پزیشكێك: بڕیاری داخستنی نۆرینگەو سەنتەرە پزیشکیەکان لەم کاتەدا بە گونجاو نازانم

تەندروستی

04/08/2020     ژمارەی بینراو 420

پزیشكێك: بڕیاری داخستنی نۆرینگەو سەنتەرە پزیشکیەکان لەم کاتەدا بە گونجاو نازانم


ڕاچڵه‌كین-

لەلایەک نەخۆشخانە تایبەتیەکانی کۆرۆنا توانای وەرگرتنی تووشبووی نوێی کۆرۆنایان نامێنێت و نەخۆشخانەی دیکەی تایبەت دەکرێنەوە بە کۆرۆنا و لەلایەکی دیکەش ژمارەی تووشبووان لە زیاد بوونە، کەچی بڕیاری داخستنی نۆرینگە و سەنتەرە پزیشکیەکان دەدرێت.

ئەوە راستە کە تێکەڵاوی دەبێتە هۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتایەکە، بەڵام لەهەمان کاتیشدا تووشبووان نابێ بەبێ چارەسەر بهێڵدرێنەوە، جگە لەوەش، سەردانیکردنی هاووڵاتیانی تووشبوو بۆ نۆرینگەو سەنتەرە پزیشکیەکان ناچارییەو بۆ مەبەستی چارەسەرە، جیاوازە لە دەرچوونەکانی دیکەی هاووڵاتیان وەکو کار و خوێندن و سەردان و گەشت و نان خواردن وجێم و هاوشێوەکانیان.

یەکێک لە خراپیەکانی ناچارکردنی سەردانی هاووڵاتیانی تووشبوو و هاوەڵانیان بە چەند شوێنێکی دیاریکراو چڕکرنەوەی هاووڵاتیان لەناو یەکدا بە شێوەیەکی شاوڵی زیاتر تەشەنەکردنی پەتایەکەیە، وەلێ ئەگەر بە پانتاییەکی فراوانتر بێت و ئاسۆییانە بەسەر نۆڕینگەو ناوەندی پزیشکی زیاتر بڵاو بکرێنەوە بەرکەوتە کەمتر دەبێتەوە، واتە لەو ڕوانگەوە ئەگەر هەزار هاووڵاتی بەسەر چار ناوەندی پزیشکی دابەش بکرێن باشترە لەوەی بەسەر دوو ناوەند دابەش بکرێن، ئەمە جگە لە خێرایی وەڕێکردنی تووشبووان و کەمتر مانەوەیان لە نەخۆشخانەو نۆڕینگەکان، چونکە لەهەموو کاتێک زیاتر پێویستیان بە پشووە.

بەگوێرەی بڕوای پسپۆڕان زوو چارەسەرکردنی تووشبوانی کۆرۆنا توانای ڕێگرتن لە تەشەنەکردنی پەتایەکە زیاد دەکات، واتە هەر چەند زوو چارەسەر بکرێت کەمتر دەرهاویشتە و ماکی دەبێت، جا من دەپرسم ئەگەر ژمارەی تووشبوان لە هەڵکشان بێت و نەخۆشخانە تایبەتییەکانی کۆڕۆناش تەژی خەڵک بن ئایا داخستنی نۆرینگە تایبەت و سەنتەرە پزیشکیەکان قوڕەکە خەستر ناکاتەوە؟ ئایا گەیشتنی هاووڵاتی تووشبوو بە پزیشکان و ناوەندی پزیشکی بۆ وەرگرتنی چارەسەر درەنگتر و زەحمەتر نابێت؟ ئایا ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار بە زۆر نەخۆشخانە تایبەتیەکان مل کەچ بکات بۆ سوود وەرگرتن لە ئامێرەکانی هەناسەی دەستکردیان بە کۆرۆنا، سەنتەر و نۆڕینگە تایبەتیەکانیش هاوکار نابن لە چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆڤید-١٩؟ ئایا بەو جۆرە لۆدی هاووڵاتیان لەسەر نەخۆشخانەکانیش کەمتر نابێتەوە.

بە بڕوای من دەبێ لایەنی پەیوەندیدار لە میری سوپاسگوزاری پزیشک و کارمەندانی تەندروستی بێت کە لەو بارە ترسناکە و لەکاتی تایبەتی خۆیان دەرگای نۆڕینگەو سەنتەرەکانیان بە رووی هاووڵاتیان بکەنەوەو بژاردەی دانیشتن لە ماڵەوە رەت بکەنەوە جەنگان دژی کۆرۆنا هەڵبژێرن، نەوەک داخستنی سەنتەری پزیشکی و نۆرینگە تایبەتییەکان بە چارەسەر هەژمار بکەن.

ئا: د.زەردەشت برادۆستی

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن