ئایا ڤایرەسی هانتا مەترسیدارە؟

ئاوات عەلی


2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئایا مرۆڤایەتی نزیكە لە رووبەڕووبوونەوەی پەتایەكی تر؟

بڵاوبونەوەی ڤایرەسی هانتا لەنێو كەشتییەكی گەشتیاریدا، لە دوا ئاماردا گەیشتە 8 توشبوو، كە سێ كەسیان گیانیان لەدەستدا. ئەم زانیارییانە زۆر بەخێرایی بڵاودەبنەوە و زۆر كەسیان توشی دڵە ڕاوكێ كردووە، بەوەی كە مرۆڤایەتی نزیكە لە پەتایەكی تر هاوشێوەی كۆڤید-١٩ ە  و قورستر! بەڵام ئایا ئەمە ڕاستییە یان تەنها دەرەنجامەكانی كۆكردنەوەی لایك و ڤیووە لەلایەن ئەو كەسانەی ئاگایان لە زانست و زانیارییە پزیشكییەكان نییە!

ڕاستییەكان دەربارەی ڤایرەسی هانتا:
- ڤایرەسەكە نوێ نییە و گروپێكە لە ڤایرەسی پۆلێنی جیاواز و لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردووەوە ناسراوە و ٥٠ ساڵ زیاتریشە لە تاقیگەدا تێستی بۆ كراوە و تۆماركراوە.

- ⁠ڤایرەسەكە لەڕێگەی لیك و پاشەڕۆی قرتێنەرەكانەوە (وەك مشك) بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، كاتێك ئەو پاشەڕۆیانە لەڕێگەی پیسبونی خواردن، ئاو یان هەوا دەگەنە مرۆڤ.

- ⁠بڵاوبونەوەی ڤایرەسەكە نوێ نییە و ساڵانە لەنێوان ١٠ هەزار بۆ ١٠٠ هەزار كەس توشی ئەم ڤایرەسە دەبن و زۆرینە كەیسەكان لە ئەفریقا و ئاسیان.

- ⁠بڵاوبونەوەی ڤایرەسەكە لەنێوان مرۆڤ بۆ مرۆڤ زۆر كەمە و تاڕادەیەك دەگمەنە. تەنها جۆری ئاندیس لە گروپی ڤایرەسەكانی هانتا توانای گواستنەوەی هەیە لە كەسی توشبوو بۆ كەسانی نزیكی كە لەیەك جێگادا دەخەون، یان پێكەوە نان دەخۆن یان بەركەوتنی زۆر نزیكی هەناسە و لیك و سێكسیان هەیە پێكەوە.

- ⁠جۆری ڤایرەسی سەر كەشتییە گەشتیارییەكە لە جۆری ئاندیسە كە توانای گواستنەوەی لە كەسی توشبوەوە هەیە بۆ كەسانی بەركەوتووی نزیكی، بە پێچەوانەی جۆرەكانی تری ڤایرەسەكە كە لە تاقیگەش سەلمێنراوە ئەو توانایەیان نییە.

- ⁠وڵاتان چاودێری تەندروستی ئەو هاوڵاتییانەیان دەكەن كە لەسەر كەشتییە گەشتیارییەكە بوون، مەترسییەكە لەسەر توشبونی ئەو هاوڵاتیانەیە نەك بڵاوبونەوەی ڤایرەسەكە لە نێو كۆمەڵگە، چونكە نیشانەكانی توشبون دوای چەند هەفتەیەك دەردەكەون.

- ⁠یەكێك لە ئەگەرە بەهێزەكانی بڵاوبونەوەی ڤایرەسەكە لەسەر كەشتییەكە، پیسبونی خۆراك یان ئاو بە پاشەڕۆی قرتێنەرەكان وەك مشك! یان پیسبونی سیستەمی هەواگۆڕكێی كەشتییەكە بە پاشەڕۆی ئەو قرتێنەرانەی هەڵگری ڤایرەسەكەن.

- ⁠ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دڵنیایی دا كە بڵاوبونەوەی ڤایرەسەكە لەنێوان مرۆڤ و ئەگەری بڵاوبونەوەی وەك پەتایەك لاوازە، بەڵام نابێت پشتگوێ بخرێت.

- ⁠ڕێژەی مردن لە نێوان توشبوانی ساڵانەی ئەفریقا و ئاسیا لە نێوان ١٪ بۆ ١٥٪، بەڵام كەیسەكانی كیشوەرەكانی ئەمریكا ٥٠٪ ی توشبوان گیانلەدەستدەدەن هەرچەندە ژمارەی ساڵانەی توشبوان زۆر كەمە.

- ⁠نیشانەكانی توشبون بەپێی جۆری ڤایرەسەكە جیاوازە و سەرەتا بە تا و وەك هەڵامەتێكی ئاسایی دەستپێدەكات و دواتر كاریگەری جیاوازی لەسەر بەشە جیاوازەكانی جەستە دەبێت.

- ⁠گروپی ڤایرەسی هانتا تا ئێستا ڤاكسینی نییە چونكە نەبووە بە پەتا و كێشەی گەورە لە ڕابردوودا تا ڤاكسینی بۆ بدۆزرێتەوە و تەنها لەوڵاتە هەژارەكانیشدا بووە. چارەسەرێكی تایبەتیش نییە بۆ توشبووان تەنها چاودێریی تەندروستی و ڕێگریی لە وشكبونەوە و خۆراك و ئیسراحەتی پێویست.

بەكورتی:

- ڤایرەسەكە كۆنە و نوێ نییە

- ⁠مەترسی بڵاوبونەوەی وەك پەتا لاوازە

- ⁠ڤایرەسەكە لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ زۆر بە دەگمەن دەگوازرێتەوە