دەكێشێت. یەكێك لەو عەقیدانە كە سەریهەڵداوە بۆ هێرشی ئیسرائیلیەكان، عەقیدەی زاحیەیە. ئەم دۆكترنە لە باشوری لوبنان بەكارهات، مەبەست لێی ئەوەیە كە كاتێك لە گوندێك تەقەیەك دەكرێت ئەوا گوندەكە تەخت دەكرێت. كاتێك ئەمەم بیست سەدامم بیركەوتەوە، كاتێك لە شوێنێك تەقەیەك دەكرا لە سەردەمی سەدام ئەو شوێنە دەڕوخێنرا.