"هەرچی ناوی خۆپیشاندان و گردبوونەوەو دەربڕینی ناڕەزاییە ئەم حكومەتە پێی بێزار دەبێت"

ڕاپۆرت

22/10/2020     ژمارەی بینراو 373

دیمەنێك لە خۆپیشاندانەكانی مامۆستاو فەرمانبەرانی هەولێر

راچڵەكین- 

ماوەیەكە لەسنووری پارێزگای دهۆك هەڵمەتێك بۆ دەستگیركردنی چالاكوانان، مامۆستایان و هاووڵاتیان دەستیپێكردووەو تائێستاش بەشێك لەوانەی دەستگیركراون، ئازاد نەكراون یاخود بەفەرمی هیچ تۆمەتێكیان ئاڕاستە نەكراوەو دادگایی نەكراون، بەشێك لەوانەش رێگا بەپارێزەر یاخود كەسوكاریان نەدراوە سەردانیان بكەن و لە دۆخیان بپرسنەوە.

ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی، لەلێدوانێكدا بۆ راچڵەكین وتی:" رۆژ بە رۆژ ئازادییەكان بەرتەسك دەكرێنەوە، ئەم حكومەتە حكومەتی سنوورداركردن و سەركوتكردنی ئازادییە، هەرچی ناوی خۆپیشاندان و گردبووونەوەو دەربڕینی ناڕەزاییە، ئەم حكومەتە پێی بێزار دەبێت، ئەوەی ئیستا دەگوزەرێت زۆر زۆر نائاساییەو یاسای رۆژنامەگەری و دەستكەوتنی زانیاری و خۆپێشاندان هیچیان وەك خۆیان جیبەجێ ناكرێن".

دەشڵێت:" لەرابردوودا داوامان كردووە، لە داهاتووشدا پەرلەرمانتاران دەبێت داوای كۆبوونەوەی پەرلەمان بكەن بۆچی رۆژانە پێشێلكاریی بەرامبەر رۆژنامەنووسان و چالاكوانان دەكرێت".

لەلایەن خۆشییەوە، زكری ئەحمەد- ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی و ئەندامی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكی لە مافی مرۆڤ، بۆ راچڵەكین وتی:"  دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان و چالاكوانان بە كارێكی خراپ دەزانین، بە پێی یاسا نابێت رۆژنامەوان دەستگیر بكرێت، مەگەر بەپێی بڕیاری دادگا نەبێت، بەڵام بەداخەوە لە بادینان مافی مرۆڤ زۆر زۆر كەمەو رۆژانە لەبەرچاوی خەڵك و خێزانەكانیان رۆژنامەنووسان و چالاكوانان دەستگیر دەكرێن".

دەشڵێت:" لە كۆبوونەوەی لیژنەكەمان یاداشتێكمان ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە بۆ ئەوەی ئەو كەسانە ئازاد بكەن، بەