یوسف محەمەد
13 کاتژمێر پێش ئێستا
هێرشەكانی ئەم جارەی دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا بۆسەر گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب، مەترسیدارن. ئەم مەترسییە هەر بۆ كوردانی حەلەب نییە، بەڵكو بۆ كۆی ئەزمونی حوكمڕانیی رۆژاڤایە. چونكە ئەم هێرشانە هاوكاتە هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتی و ئەمریكییەكانی سەر سوریا پاش ئاسایی بونەوەی تەواوەتی حوكمڕانیی «جۆلانی»ی ئەمیری گروپێكی تیرۆرستیی پێشو و «ئەحمەد شەرع»ی سەرۆكی ئێستای سوریا و، لە هەمان كاتیش كردنەوەی دەرگای ئاسایی كردنەوەی پەیوەندیی نێوان ئەم دەسەڵاتە و ئیسـ.رائیل.
ئەوەی لە رۆژاڤا رودەدات، جگە لە رەهەندی هاوسۆزییە نەتەوەییەكەی، بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ كاریگەریی دەبێ لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی و نەتەوەیی هەرێمی كوردستان و، دۆخی كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان و، تەنانەت پێگەی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراق.
هەنگاوی كردەیی و كاریگەر و بونیاتنەر بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكان و یارمەتیدانی رۆژاڤا بۆ روبەڕوبونەوەی هێرشەكان و، بەردەوامیدان بە رێچكەی ئاشتییانە بۆ جێگیركردنی ئەزمونەكەی لەچوارچێوەی دەوڵەتی سوریا، پێویستی بە نەخشەڕێیەكی فرە ئاست و رەهەند هەیە.
یەكەم: لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان
1. گرنگە دەسەڵاتدارانی هەرێم لەڕێی ئەو پەیوەندییە دیبلۆماسییانەی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەكە و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا هەیانە، فشار بكەن بۆ هێنانەكایەی كۆدەنگییەكی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی هێرشەكان و، چارەسەری ئاشتییانەی كێشەكان لەڕێی دانوستانەوە.
2. جەخت كردنەوەی بەردەوام لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری ناناوەندی بۆ سەرجەم پێكهاتەكانی سوریا و، بەستنەوەی دۆزی كورد بە دۆزی دروز و عەلەوی و كریستیانەكانی سوریا.
3. ئەنجامدانی پەیوەندیی بەردەوامی رەسمی و ئاشكرا و فرەئاست لەگەڵ دەسەڵاتی رۆژاڤا بۆ نیشاندانی پشتیوانیی سیاسی و مرۆیی. هەمو ئەمانەش پاساودراو و شەرعی پشتئەستور ئەبن بە بڕیاری ژمارە (24)ی ساڵی 2014ی پەرلەمانی كوردستان.
4. كردنەوەی دەرگای وتووێژ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق و، تەنانەت ناردنی شاند بۆ دیمەشق بەمەبەستی گەیاندنی نیگەرانی لەو پەلامارانە و، فشار بۆ راگرتنی هێرشەكان و، نیشاندانی ئامادەیی بۆ هاوكاریی كردن لە دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی. ئەم هەڵوێستانەی هەرێم پاساودراون نەك تەنها بە دۆزی نەتەوەیی، بەڵكو بە هۆی كاریگەریی راستەوخۆی ئەو ئاڵۆزی و شەڕانە بۆسەر هەرێمی كوردستان چ لە روی ئەمنییەوە چ لە روی مرۆییەوە بەتایبەت ئاوارەبونی خەڵك ناوچەكە بۆ هەرێمی كوردستان.
5. كردنەوەی پردێكی هاوكاریی مرۆیی بەردەوام بۆ روبەڕوبونەوەی هەر پێشهاتێكی نەخوازراو.
6. لەسەر ئاستی گوتاری راگەیاندنیش، زۆر گرنگە كەناڵەكانی راگەیاندنی هەرێم، بە زمانە زیندوەكانی دنیا ستۆریی روداوەكان لەگۆشەنیگای هەرێمی كوردستانەوە بۆ رای گشتیی جیهانی بگوازنەوە.
7. لەسەر ئاستی جەماوەریش، جیا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، گرنگە بە خۆپیشاندانی مەدەنیی ئیدانەی ئەو پەلامار و هێرشانە بكرێت، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە خۆپیشاندانی گەورە لە هەولێر ئەنجام بدرێ بۆ گەیاندنی پەیام بۆ نێردە دیبلۆماسییەكان لە پایتەختی هەرێم.
دووەم: لەسەر ئاستی عێراق
1. هەرێمی كوردستان خاوەنی نوێنەرایەتییە لەسەر ئاستی هەر دو دەسەڵاتی جێبەجێ كردن و یاسادانانی فیدڕاڵ. لە ئێستادا دو پۆستی جێبەجێكاری گرنگ بەدەست نوێنەرانی هەرێمەوەیە كە ئەوانیش سەرۆككۆمار و وەزیری دەرەوەیە. گرنگە پەیامێكی رەسمیی عێراق لەڕێی یەكێك لەو دو پێگەیە سەبارەت نیگەرانی لە هێرشەكان دەرببڕدرێت.
2. فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران ئەتوانن فشار بكەن بۆ نواندنی هەڵوێست لە لایەن سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران. بە لانی كەم خۆیان هەڵوێستیان هەبێت و، بەهەمان شێوە جێگری دوەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران.
3. لە ئاستی كرداریش دەكرێ لەڕێی كەناڵی دیبلۆماسیی راستەوخۆی نێوان عێراق و سوریا، فشار بكرێت بۆ كۆتایی هێنان بە پەلامار و هێرشەكان و، سەرخستنی رێگای ئاشتی و دانوستان.
4. نوێنەرانی كوردستان لە ئاستی هەر دو دەسەڵاتی جێبەجێ كردن و یاسادانان و تەنانەت لە ئاستی دەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی عێراق پێویستە كار بكەن كە عێراق پرسی كەمایەتییەكانی سوریا بكاتە فایلێكی سەرەكی لە پەیوەندییەكانی دەرەوەی دا. ئامادەیی بۆ ئەمە لە ناوەندی دیكەی عێراقیش هەیە. عێراق زیاتر لە دەوڵەتانی دیكەی هاوسنوری سوریا بەڵگەی هەیە بۆ مەترسییەكانی لە سەرهەڵدانی هەر ئاڵۆزییەك لە سوریا. سەرهەڵدانی داعش و پەلاماردان و گرتنی نزیكەی سێیەكی خاكی عێراق هێشتا كۆن نەبوە. هەروەها ئۆردوگای هۆل و زیندانییانی داعش لای هێزەكانی سوریای دیموكرات، مەلەفێكی ئەمنیی مەترسیدارە بۆ عێراق. لەهەمان كاتدا بونی كورد لە عێراق و لەناو دەسەڵاتەكانی و، چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی كورد لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراق، پێگەی ئەم دەوڵەتە لە لەخۆگرتن (تبنی) كردنی فایلی پێكهاتەكانی سوریا بەهێزتر ئەكات و، پشتیوانیی نێودەوڵەتیش بۆ عێراق دەستەبەر ئەكات و، ئەیكاتە یەكێك لەو دەوڵەتانەی كورسییان هەیە لەسەر مێزی چارەسەری كێشەكانی سوریا.
5. عێراق ئەتوانێت هەندێك پاڵنەر (حوافز)ـی ئابوریش بۆ سەركەوتنی هەوڵەكانی لەو بارەیەوە بەكاربهێنێت، بەتایبەت بەگەڕخستنی هێڵی بۆریی نەوتی بانیاس و پەیوەندیی ئابوری لەگەڵ سوریا و بەستنەوەی سوریا بە (رێگای گەشە).
سێیەم: لەسەر ئاستی رەوەندی كوردستانی و دیاسپۆرا
1. ئەنجامدانی خۆپیشاندانی گەورە لە پایتەختەكانی وڵاتانی رۆژاوا بۆ هێنانەكایەی فشاری نێودەوڵەتی لەسەر دەسەڵاتدارانی سوریا بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتییەكانی رۆژاڤا و، حیزب و رێكخراوە كوردییەكانی پارچەكانی تری كوردستان.
2. ئەنجامدانی دیدار و كۆبونەوە و ناردنی پەیام لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و پەرلەمانی ئەو وڵاتانە لە لایەن حیزب و رێكخراو و كەسایەتییە كوردستانییەكان بۆ هەمان مەبەست.
3. هەر دو حیزبی حوكمڕانی هەرێم لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا پارەیەكی زۆر بۆ لوبی كردن سەرف ئەكەن، ئەتوانن بەشێك لە هەوڵەكانیان بۆ لۆبی كردن لە پێناو چارەسەری سیاسی و ئاشتیانە دادپەروەی دۆزی كورد لە رۆژاڤا بخەنەكار.
4. پەیوەندی گرتن لەگەڵ پێكهاتەكانی تری سوریا بەتایبەت كریستیان و دروز و عەلەوییەكان بۆ هەمانگی و كاری هابەش.
ئەم نەخشەرێگایە دەقێكی سەرەتاییە كە دەكرێ دەوڵەمەندتر بكرێت بۆ هەنگاوی كرداریی فرە ئاست و رەهەندی كاریگەر بۆ پشتیوانیی رۆژاڤا.
دەربڕینی ناڕەزایی و دژوەستانەوە چاكە. بەڵام لەوە گرنگتر بونی دیدگای رونە بۆ چۆنییەتی كاریگەریی روداوەكان لەسەرمان و، ئەو مەترسی و دەرفەتانەی لەگەڵ خۆیان دەیهێنن و، چۆنییەتیی روبەرونەوەی مەترسییەكان و سودوەرگرتن لە دەرفەتەكان. ئەمە وا دەكات پارێزگاری لە هەرێمی كوردستان بكرێت و، پشتیوانی لە رۆژاڤاش بكرێت و، مەترسییەكان بگۆڕدرێن بۆ دەرفەت.