میللەتێك بە پێوە وەستاوە

نەبەز گۆران


5 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمە هوشیارییەكی كەڵەكەبووی كوردە، هوشیارییەكە لە چركەساتێكدا خۆی دەردەخات، ئەو چركەساتەی ئیدی هەست دەكات مەترسی سڕینەوەی لەسەرە. بەرگریكردن لە ڕۆژئاوای كوردستان لەم قۆناغەدا، بەرگریكردنە لە شوناس و بوونی كورد، بەرگریكردنە لە ماڵێكی تری كورد. ئەو ماڵەی پێویستە دروستبكرێت و كورد لەژێر سێبەریدا گەشە بە شوناس و بوون و كولتوورەكەی بدات. هەستكردن بە ترس لەسەر ڕۆژئاوا هوشیارییەكی گشتییە دەگۆڕێت بۆ بەرگریكردن لە بوونی كورد. 

كاتێك دەبینن میللەتێك دێتە دەرەوە و بە پێوە دەوەستێت و دروشمی پێكەوەبوون، یەك ماڵی، بەرزدەكاتەوە، ئەم هاتنە دەرەوەیە و بە پێوە وەستانە، دەبێتە خوانێك سەرلەنوێ‌ كورد كۆدەكاتەوە. دەزانێت هەڕەشە لەسەر سڕینەوەی ڕۆژئاوا لە هەمانكاتدا هەڕەشەیە لەسەر سڕینەوەی كورد و ماڵێكی كوردی. ئەمڕۆ هەموو نیگاكان لەسەر ڕۆژئاوای كوردستانن، ئەم نیگایە ناهوشیارنییە، نیگایەكی هوشیارانەیە، چونكە دەزانێت لەوێ‌ خەریكە كورد ماڵێكی تری وەك باشوور دروست دەكات، بەرگریكردن لەو ماڵە دینەمۆیە بۆ بەرگریكردن بۆ داهاتووی كورد و پارچەكانی تر.

هیچ گومانمان نییە، دوای تێپەڕینی ڕۆژئاوای كوردستان لە مەترسییەكان و وەستان لەسەر پێی خۆیان، ئیدی نیگاكە دەگۆڕێت بۆ ڕۆژهەڵات. ئەشێت دیدگایەك هەبێت بۆچی لەم چركەساتەدا هەمووان ڕوو لە ڕۆژئاوان، وەڵامەكەی قورس نییە، چونكە كەوتنی ڕۆژئاوا خەونی ڕزگاركردنی پارچەكانی تری كوردستان دوادەخات. ئەمما ڕۆژئاوا توانی بەهەر جۆرە ڕێككەوتنێك پارچەیەكی تر بكات بە سەرزەمینی ئازاد بۆ كورد، نیگاكان دەگۆڕێن بۆ ڕۆژهەڵات. پێدەچێت دۆخی سیستەمی ئاخوندی ئێرانی مانگ بە مانگ بەرەو خراپی بچێت، ئەم دۆخە وای لێكردون هەزاران كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە گناوەوە و دیلەم و بەهبەهان و بەختیاری و شوش و ئیلام و كرماشانەوە بیگرە، تا نەغەدە و بۆكان و مهاباد و سنە و ئورمییە و سەڵماس و خۆیی و باكۆ، بكوژن. ڕەشە كوژییەكی گەورەیان وەك نەریتی هەمیشەیان دەست پێكردوە. چركەساتی كەوتنی عەمامەكەش دێت، ئەو چركەساتە ئیدی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەو شوێنەیە نیگای هەموو كوردێك لەسەرییەتی.

ئەم میللەتە لە خۆڕا بە پێوە نەوەستاوە، هوشیارە بەوەی پیشاندانی هێز و وزەكەی خۆی، دینەمۆیە بۆ شێواندنی ئەو نەخشانەی داگیركەر دەیەوێت تەحقیقیان بكات. ڕەنگە دوای ڕاپەڕینی باشووری كوردستان لە دژی بەعسی عەرەبی، هیچكات وەك ئێستا كوردبوون بەوجۆرە خۆی دەرنەخستبێت، كە ئێستا دەریدەخات. هەموو ئەو میدیایانەی داگیركەر و نۆكەرەكانی نەیانتوانی بۆ ساتێكیش بە پێوە ڕاوەستانەكەی ئەم میللەتە ڕاگرن، یان خاوی بكەنەوە. ئەمەش هوشیارییەكی دەستەجەمعییە لەسەر پێكەوەبوون، بۆیە هیچ میدیایەكی داگیركەر و نۆكەر كاری تێنەكرد و بەردەوام بوو لە ناساندنی خۆی.

هەموو گەلێك حیكایەتی گەورەی هەیە، چیرۆكی هەیە. گەر جەژنی نەورۆز وەك حیكایەتێكی مەزن و چیرۆكێكی گەورە خوانێك بێت بۆ كۆكردنەوەی كورد و، ناساندنی خۆی بە ئەویتری دەرەوەی خۆی. ئەم قۆناغەی بەرگریكردن لە ڕۆژئاوا بوو بە چیرۆكێك بۆ كۆكردنەوەی كورد. بە هیواین لە داهاتوودا ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە ئومێدی ئەوەی لەسەرە سێهەم پارچەی كوردستانبێت ڕزگاری خۆی بەدەست بهێنێت، ببێتە چیرۆكێكی مەزن جارێكی تر پێكەوە كۆمان بكاتەوە. 

لەم قۆناغەدا كە دەبینین داگیركەران بەرگری لەیەكتری دەكەن، بۆئەوەی سیستەمەكانیان نەڕوخێك، بەرگریكردنەكەیان بۆئەوە نییە هاوپەیمانن، یان پەیوەندییەكی قوڵیان هەیە، بۆئەوەیە دەزانن سیستەمی یەكێكیان ڕوخا، كە كوردی بەسەردا دابەشكراوە، سەرەی ئەویتریان دێت، بەرگریكردنەكەیان لەیەك لەو دیمەنەوە دێت، بۆیە بە كەوتنی عەمامەكەی ئاخوند، چیرۆكی كورد مەزنتر دەبێت و دوژمنە توركەكە تەنگی پێهەڵدەچنرێت، دەزانێت عەمامەكە كەوت ئەویش بەهەمان دۆخدا گوزەر دەكات. داگیركەران چۆن بە پڕۆژە و هاوكاری یەكتری دژی كورد دەوەستنەوە، لە ئێستادا كوردیش بەچەندین جۆر وەڵامیان دەداتەوە، لە هەمان كاتدا كورد دەیەوێت داوی ڕزگاركردنی ڕۆژئاوای كوردستان لە سڕینەوە و نەمان، چاوەڕوانی ڕۆژهەڵات بێـت، تاكو ببێتە چیرۆكێكی نوێ.