کاتێک لە سۆنەردا دەردەکەوێت کیسی سەرگورچیلەت هەیە پێویستە چی بکەیت؟

تەندروستی

13/09/2020     ژمارەی بینراو 2619

کاتێک لە سۆنەردا دەردەکەوێت کیسی سەرگورچیلەت هەیە پێویستە چی بکەیت؟

ڕاچڵه‌كین-

زۆرجار کاتێک نەخۆش دەبیت و پشكنینی سۆنەر دەکەیت لە ڕاپۆرتەکەیا پزیشکەکە ئاماژە بەوە دەکات کە گورچیلەیەکت یان هەردووکیان کیسیان لەسەرە و تۆش دەشڵەژێیت چونکە لەوانەیە یەکەمجاربێت شتی وا ببیستیت، دكتۆر كاردۆ پسپۆڕی نەشتەرگەری میز و میزەڕۆ له‌م بابه‌ته‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات له‌م حاڵه‌تانه‌دا ده‌بێت چی بكرێت.

 سەرەتا دەبێت بزانین کەوا کیسی گورچیلە چەند جۆرێکی هەیە بەپێی پێکهاتەو قەبارەو شوێن و ژمارەیان .

1- باوترین جۆری کیس بریتیە لە کیسی سادە کەتەنها شلەیەکی ڕوونی تێدایە و هەرگیز نابێتە شێرپەنجە و لەوانەیە چەند دانەیەک بن و قەبارەیان جیاواز بێت.

ئەم جۆر کیسانە لەگەڵ تەمەندا لەسەر گورچیلەکە دروست دەبن و ئەگەر قەبارەیان بچوک بێت ئەوا هیچ کاریگەریەکی خراپیان نابێت لەسەر گورچیلە. بەڵام ئەگەر قەبارەکەیان گەورە بێت و ببنە هۆی ئازار و کاربکەنە سەر ئیشی گورچیلە بەوی کە پەستان بخەنە سەرگورچیلەکە ئوا ئەو کاتە پێویستی بەچارەسەر هەیە .

2- جۆرێکی تری کیسی گورچیلە بریتیە لە کیسی گۆشتن کە ئەم جۆرەیان مەترسی هەیە و بەشێوەی گرێ یان دومەڵ دەردەکەوێت لە فەحسی سۆنەر و تیشکدا کە خۆی شێرپەنجە بێت یان ببێتە شێرپەنجە ئەگەر لانەبرێت.

3- جۆرێکی تر بریتیە لە کیسی زگماکی گورچیلە کە چەند جۆرێکی هەیە و بەپێی شێوەی بۆماوەیی و ژمارەیان چەند جۆرێکن کە یەکێک لەو جۆرانە منداڵی ساوا لەگەڵ لەداکبوونیدا گورچیلەکەی پڕە لەکیس کەوای لێ دەکات نەتوانێت بژی هەندێکی تر کەتەنها یەک کیس یان دوانی هەیە و قەبارەیان بچوکە ئەوا مەترسی نیە و چارەسەری ناوێت لەوانەیە بەس ساڵانە سەردانی پزیشکی بوێت بۆ دڵنیابوونەوە لە قەبارەکەی.

4-جۆرێک کیس هەیە کە لەتەمەنی سەرو سی ساڵیەوە دەردەکەوێت و لەگەڵ بەرەو پێش چونی تەمەندا هەموو گورچیلەکەی دەبێتە کیس adult polycystic dkidney disease و توانای ئیش کردنی نامێنێت ، ئەم جۆرەیان بۆماوەییەو لە یەکێک لەباوانیەوە بۆ مناڵەکان دەگوازرێتەوە لەبەرئەوە ئەگەر یەکێک لە ئەندامانی خێزان ئەم نەخۆشیەی هەبوو پێویستە هەموویان پشکنین بکەن بۆ دڵنیا بوونەوە لە بوونی ئەم نەخۆشیە.

 چارەسەری کیسی گورچیلە بەپێی جۆرەجیاوازەکانی دەگۆڕێت و لەوانیە چەندەها پشکنینی بوێت هەر لە سۆنەر و تیشکی سیتی سکان (تەنوری) وپاشان پشکنینی خوێن و هتد ، پاشان بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت کە ئایا چارەسەری دەوێت یان نا.

بەکورتی کیسی سادە یان ئاوی چارەسەری ناوێت بەڵام ئەگەر بەهۆی گەورەبوونی بووە هۆی ئازار یان هەوکردنی گورچیلە ئەوکاتە نەشتەرگەری دەوێت ، ئەگەریش کیسەکە لەو جۆرانە بوو کە مەترسی شێرپەنجەی لێ بکرێت ئەوا ڕاستەوخۆ نەشتەرگەری دەوێت.

هەندێک کیسیش هەیە مشەخۆری تێدایەhydatid cyst ئەویش نەشتەرگەری دەوێت بۆ لابردنی.

ئەوەی گرنگە ئەوەیە کیسی سادە simple cyst هیچ دەرمانێکی ناوێت و نەخۆش پێویست ناکات لەخۆی بکاتە کێشە و پزیشک ناچاربکات دەرمانی بۆ بنوسێت چونکە هیچ دەرمانێک نیە ئەم جۆرە کیسانە لابەرێت تەنها چارەسەر لابردنەیەتی ئەگەر پێویستی کرد و بەپێچەوانەشەوە ئەگەر کیسەکە مەترسی شێرپەنجەی لێ ئەکرا یان مشەخۆری تێدابوو ئەوا دەبێت نەشتەرگەری بۆ بکرێت و لاببرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن