نەبەز گۆران
7 کاتژمێر پێش ئێستا
"بۆ نمونە: لە شارێكی وەك سلێمانیدا زۆربەی خانووە كۆنەكان ئەوانەی لە سەرەتاكانی سەدەی بیست و نیوەی یەكەمی ئەو سەدەیە دروستكراون، حەوشەكەیان پتر لە ناوەڕاستدایە. زۆربەیان لە دوو دەستە دروستبوون، دەستەی پێشەوە و دەستەی دواوە."(1) ئەم دوو دەستە خانووە، یان خانووەكە دەكەوێتە پێش باخچەكە، یان باخچەكە دەكەوێتە پێش خانووەكە. لە هەردوو دیودا، پەیوەندییەكی پتەو لە نێوان ماڵ و سروشتدا دروست دەكرێتەوە. حەوشە بە دیدی من، گەڕانەوە و هێنانەوەی سروشتە بۆ ناو شار، چونكە شار جۆرێك دابڕان لەگەڵ سروشتدا دروست دەكات، مرۆڤە كوردەكە هیچكات بەنیازی دەستبەردان نییە لەو سروشتە، ئەگەر نەتوانێت تێیدا بمێنێتەوە، هەوڵدەدات سروشتەكە لەگەڵ خۆی بگەڕێنێت.
حەسرەتی بەشێكی مرۆڤی ئێستای شار، بۆ حەوشە، حەسرەتێكی كوردانەیە بۆ سروشت. ئەشێت ئەو شرۆڤەیەش هەبێت، حەوشە دروستكردنی ڕووبەرێكی ئازادە بۆ ماڵ و خێزان، تاكو بتوانن تێیدا دانیشن، بەڵام ئەو دیدە ئازادییە بۆ كورد، جیاوازە لەو دیدەی چەمكی ئازادی هەڵیدەگرێت. چونكە ئازادی لە پانتایی حەوشەدا، واتە دیسانەوە دانیشتن لەناو سروشدا، بۆ كورد ئەم دانیشتنە لەناو سروشتدا هەڵگری مانای ئازادییە. ئەگەر بە نیگایەكی دیكەوە تەماشای بكەین، حەوشە دروستكردنی مەودایەكە لە نێوان ماڵ و كۆڵاندا، بە تێگەیشتنە دێرینەكەی میزۆپۆتامیا ئەم نیگایە دروستە، لێ بۆ كورد پێچەوانەیە، دەیەوێت لە نێوان ماڵ و كۆڵاندا پانتاییەكی سروشتی دروست بكات، تا لە ڕێگەیەوە ئەو پەیامە بدات، ئەگەر كۆڵان هەڵگری دیدی شاریی بێت، ئەوا حەوشە لە نێوان ماڵ و كۆڵاندا، هەڵگری ئەو دیدەیە، ئایدیای سروشت پەروەری گوندە دەتوانێت لەو نێوانەدا جێگەی خۆی بكاتەوە.
ماڵە حەوشە گەورەكان، بۆ نمونە: گەڕەكی ئارەبانی هەولێر، نیشانەن بۆ خانەدانی. حەوشەكەی فراوان، خانووێك لە ناوەڕاستی حەوشەكەدایە، هەر چواردەوری بە سەوزایی باخ و درەخت خانووەكەی گەمارۆ داوە. سیمای خانووەكان لە دەرەوە سەرنج ڕاكێش نییە. چەند پایەك، یان پەنجەرەیەك دیارن، لەوە دەچێت مرۆڤێك بێت جامانەیەكی بەسەرەوە بێت. ئەمما ناوەوەی خانووەكان هونەری نەخش و نیگار و جیاكردنەوەی ژوورەكان و ناندە، بە تەواوەتی كاری لەسەر كراوە. زۆربەی خانووەكانی ئەم گەڕەكە، بە بەرد دروستكراون، بە دەگمەن خشتی سووری قوڕ بەكار هاتووە. دانیشتنی ئێواران لە حەوشە فراوانەكە نەریتێكی خانەدانانە بە خاوەن ماڵەكان دەبەخشێت. كۆڵان بێدەنگ، پرتەقاڵ و لالەنگییەكان، لێناكرێنەوە، ئاماژەن بۆ تێربوونی مرۆڤی ئەم كۆڵانانە، ڕەنگی میوەكان بە ڕێبوارەكان دەڵێن: ئێمە جیاین لە كۆڵانە هەژارەكان، لێنەكردنەوەیان منداڵە هەژارەكان ئاگادار دەكاتەوە، لەناو دیدگای خانەدانیدا، پیشاندانی درەختێكی پرتەقاڵی حەوشە بە بەرەكەیەوە، خۆجیاكردنەوەی ژیانیەتی لە كۆڵانەكانی دیكە و هێمای تێربوونە.
