كۆمپانیای مایكرۆسۆفت لە گفتوگۆدایە بۆ كڕینی تیك تۆك

هەمەڕەنگ

01/08/2020     ژمارەی بینراو 385

راچڵەكین-

كۆمپانیای مایكرۆسۆفت كە كۆمپانیایەكی بەناوبانگی تەكنەلۆجی ئەمریكییە، لەگەڵ كۆمپانیای "بایت دانس"ی چینی لە گفتوگۆدایە بۆ كڕینی تۆڕی كۆمەڵایەتی تیك تۆك.

رۆژنامەی نیۆرك تایمز بڵاویكردووەتەوە كۆمپانیای مایكرۆسۆفت لەگەڵ كۆمپانیای "بایت دانس"ی چینی لە گفتوگۆدایە بۆ كڕینی تۆڕی كۆمەڵایەتی تیك تۆك، بەڵام ئەوە ئاشكرا نەكراوە كە گفتوگۆكان لە چ قۆناغێكدان.

باس لەوەش كراوە، ئەم گفتوگۆیانە دوای لێدوانەكەی تڕەمپ لە بارەی قەدەغە كردنی تیك تۆك لە ئەمریكا هاتوونەتە ناو رۆژەڤ.

لەسەرەتای مانگی تەممووزدا مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندبوو، پلانیان هەیە بۆ قەدەغە كردنی تیك تۆك و ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییانەی بنكەی سەرەكییان لە وڵاتی چین-ە.

لەبارەی مشتومڕەكانی قەدەغەكردنی تیك تۆك تڕەمپ ئەوەی ئاشكرا كردبوو، بیر لەوە دەكەنەوە بڕیارنامەیەك لەو بارەیەوە واژوو بكەن.

ستیڤین منوچین وەزیری گەنجینەی ئەمریكا، ئەوەی خستبووەڕوو، لە بارەی تیك تۆك هەڵسەنگاندن دەكەن، چەند بژاردەیەكیان لەبەردەستدایە و پێشنیازێك لەو بارەیەوە پێشكەش دەكەن.

تۆڕی كۆمەڵایەتی تیك تۆك لە جیهاندا نزیكەی ٨٠٠ ملیۆن بەكارهێنەری هەیە و بانگەشەی ئەوەش دەكرێت كە ئەم تۆڕە كۆمەڵایەتییە زانیاری بەكارهێنەرەكانی دەداتە حكوومەتی چین. زۆرێك لە چاودێران پێیان وایە تیك تۆك هەڕەشەی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا دروست كردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن