سەردار عەزیز
6 کاتژمێر پێش ئێستا
راچڵەكین-
جێفری ئیپستین سەر بە دەزگای سیخوڕی ئیسرائیلە. لە دونیای سیخوڕیدا سێ جۆر لە زانیاری هەیە، دەربارەی هەر كەسێك. زانیاری گشتی كە گرنگ نیە. زانیاری تایبەت كە بە سودە. زانیاری نهێنی كە زۆر گرنگە و تایبەتە بە كەسەكان. ئەم زانیارییە نهێنییانە بەكاردێت بۆ فشاركردن لە سەر كەسەكان.
جێفری ئیپستین وەك گەوادێكی مناڵباز، توانای ئەوەی هەبوە كە زۆرێك لە دەسەڵاتدارانی دونیا، لە بازنەكەیدا كۆبكاتەوە و بە سودی ئیسرائیل بەكاریان بهێنێت. تەنانەت ڕاوێژ بۆ بەرپرسانی ئیسرائیل دەكات كە چۆن و لە گەڵ كێدا پەیوەندی دروست بكەن، وەك لە ڤیدیوی لە گەڵ ئیهود باراكدا، دەبارەی دروست كردنی پەیوەندی لە گەڵ پیتەر تەیل. تەیل كەسێكی هۆمۆسێكچواڵی فاشیستە كە لە پشت دروستبونی جەی دی ڤانسەوەیە، كە جێگری ترەمپە.
خوێندنەوەیەكی تری ئیپستین خوێندنەوەی سەرمایەداریانەیە. بەو مانایە خەڵكانێك كە زێدە دەوڵەمەندن، وەها دەبینن كە دەتوانن غەریزە ئاژەڵیەكانیان مومارەسە بكەن بەبێ ئەوەی هیچ لێپرسینەوەیەك هەبێت. بەڵام تەنها توێژی دەوڵەمەند نین.
خوێندنەوەیەكی تر توێژی دەسەڵاتدرانن، كە بە هەمانشێوە لە سەروی زۆرینەوە خۆیان دەبینن و خەریزە ئاژەڵیەكانیان مومارەسە دەكەن بەبێ سڵكردنەوە لە لێپرسینەوە.
وەك دەبینین ئەمە تایبەت نیە بە كەلتورێك یان بەشێك لە دونیا. ئیماراتیەكان ئەوەندە ئیپستینیان خۆش ویستوە كسوەی كەعبەیان بە دیاری بۆ ناردەوە.
لە ڕاستیدا ئەمە دەبێت ببێتە مایەی ناڕەزایی زۆر لای هەموو موسوڵمانان وەك سوكایەتیەك بە پیرۆزترین جێگای ئیسلام.
ئیپستین پێمان دەڵێت كە دەبێت هەموو مرۆڤێك لە ژێر چاودێریدا بێت. هیچ كەسێك ڕێگە نەدرێت كە لە سەروی یاسا و ڕێسا كۆمەڵایەتیەكانەوە بێت.
لە هەمانكاتدا پێمان دەڵێت كە دەبێت غەریزەی سێكسی بە ئارەزوی نەخۆشی پیاو نەبێت، وەك لە یاسای هاوسەرگیری جەعفەری عێراقیدا دەیبینین كە ڕێگەی بە مناڵی نۆ ساڵان دەدات بۆ هاوسەرگیریی.
بۆ ئەوەی مرۆڤانە تێبگەین دەبێت وەك تراژیدیایەكی مرۆڤایەتی سەیری بكەین، تەنها ڕۆژئاوا نیە، بەڵكو وڵاتانی كەنداو و توركیا و ڕوسیا بە چڕی بەشێكن لە فایلەكان.
ئەوەی مایەی خەمبارەییە ئەم نوخبە دڕندەیە ئەمڕۆ بڕیاردەرە لە سەر چارەنوسی كورد لە شوێنێكی وەك سوریا.