بەم هەموو خۆنوێنییەوە، هێشتا حەوشە مەودای ئازادیی و پچڕان نییە لەگەڵ دونیای دەرەوە، حەوشەی دەوری ماڵەكان، بردنی ماڵە بۆناو سروشتەكە، ئەگەر چی كەرەستەی دانیشتنەكانی حەوشە نوێبن، بەڵام ئاسوودەییە ڕۆحییەكەی هەمان ئەو ئاسودەییە ڕۆحییەیە كارەكتەرێكی گوندی لەگەڵ تێكەڵبوون بە سروشت وەری دەگرێت. فۆڕمێكی دیكەمان هەیە، حەوشەی پێشەوە، خانوو ناوەڕاست، حەوشەی بچوكی دواوە، ئەم فۆڕمە تەواو دێرینە، پەیوەندییەكی قوڵی بە هێماسازیی كۆنەوە هەیە لە میزۆپۆتامیا.
شرۆڤەیەك هەیە بەم جۆرە ئەم فۆڕمەی بیناسازیی هەڵدەسەنگێنێت، كە دیدێكی ئایینیانەی ڕابردووە. ماڵ لە ناوەڕاستدا منداڵدانی دایكە، مرۆڤ لەناویدا ئاسودە و ئارامە، شوێنێكە حەوانەوە و دڵنیایی تێدایە، بەشی پێشەوەی حەوشە، پانتایی ژیانە، مرۆڤ لەناو ئەو پانتاییەدا پەیوەندیی بە دونیای دەرەوە دەبەستێت، بەشی پشتەوەی حەوشە، چونكە بچوك و تەسكە، دوا وێستگەی ژیانە، هێمایەكە بۆ گۆڕێك، مرۆڤ لە نێوان منداڵدانی دایكی و پانتایی ژیانیدا دەبێت دواجار بۆی بچێت.
خوێندنەوەیەكی دیكە هەیە، حەوشەی پێشەوە گرێدەدات بە چوونە ناو ژیان و تێكەڵبوون بەو دونیایەی مرۆڤ تێیدا دەژی، ماڵ لەویادا ئەركی شوێنێكی پێدەدرێت لەو پانتاییەی دونیادا كە ماندوو دەبین، وێستگەی پشودان لە ماڵدایە، حەوشەی پشتەوە، دوا وێستگەیە و ئیدی پشووی هەمیشەیی لە حەوشەی دواوەدایە. ئەم فۆڕمەی ماڵ لە خانووبەرەی كۆڵان و شوێنە دێرینەكانی كورددا زۆر بەدیدەكرێت.
فۆڕمێكی دیكەمان هەیە، لە گۆرانیی كوردیدا ستایشدەكرێت: "ماڵە گەورە". ماڵە گەورە ئاماژە نییە بۆ شوێنێك خاوەنەكەی خانەدان بێت، ئاماژەیە بۆ شوێنێك چەندین ماڵی تێدا كۆكراونەتەوە. ماڵە گەورەكانی، سنە، كفری، كۆیە، هەولێر و سلێمانی. ئەو ماڵانەن دوو نهۆمن، حەوشەیەكی مەزنیان نییە، لەناو حەوشەكە، یان كارێز هەیە، یان حەوزێكی شین. چەند خێزانێك پێكەوە لەم ماڵە گەورەیەدا دەژین. هەندێكیان تەنها یەكی ژوورێكیان بەردەكەوێت، هەندێكی تریان زیاتر، یەك ناندە یان دوو ناندەیان هەیە. یەك شوێنی خۆشۆردن و یەك شوێنی ئەدەبخانە. هیچ گرێ و گومانێك لە نێوان خێزانەكاندا بەرامبەر یەكتری نییە.
ئاسودە و بێكێشە لەگەڵ یەكتردا دەژین و، هاوینانیش حەوشەكە دابەش دەكەن بەسەر چەند سفرەیەكدا و پێكەوە نان دەخۆن و چێشت بەشی یەكتر دەدەن. هەر ئەندامێكی خێزان ئاگاداری ئەندامەكانی خێزانەكەی دیكەیە. تێكەڵەیەكی سەرنج ڕاكێش لەم فۆڕمەی ماڵە گەورەكاندا هەیە.
ئاستی پەیوەندییەكان هێندە سادە و پاكە، بچوكترین گرێ دروست ناكات.(ئەم مۆدێلەی ماڵە گەورە لەم سەردەمەدا نەماوە و كۆتایی هاتووە.) ماڵە گەورە پێكهاتەی بیناسازییەكەی لەناو كولتووری میزۆپۆتامیادایە. ئەگەر تەماشایەكی بەشێك لە خانووە كۆنەكانی گەڕەكە دێرینەكانی شاری سنە بكەین، ئەو سیمایە دەبینین، هەڵبەتە سیمای خانووە كۆنەكانی سنە، پڕ لە هونەر و جوانییە. شێوازی پەنجەرە و دەرەوە كۆڵەكەكان و حەوشە و ناوەوە، بەبێ هونەرێكی بەرز تێنەپەڕیوە. هێشتا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، سیستەمی چیمەنتۆ، ئاسن، شوشە، نەیتوانیوە تەنگ بە سیستەمە دێرینەكە هەڵبچنێت. چاودێرێك بەسەر خانووبەرەوە هەیە، نایەوێت لەو بەرگە كۆنە دایبماڵێت و بیكاتە بەرگێكی شێواو، لە بەشێكی باكوور لە شارەكانی ماردین و ناوچە كوردییەكان، ئەو بەرگریكردنە ماوە. بەڵام باشوور، هیچ نەخشە و پلانێكی نییە، بە شێوازێكی ناستاتیكی، بێ بەرنامەیی، كۆڵان و گەڕەكەكانی دادەڕێژێت و هەر شوێنێكی نوێش دروست دەكرێت، بە پێی سەلیقەی كۆمپانیاكان دروستدەكرێت و پەیوەندیی بە سیستەمی بیناسازیی دێرینەوە، یان سیستەمی ڕێكداڕشتنەوەی خانووبەرەوە نییە، ئەو ناكۆكی و دژبەیەكییەی ناو گوتارەكە بە بیناسازییەكەیەوە ڕەنگ دەداتەوە.
"گەر خانووبەرەی لادێ لەسەر خۆپاراستن لە سروشت خولقابێت، خانووبەرەی شار لەسەر خۆجیاكردنەوە دروست بووە."(2) ئەم بیرۆكەیە بۆ خانووبەرەی نوێ، واتە لە سەرەتای نەوەدەكان تا هاتنی سیتییەكان زۆر دروستە. خۆجیاكردنەوەكە لە سروشت، پەیوەندی بە خاوەن خانووەكەوە نییە، پەیوەندی بەو تێگەیشتەوەیە سیستەم بۆ دروستكردنی شار دەیگرێتە بەر. سیستەمی شارەكانی باشوور قۆناغێكی زۆر كەوتوونەتە ژێر هەژموونی عەرەبییەوە. شاری عەرەبییش، شارێكی دابڕاوە لە سروشت، شارێكە ڕەش و سپی، كەمترین پانتایی سروشتی تێدایە. سروشتی بوون، بەو واتایەی، ژنیگەی سەوز و پەیوەندی مرۆڤ بە سەوزاییەوە. دەبینین ئەو گەڕەكانەی سەردەمی _بەعس_ دروستكراوە، خانووەكان لە سەنگەری سەربازیی دەچن، پتەو و كۆنكرێتی، بچوك و دیاریكراو. كەمترین سەوزاییان تێدایە.
لەسەر شێوەی قاڵبێكی بێ ڕۆح و ستاتیكا بونیاد نراون، گەر حەوشەیەكی بچوكیان بۆ دروستكرابێت، حەوشەیەكە كۆنكرێت كراوە، كاتێك دەچیتە ناویانەوە، هیچ پەیوەندییەكت بە دونیای دەرەوە نامێنێت، هەستدەكەی لەناو سەنگەرێكی پتەودایت. ئەم ڕوانگە عەرەبییە، وردە وردە دەگشتێنرێت و خاوەن خانوو مەحكوم دەكات لەناو ئەو پەیوەندییە پچڕاوەدا بمێنێتەوە. پاش نەوەدەكان و هاتنی دەسەڵاتی كورد بۆ باشوور، دەسەڵاتەكە ئاگایی لە سیستەمی خانووبەرە نییە، نازانێت بە چ پلانێك مامەڵە لەگەڵ شاردا بكات، تەنانەت شێوازی دابەشكردنی زەویوزار زۆر عوسمانیانە پەیڕەو دەكات. جۆرێك لە خانوو دروست دەبێت، بە شكڵێكی گەورە و قەبە، كاشی و بەردی بریسكەدار تێیدا بەكار دێت، كە ئەو كەرەستانە پەیوەندیی بە سیمای دەرەوەی خانووبەرەوە نییە، هی ناو بەشی ناوەوەن. بێ نەخشەیی ئارەزووی ناستاتیكی خاوەن خانووەكان وا لێدەكات چەندین فۆڕمی كۆمیدی لێ بەرهەم بێت. بەڵام مرۆڤەكە دیسانەوە دەیەوێت خۆی ببەستێتەوە بە سروشتەوە. دروستكردنی پاركەكان، خەیاڵێكی سروشتییە سیستەم ناچار دەبێت بیگوازێتەوە بۆناو شارەكان و پانتاییەكی سروشتی دروست بكات. ئەو چەمكانەی وەك، ژینگەپارێزی و ئاژەڵپارێزی و شاخەوانی، هەمووی چەمك گەلێكی نوێن، مرۆڤی كورد بەكاریان دەهێنێت بگەڕێتەوە بۆ ناو سروشت و ڕۆحە گوندییەكەی پێ گەش بكاتەوە.
تەماشایەكی بەردەم باڵكۆن، پەنجەرەی ماڵە نوێیەكان بكەین، فنجانی گوڵ، ناشتنی ڕووەكی ناو فنجان، بردنی گوڵ و ڕووەك بۆ ناو ماڵ، پەیوەندیی بە جوانیبەوە نییە، پەیوەندی بە هێنانەوە سروشتە. ئەم مرۆڤە لەناو گوتاری مانەوەدا بە جەندین جۆر ئیشدەكات بۆ ئەوەی هەمیشە لەناویدا بمێنێتەوە و نەیەتە دەرەوە. ئەگەر هونەرێك لە ماڵدا هەبایە، نمونە: هونەری نیگار، هونەری زەخرەفە و دەست ڕەنگینی، بە تایبەت لە ماڵە خانەدانەكاندا بەدیدەكرا. هونەری ناوماڵی كوردی، گشتییە، تایبەت نییە، جیاوازە لەو هونەرە تایبەتییەی بۆ نمونە: ماڵە خانەدانەكانی خۆرئاوا بەرهەمی دەهێنن. هونەرە گشتییەكە دەكرێت لە هەموو شوێنێكدا ببینی. بەڵام لە شاردا شوێنێكی گرنگ دروست دەبێت، بەناوی: ژووری تاكە كەسی. ئەم شوێنە لە خانووبەرەی گونددا نییە، پێكەوەیی بنەمای خانووبەرەی گوندە. ژووری تاكە كەسی و جیاكردنەوەی ئەندامانی خێزان لە یەكتری، دروستكردنی فەزایەكە بۆ ئازادی، بۆ تایبەتمەندكردنی ئەندامانی ناو خانووێك. ئەم مۆدێلە، تەنها سەر بە شاری نوێ نییە، لە شارە دێرینەكاندا، لەناو ماڵی بازرگان و خانەدان و میرەكاندا پەیڕەو كراوە. بەڵام لە سەردەمی نوێدا، گشتێنراوە و كوڕ و كچ و دایك و باوك، جیا دەكرێنەوە و هەركەسە و ژووری خۆی هەیە، تاكو بتوانێت لەو پانتاییە بچوكەدا ئازادیی خۆی وەربگرێت.
جیاكردنەوەی ژوور، بێگومان جۆرێك لە متمانە بە كەسایەتی كەسی جیاكراوە دەدات. ئەشێت لە دیوە كۆمەڵایەتییەكەدا كەمێك درز دروست بكات، بەڵام لە جەوهەریدا هەڵگری متمانە بە خۆكردن لای كەسی جیاكراوە دروست دەبێت و، ئایدیای كەسایەتی ئازاد، لەناو ڕووبەرێكی دیاریكراودا دەگوازرێتەوە بۆ ئایدیای كەسایەتی ئازاد، بۆ ڕووبەری گەورەتر. بەشێك لە ترسی گوتاری مانەوە لەگەڵ نوێبوونەوەی شاردا، پەیوەندی بەم پانتاییەوە هەیە، كە پێی وایە: ئەم پانتاییە مەودای ئازادییەكە بۆ كوڕ، كچ، هێندە فراوان دەكات، لە سنووری گوتارەكە بچنە دەرەوە و پەیوەندییەكیان بەو بەها كولتووریانەوە نەمێنێت لەناو خێزاندا بەرهەمدێن.
_ بەشێكی كورت، لە كتێبی/ ڕیشە مێژووییەكانی گوتاری مانەوە