كشتوكاڵی كەركوك كار بە بڕیارەكەی وەزیری دادی عێراق سەبارەت بە زەوییە كشتوكاڵییەكان ناكات

کوردستان

01/10/2020     ژمارەی بینراو 248

راچڵەكین - AA

تائێستا بڕیارەكەی وەزیری دادی عێراق سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی لیژنەی كاروباری باكوور كە بەگوێرەی بڕیارەكە بەشێكی زۆر لە زەوی كشتوكاڵیی جووتیارانی كورد و توركمان لە سنووری ماددەی ١٤٠ دران بە ھاووڵاتیانی عەربی ھاوردە، نەگەیشتووە بە فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك، بەڕێوەبەری فەرمانگەكەش دەڵێت: بڕیارەكە كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی پارێزگاكە چارەسەر ناكات.

زوھەیر عەلی حسێن، بەڕێوبەری كشتوكاڵیی كەركوك رایگەیاند، تائێستا بڕیارەكەی وەزیری دادی عێراقیان بەدەستنەگەیشتووەو تا بەدەستیشیان نەگات، ناتوانن كاری پێبكەن.

وتیشی: "پێم وانییە ئەو بڕیارەی وەزیری داد كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك چارەسەر بكات، چونكە ئەو كێشانە دێنە بەڕێوبەرایەتی كشتوكاڵیی كەركوك و ئێمەیش لەسەر بنەمای بوونی تۆمارە فەرمییەكانمان مامەڵەیان لەگەڵ دەكەین، بڕیارەكانی دادگا و دادوەرەكانیش ئەو زەوییە كێشەلەسەرانە چارەسەر دەكات".

بەڕێوبەری كشتوكاڵیی كەركوك ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوان وەكو كشتوكاڵی كەركوك لەسەر رێنمایی و بڕیارەكانی دەستەی گشتیی زەوییە كشتوكاڵییەكان لە وەزارەتی كشتوكاڵ كار دەكەن و بەپێی تۆمارەكانی بەڕێوبەرایەتییەكەو راوێژ بە دەستەی گشتیی زەوییە كشتوكاڵییەكان دەكەن، چونكە تۆمارەكان بەگشتی لەلای ئەواندا تۆماركراون.

پێشتر وەزارەتی دادی عێراق بڕیاریدابوو بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گرێبەستە كشتوكاڵییانەی كە لە چوارچێوەی سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچەكانی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق واژووكراون و گەڕاندنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكان بۆ خاوەنە رەسەنەكانیان.

لە نوسراوێكی وەزارەتی دادی عێراق كە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی جێبەجێكردن لە پارێزگاكانی نەینەوا، سەڵاحەدین، كەركوك، دیالە، نەجەف، كەربەلا و ئەنبار كرابوو، تیادا هاتبوو"پشت بەستن بەوەی لە بڕگەی (چوار/1) لە بڕیاری لیژنەی جێبەجێكردنی بەندەكانی ماددەی 14ی دەستووری كۆماری عێراق بۆ ساڵی 2005 هاتووە كە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گرێبەستە كشتوكاڵییانەی كە لە چوارچێوەی سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچە جێناكۆكان كە ماددەی 104ی دەستوور دەیانگرێتەوە بە تایبەتیش لە سنووری پارێزگای كەركووك بڕیاردرا بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گرێبەستانە و گەڕاندنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكان بۆ خاوەنە رەسەنەكانیان".

لە نوسراوەكەدا داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرابوو، هەرچی پێویستە بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە بیگرنەبەر، تا ئەو كاتەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری تایبەت بە چارەسەركردنی كێشەكە دەردەكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن