وەزارەتی كشتوكاڵ لەسەر گرتنەوەی ئاوی رووباری سیروان و زێی بچوك دێتەدەنگ

کوردستان

18/08/2020     ژمارەی بینراو 734

راچڵەكین

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم ناڕەزایی بەرامبەر گرتنەوەی ئاوی هەردوو روباری سیروان و زێی بچوك لەلایەن ئێرانەوە دەردەبڕێت و ئاشكراشیدەكات، بەهۆی ئەو كارەوە، سەدان هەزار ماسی لەناوچوون و سزایەكیشە لەسەر خەڵك و جوتیارانی هەرێمی كوردستان.

وەزارەتەكە لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوەڕاستی مانگی ئاب، بۆ ساڵی سێ یەم لەسەریەك لە وەرزی هاویندا ئاوی هەردوو رووباری سیروان و زێی بچوك دەگرێتەوەو داهاتی ئاوی كرد بە سفڕ.

وەزارەتی كشتوكاڵ ئەو كردارەی ئێرانی بەپێچەوانەی هەموو عورف و یاسایەكی نێودەوڵەتی وەسفكرد و باسی لەوەشكردووە ئاوی رووبارە هاوبەشەكان موڵكی هەردوو خەڵكی عێراق و ئێرانە، بەتەنها مافی هیچ كام لەو وڵاتانە نییە، لەهەمانكاتیشدا بە گرتنەوەی ئاوی ئەو دوو ڕووبارە بەسەدان هەزار ماسی لەناو چوون، سەرەڕای ئەوەی زیانێكی زۆری بەجووتیارانی ناوچەكە گەیاندووە، زۆربەی بەرهەمەكانیان وشك دەبن.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دانیشتووانی قەزای پشدەر كە بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بەئاوی زێی بچوك بۆ خواردنەوە و پێداویستییەكانی تر دەبەستن، بۆیە زۆر بە توندی ناڕەزایەتی خۆمان دەردەبڕین لەسەر گرتنەوەی ئاوی رووباری سیروان و زێی بچوك، ئەمەش وەك سزایەكە لەسەر خەڵك و جوتیارانی هەرێمی كوردستان.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە:" بۆ ئەو مەبەستە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، گرتنەوەی ئاوی رووباری سیروان و زێی بچوكی لەگەڵ گەیلان پوور، بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵی كۆماری ئیسلامی ئێران و سەر كونسوڵی ئەو وڵاتە لە كوردستان تاوتوێکردووە، بۆ ئەم مەبەستەش داواکراوە هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەركردنی بنرێت، لەهەمانکاتدا لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم ئەم بابەتە رونکراوەتەوە، لەرێگەی ئەم راگەیاندراوەشمان داوا له  وەزارەتی دەرەوەی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ دەکەین بۆگرتنەبەری رێكارى پێویست لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن