لوقمان حەوێز
14 کاتژمێر پێش ئێستا
هەموو سەرچاوەكانی هەواڵ لە ناوچەكە و جیهان دوێنێ باسی ئەوەیان كرد كە دۆناڵد تڕامپ لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ محەمەد سەلمان شازادەی سعودیە ڕەزامەندی دەربڕیوە بە فرۆشتنی فڕۆكەی شەڕكەری F-35 بە سعودیە، بەڵام تەنیا لێرە لە ئەمەریكا باسی ئەوە كرا كە تڕەمپ ڕەزامەندیشی دەربڕیوە كە كۆمپانیای Nvidia ی ئەمەریكی باشترین GPU ی زیرەكی دەستكرد لە هەموو جۆرە پێشكەوتووەكان بدات بە هەردوو وڵاتی سعودیە و ئیماڕات.
لەوانەیە زۆربەتان ئاگادار نەبن بەڵام ئێستا هەردوو وڵاتی سعودیە و ئیماڕات هەر یەكەیان گەورەترین و پێشكەوتووترین داتا سێنتەری زیرەكی دەستكرد لەسەر ئاستی جیهان تایبەت بە خۆیان دروست دەكەن لە وڵاتەكانیان، بۆ زانین ئەمەریكا فرۆشتنی GPU ەكانی زیرەكی دەستكرد كە هی Nvidia یە لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان قەدەغەكردوە بۆ نمونە پێدانی ئەو پڕۆسێسەرانەی Nvidia ی لە وڵاتی چینی قەدەغە كردوە.
بۆیە بەو بڕیارەی دوێنێ ی تڕەمپ و بە تەواوبوونی هەردوو داتا سێنتەر لە سعودیە و ئیماڕات ئەو دوو وڵاتە هەردووكیان پێش وڵاتی چین و هەتا گەلێك لە وڵاتانی ئەوڕوپاش دەكەون لە بواری زیرەكی دەستكرد و دور نیە بەم زووانە ئەو دوو وڵاتە پلاتفۆرمی زیرەكی دەستكردی تایبەت بە خۆیان هەبێت.
هەموو پلاتفۆرمەكانی زیرەكی دەستكرد كە ئێستا كاردەكەن وەكو ChatGPT و Gemini و xAI و Perplexity و Claude و MetaAI و مایكڕۆسۆفت كۆپایلۆت بۆ ئەوەی كاربكەن پێویستیان بە داتا سێنتەری زەبەلاحە، هەندێكیان زیاتر لە یەك داتا سێنتەریان هەیە.
لە ئێستادا باشترین چیپی Nvidia بۆ بەكارهێنان و كارپێكردن و فێركردنی زیرەكی دەستكرد لەسەر ئاستی جیهان لە داتا سێنتەرەكانی زیرەكی دەستكرد بریتیە لە GPU ەكانی Nvidia, نوێترینیشی بریتیە لە جۆری Black.Well.Ultra، ئەم چیپە نوێیەی Nvidia حەوت جار و نیو باشتر و خێراترە لە كارپێكردنی زیرەكی دەستكرد لە GPU ەكانی H100 و H100، ئەمەریكا بە بڕیاری تڕەمپ قەدەغەی كردوە Nvidia هەتا ئەو دوو جۆرە چیپەش بدات بە وڵاتی چین.
بۆ زانیاریتان وڵاتی چین تا ئێستا توانیویەتی پلاتفۆرمی زیرەكی دەستكردی DeepSeek دروست بكات و بەڕێوەی ببات بە كۆمەڵێك GPU ی Nvidia ی كۆنتر كە پێشتر كڕیونی لە Nvidia لە جۆری H800 لەگەڵ چیپەكانی كۆمپانیای Huawei ی چینی لە جۆری Ascend.910C كە هەردووكیان توانایان زۆر كەمترە لە جۆرەكانی H100 و H200 كە Nvidia دروستی كردون.
بواری پیشەسازی Semiconductors واتە نیمچە گەیەنەرەكان ئێستا گەرمترین و هەرە گرنگترین بوارە لە جیهان، ئەمەریكا كۆنتڕۆڵی ئەو پیشەسازیەی كردوە لە ڕێگەی كۆمپانیاكانی Nvidia و AMD و Intel و Qualcomm و Broadcom و Apple.
