نەبەز گۆران
2 کاتژمێر پێش ئێستا
زۆر پرس هەیە لەناو مێژوودا، بەرهەمی ئەو مرۆڤانەیە خوێندەواریان نەبووە، بەڵام هەمیشە مرۆڤە نەخوێندەوارەكان لەژێر هێرشی خوێندەوارەكاندا، پەراوێزخراون و بیركردنەوەكانیان، داهێنانەكانیان، بیرۆكەكانیان نادیدەگیراوە. وەك بڵێیت: ژیار و شارستانییەت و كولتوور، هەمووی بەرهەمی خوێندەواران بێت! ئێمە دەتوانین هەزاران داهێنان لەناو قوڵایی مێژوودا دەستنیشان بكەین، كە بەرهەمی ئەو مرۆڤانە بووە نەخوێندەواربوون. زۆر بە ڕوونی قۆناغی گوندنیشنی وەربگرین، كە مێژووەكەی بۆ چل هەزار ساڵ دیاری كراوە و سەردەمی خوداوەندە دایكە، لەم سەردەمەدا خوێندەواری نەبوو، بەڵام زۆرێك لە داهێنانەكان ئەوكاتە بنەوانیان داڕێژرا نەخوێندەوارەكان خاوەنی بوون.
دروستكردنی ماڵ. دروستكردنی خێزان. چنین، دروستكردنی كەرەستەی ناوماڵ. جلوبەرگ. ماڵیكردنی چواردە جۆر ئاژەڵ، كە دوای ئەو قۆناغە مرۆڤ نەیتوانیوە یەك ئاژەڵی تر ماڵی بكات. چاندن و كشتوكاڵ، دروستكرنی خۆراك بە ئاگر. دروستكردنی كەرەستەی ڕاو بۆ شاخ و بۆ ڕووبار، دروستكردنی ئابووری گوند و بازرگانی ئاڵوگۆڕی كەرەستە، دروستكردنی پەرستگا و گەڕان بەدوای خوداوەندەكان، دروستكردنی خێڵ و پاشان هۆز. دروستكردنی گوند، پاشان بیرۆكەی شار هەر بەرهەمی گوندە. ناونان لە شتەكان و شوناس پێدانیان، بەرهەمهێنانی زمانی: گفتوگۆ و تێگەیشتن. ئایدیای ئاسمانی و زەوی، ئایدیای پیرۆزی، ئایدیای پێكەوە بوون، ئایدیای...دەیان داهێنانی تر كە ئەمڕۆ ئێمە لەسەریان دەژین، بەرهەمی ئەو قۆناغەن خوێندەواری نەك هەر نەبوو، بەڵكو هێشتا نەبووبوو بە بیرۆكە تا بیری لێبكرێتەوە.
كاتێكیش شار دروست دەبێت. بەناو قۆناغێك لە نەخوێندەواریدا تێدەپەڕێت، تا ئەو سەردەمەی ئیدی پیت دەدۆزرێتەوە و پیتەكان، دەبنە هێمای دەنگە زمانییەكان و خوێندەواری دروست دەبێت. پێش پیتی سۆمەری، ئێمە ناتوانین قسە لەبارەی خوێندەوارییەوە بكەین، چونكە پیتەكان، وشەكان، شوناسی خوێندەواری و نەخوێندەواری دیاری دەكەن و لێكیان جیادەكەنەوە. دۆزینەوەی یەكەم پیت، شەقكردنی مێژووە بە دوو لادا، پێش خۆی و دوای خۆی. بەڵام بەر لەو سەردەمە زۆرێك لە داهێنانەكان ڕوویانداوە. كاتێك خوێندەواری دروست دەبێت، خاوەنداریەتی بۆ داهێنانیش دروست دەبێت. ئێمە پێش دروستبوونی خوێندەواری خاوەنداریەتی داهێنانمان نییە، ئەو قۆناغە ئیدی پرسی خوێندەواری لە دایك دەبێت، واتە خاوەنداریەتی بیرۆكەكان، نووسینەكان، داهێنانەكان تا ئاستێك جێگردەبێت.
هەموو ئەو داهێنانەی دوای ئەو قۆناغە بەناوی كەسەكانەوە دێت، هێمایە بۆ ئەو خاوەنداریەتییەی ئیتر خوێندەواری نوێنەرایەتی داهێنانیش دەكات و وەك موڵك تەماشای دەكات. بەڵام كۆی ئەو داهێنانەی لە نەخوێندەوارییەوە لەدایك بوون، دەخرێنە ناو گۆشەی نەبینراوەوە. دەبینین لە لاوژەی گەلگامێشدا خوداوەندە_ ئینانا_ خاوەنی سەدوچوار داهێنانە و لێی دزراوە! پیاو دەیەوێت داهێنانە دێرینەكانیش بدزێت، ئەم دزینەی بەرهەمی سەردەمی خوێندەوارییە. كاتێك خوێندەواری دروست دەبێت، ئیتر مێژووی ئەویتری پێش خۆی، داهێنانەكانی و بیرۆكەكانی پەراوێز دەخات، دەیەوێت خۆی خاوەندارییەتیان بكات. هاوارەكەی _ئینانا_ بۆ گەڕانەوەی داهێنانەكانی، هاواری خوداوەندێكە لەسەردەمی نەخوێندەواریدا داهێنانی كردووە و لەسەردەمی خوێندەواریدا لێی درزاوە. لەم ململانێیەدا تێدەگەین، هێرشی ئایدۆلۆژی خوێندەواری بۆ سەر نەخوێندەواری بەوەوە ناوەستێت پەراوێزی بخات، بەڵكو داهێنانەكانیشی دەدزێت و خۆی خاوەندارییەتیان دەكات.
با زۆر لەسەر قوڵایی مێژوو و داهێنانەكانی مرۆڤە نەخوێندەوارەكان نەوەستین. لێرەدا قسە لەسەر دوو پرس بكەین، كە هەردووكیان سەر بە جیهانی نەخوێندەوارین. كەلەپور، پرسێكی دێرینە. وردەكاری تێدایە. هەرچییەك بە دەست دروست بكرێت دەچێتە ناو چوارچێوەی كەلەپورەوە. نمونە: هەوری، جامانە، یاریی منداڵان، جلوبەرگ، پێڵاو، سوزگە، تەڕیانە، قاپ، سندوقچە، خشڵی جوانكاری، كڵاوی ژن و كڵاوی پیاو، ئاش، ئاوەن، خانوو...هتد. هەموو ئەو داهێنانانەی بە دەست دروستكراون و خاوەنیان نییە و بەشێكی گرنگی كەرەستەی ژیانی ئێمەن، لە زمانی كوردیدا بە كەلەپور ناودەبرێن. دەستەواژەی كەلەپور و كولتوور دوو جیهانی زۆر جیاوازن، كولتوور سەر بە هزرە و لەناو هزردا نیشتەجێیە، بە نەریتەكاندا تێدەپەڕێت و شوێنی خۆی لە كولتووردا دەكاتەوە، ئەركێكە قبوڵكراوە و هەمووان جێبەجێی دەكەن، دەستی لێنادرێت، درك دەكرێت. واتە: سەر بە هزرە. بەڵام كەلەپور دەست لێدراوە.
كەرەستە كەلەپورییەكان خاوەندارییەتیان نییە، هەمیشە لەناو بێ خاوەنیدان، چونكە داهێنەرەكەیان خوێندەوار نییە تا خاوەنداریەتیان بكات، تەنها دایان دەهێنێت و دەیانخاتە ناو ژیانەوە. زۆرێك لە گەلانی دونیا كەلەپورەكەیان لە باوباپیرانیانەوە بۆیان جێ دەمێنێت، یانی بۆ نمونە: كەس نازانێت كێ یەكەمجار كورسی دروستكرد، كێ یەكەمجار مێزی دروستكرد، كێ یەكەمجار پێڵاوی دروستكرد، كە هەریەك لەم داهێنانە پێویستییەكی گرنگی ژیانن، كاتێك كەسێك خاوەندارییەتیان ناكات دەچنە ناو كەلەپورەوە. كە بە قوڵی تەماشای ڕیشە ناسیان دەكەیت بەشێكی زۆریان هی قۆناغی سەردەمێكن خوێندەواری نەبووە، ئەشێت گۆڕانكاریی لە ڕووی جوانكارییەوە بەسەریاندا هاتبێت. بۆ نمونە: گۆزە كە پێداویستییەكی بەبایەخی سەردەمێكی ژیان بووە. لە سەردەمی دەوڵەتشارەكاندا كە خوێندەواری تێیدا لە دایكبوو، جوانكاری بۆكراو گۆڕانی بەسەردا هات، ئەمما جەوهەری داهێنانەكە هی سەردەمی نەخوێندەواری بوو.
ئەم تێگەیشتنە بۆ فۆلكلۆریش هەمان شتە. فۆلكلۆر بەرهەمی كەسانێكی نادیارە، كەسانێكن داهێنانەكە دەكەن و دەیخەنە ناو كۆمەڵگەوە، ئیتر لەبری خۆیان كۆمەڵگەیەك، گەلێك خاوەندارییەتی داهێنانەكەیان دەكەن. كاتێك ئێمە دەبینین، لە گۆرانییەكدا بۆ شیعرەكە و ئاوازەكە نووسراوە، فۆلكلۆر، لەو نووسیندا ڕووندەبێتەوە داهێنەرەكەی ونە، گەلێك خۆی دەكات بە خاوەنی داهێنانەكەی و هیچ ناوێك لە پێش داهێنانەكەیەوە نییە. جێگەی سەرنجە زۆرێك لە داهێنانەكانی شیعر و گۆرانی كوردی، كە لەناو فۆلكلۆردان، چ حەیران، چ بەستە، چ مەقام، چ لاوك، داهێنەرەكانیان نەخوێندەوارەكان بوون و بایەخیان بە خاوەندارییەتی نەداوە. تەنانەت هەتا سەردەمی حەسەن زیرەك و حەسەن سیاوایی ئێمە سەر بەو میراسە فۆكلۆرییەین نەخوێندەوارەكان بەرهەمی دەهێنن. ئەگەر ئەو میراسەش لە هونەر و دەقەكاندا دەربهێنین، بۆشاییەكی زۆر گەورە دروست دەبێت، كە خوێندەوارەكان ناتوانن پڕی بكەنەوە، چونكە توانای ئەو داهێنانانەیان نییە.
بۆ شرۆڤە كردنی بەشێكی دەقەكانیشیان. ئەشێت ئەو تێگەیشتنە دروست بێت، پانتایەك لە دەقەكان جیاوازی چینایەتی بەرهەمی هێناون. یان بڵێین: هێز و قودرەتی ئاغاكان و هەژاری كاریگەرییەكی بنچینەیی لەسەر داهێنانە فۆلكۆرییەكان هەیە، بە تایبەت لە حەیران و لاوكدا. چونكە دوو چیرۆكن هەمیشە گرێدراوی دەسەڵات و بێ دەسەڵاتین. چیرۆكی ململانێی نێوان ئاغا و دەسەڵاتدار و هەژاری پانتاییەكی گەورەی داگیردەكەن، بەڵام دەیان ڕەهەندی تری تێدایە كە جێگی هەڵسەنگاندنی قوڵن. لە پاڵ ئەمەدا پەندی پێشینانیش پەیوەندی بە خوێندەوارییەوە نییە، پەیوەندی بە ئەزموونەوە هەیە. ئەوەی پەندەكە دروست دەكات، لە ئەزموونەوە بۆ ژیان دروستی دەكات و خاوەنداریەتیشی ناكات، بۆیە ناتوانین پەندەكانییش گرێبدەینەوە بە خوێندەوارییەوە و زیاتر سەر بە ڕووبەری نەخوێندەوارین، كە هوشیارییەكی قوڵیان تێدایە بۆ ژیان. لە دروستبوونی شارەكانەوە بۆ ئێستا گەلەكان پەند دادەهێنن و هیچ كەسێكی تایبەتیش خاوەنیان نییە، بە جۆرێكیش پەندەكان شۆكهێنەرن ئیدی پرسێكی گرنگی ژیانت بۆ ڕووندەكەنەوە.
دەمەوێت بەم سەرنجە بایەخ بەو دیوەی داهێنان بدەم خوێندەوارن نایبینن و دەستیان لە داهێنانەكەیدا نییە. دەبینین چ لە كەلەپوردا، چ لە فۆكلۆر و پەندەكاندا، ڕووبەرێكی گەورە لەبەردەستماندایە دەتوانین تێیدا چەندین قوڵبوونەوە لەسەر داهێنان بكەین، كە لە هزری مرۆڤی نەخوێنەواردا لە دایك دەبێت. مەبەست ئەوەنییە ئەو شەش هەزارساڵەی مێژووی خوێندەواری فەرامۆش بكەین، یان وزەكەی كەم بكەینەوە. بەڵام بایەخدان بە داهێنانی نەخوێندەواری بۆ ئێمەی كورد هیچ كات جێگەی شرۆڤە كردن نەبووە! لە كاتێكدا لە پیشەكان، كەرەستەكانی ژیان، فۆكلۆر، كەلتوور، نەریت، دیاردەكان، هونەر، پەندەكان... و هتد. ورد دەبینەوە، ئەوەی شكۆمان دەكات ئەو هەموو داهێنانەیە، كە بەرهەمی نەخوێندەوارییەوە و ئێمە لەسەری نەوەستاوین، چونكە بە ئایدۆلۆژیایەك گۆشكراوین، پێمان وابووە داهێنان سەربە جیهانی خوێندەوارییە. گومانی تێدانییە لەگەڵ لە دایكبوونی خوێندەواریدا مرۆڤ بازێكی گەورە دەدات و بەرهەمەكەشی دەچنێتەوە. بەڵام دیوی داهێنان لە ڕووبەری نەخوێندەواریدا جێگای هەڵسەنگاندنە.