ترەمپ و کورد: کێشەی عەقڵیی

سەردار عەزیز


1 کاتژمێر پێش ئێستا

راچڵەکین- 
کاتێک لە قسەکانی ترەمپ و وەڵامدانەوە و پرسیاری کورد ڕادەمێنی، هەست دەکەیت کە قەیرانێکی قوڵی عەقڵیی لە ئارادایە. ترەمپ دەڵێت کورد. کورد دەڵێت کام کورد؟ قەیرانە عەقڵییەکە لە چەند ئاستێکدایە.
یەکەم، کورد وەها دەزانێت ترەمپ بۆ کورد قسە دەکات.
دووەم، کورد وەها بیر دەکاتەوە کە ترەمپ مەبەستی نەمانی چەکە لەم پرسەدا، نەک پرسێکی ئاڵۆزی تر کە پەیوەندی بە خۆیەوە هەیە.
سێیەم، کورد ناپرسێت، ئەمە کێیە وەها دەڵێت، بۆ لە ئێستادا دەیڵێت، دەیەوێت چی بڵێت؟؟؟؟
چوارهەم، کورد بە هیوابوون کە ترەمپ بکەنە ئامرازی ململانێی ناوخۆیی خۆیان و بەکاری بهێنن لە ململانێی یەکتردا. ترەمپ ئەمەی نەکرد، چونکە ئامانجی ترەمپ جەماوەری کورد خۆی نیە، بەڵکو ناوەوەی ئەمریکا و هەندێک لە ئەوانیترە.
دۆناڵد ترەمپ خاوەن کەسایەتی کەڵەگاییە. چەمکی کەڵەگایی وەک وەرگێڕانی چەمکی بوڵیی، بەکار دەبەم، لەم ڕوەوە ترەمپ هەمیشە دەسەڵات یان توندوتیژی بەرامبەر لاوازەکان پیادە دەکات و ملکەچە بەرامبەر بەهێزەکان. ترەمپ، نەک لە گەڵ کورد بەڵکو لە گەڵ ئەوروپا، کەنەدا، وڵاتانی هەژار، هەموویان بە شێوازێکی کەڵەگایی مامەڵە دەکات. بەڵام لە بەرامبەر چیندا ملکەچ دەکات.
دۆناڵد ترەمپ لە ڕوی دەرونییەوە کەسێکی نەرجسییە. نەرجسیی کەسێکە کە خۆی خۆشدەوێت بە ئاستێکی نەخۆشییانە. لە دۆخێکی وەهادا ترەمپ کەسێکە کە هەرگیز ناتوانێت شکست لە ئەستۆ بگرێت. بەڵکو دەبێت هەمیشە براوە بێت. هەرکاتێکیش براوە نەبوو، ئەوا خەتای ئەوانیترە.
نەرجسیی هەمیشە بە دوای سکەیپگۆت یان بزنی قوربانیدا دەگەڕێت. مەبەست لێی لایەک یان کەسێک کە تاوانبار بکرێت بەبێی ئەوەی تاوانباربێت بەڵام توانای بەرگرییکردنی لە خۆی نیە.
بە داخەوە جەماوەری کورد وەها مامەڵەی لە گەڵ ئەم پرسەدا کرد کە گوایە لایەکی کوردی دزیی کردوە. بەڵام هەر خراپییەکە لە لایەن یەکێتی و پارتییەوە بوو کە ویستیان گەورەی بکەن و بیکەنە سوتماکی ململانێکانیان. ئەوەی سودی لێ دەبینێت نەیارانی کوردە کە جیاوازی لە نێوان یەکێتی و پارتی ناکەن.