نیمچە گەیەنەرەكان بەكاردەهێنرێن لە دروستكردنی هەموو جۆرەكانی پڕۆسێسەرەكان كە لە ئەمڕۆدا لە هەموو ئامێرێكی نوێ و پێشكەوتوو بەكاردەهێنرێت هەر لە مۆبایلەكانی دەستمان بۆ كۆمپیوتەرەكان و هەموو ئۆتۆمبیلەكان بە تایبەتی كارەباییەكان و هایبریدەكان و هەموو جۆری فڕۆكەكان و ئامێرە پزیشكیەكان تاوەكو هەموو ئامێرە ئەلیكترۆنیەكانی تر بە گەورە و بچوكیان هەموویان پڕۆسێسەریان تێدایە، دیزاینكردن و دروستكردنی ئەو پڕۆسێسەرانە لە ڕووی ئەندازیاری و لە ڕووی عەمەلیەوە كارێكی زۆر زۆر ورد و قورسە، ئەگەر بە مایكڕۆسكۆپ تەماشای هەر پڕۆسێسەرێك بكەین بۆ نمونە ئەوەی ناو ئایفۆنی 17Pro كە پڕۆسێسەرەكەی هێندەی نینۆكێكی پەنجەی دەستە لە جۆری A19 یە پتر لە 25 ملیار تڕانسیستۆری لەسەرە، قەبارەی هەر تڕانسیستۆرێكیش تەنیا 3 نانۆ مەترە، زۆر سەرسوڕهێنەوە مرۆڤ گەیشتوە بەو ئاستە لە پێشكەوتن چونكە سێ نانۆ مەتر دەكاتە سێ بەش لە ملیارێك بەش ئەگەر مەترێك بكەین بە یەك ملیار بەش، زۆر كارێكی ناوازەیە كە تڕانسیستۆر هێندە بچوك كراوەتەوە لەناو ئەو پڕۆسێسەرانە.
برادەرێكی ئەندازیارم هەیە لێرە هەندێك جار كە باسی ئەو بابەتە دەكەین پێم دەڵێت ئەو پێشكەوتنە لە كاری مرۆڤ ناچێت بەڵكو پێدەچێت لە ڕێگەی زیرەكیەكی دەرەكیەوە گەیشتبێت بە هەسارەی زەوی، مەبەستی ئەوەیە هی بونەوەرێكی زیرەكی دەرەكیە و بە جۆرێك یان خۆی یان ئەو زیرەكیەی خزاندۆتە ناو مرۆڤەكان و گواستویەتیەوە بۆ ئێرە، بێ گومان هیچ بەڵگەیەكمان نیە بۆ ئەو قسەیە بەڵام ئەو هەموو جارێك لێم دەپرسێت: چۆن ئەمە هەمووی بە كەمتر لە 70 ساڵ ڕوویدا؟ چۆن لە ئاستێك كاتێك یەك تیوبی گەورە كە چەندەها وات كارەبای دەویست تەنیا كاری یەك تڕانسیستۆری دەكرد لەناو ئامێرێكی تەلەگراف یان ڕادیۆیەك بەكاردەهێنرا لە چلەكانی سەدەی ڕابردو بەڵام لەو ماوەدا كە بەپێوەرە گەردوونیەكان ماوەیەكی زۆر كورتە گۆڕدرا بۆ پڕۆسێسەرێك كە هێندەی نینۆكی پەنجەیەكە بەڵام دەیەها ملیار تڕانسیتۆریشی لەسەرە؟ سەیرەكەش ئەوەیە ئەو ژمارە زۆر و خەیاڵیە لە تڕانسیتۆر بەیەكەوە بە كەمتر لە یەك چارێك وات كارەبا كاردەكەن لەناو ئەو پڕۆسێسەرە بچوكە.
بەڵام گەورەترین كێشەی ئەمەریكا لەبواری سێمی كۆندەكتەرەكان و دروستكردنی پڕۆسێسەرەكان ئەوەیە هەموو ئەو كۆمپانیا ئەمەریكیانەی كە كۆنتڕۆڵی ئەو پیشەسازیەیان كردوە جگە لە Intel خۆیان تەنیا كاری دیزاینی ئەو پڕۆسێسەرانە دەكەن بەڵام دروستكردنەكەی دەدەن بە كۆمپانیایەك كە بنكەكەی لە تایوانە ئەویش TSMC یە، بەڵام چەند ساڵیكە لە ژێر پاڵەپەستۆی حكومەتی ئەمەریكا كۆمپانیای TSMC ئێستا دوو كارگەی بەرهەمهێنانی لەناو ئەمەریكا هەیە و دروست كردوە، سێ كارگەی تریشی لەژێر دروست كردنە، حكومەتی ئەمەریكا بەتایبەتی ئیدارەی تڕەمپ زۆر پاڵەپەستۆ دەخاتە سەر هەموو كۆمپانیا ئەمەریكیەكان كە لە بواری پیشەسازی Semiconductors كاردەكەن بۆ ئەوەی هەموو پڕۆسێسەرەكانیان لەناو ئەمەریكا بەرهەم بهێنن نەوەك وڵاتانی تر بەتایبەتی لە تایوان دوربكەونەوە بەهۆی گرژی و ئاڵۆزیەكان لەگەڵ وڵاتی چین.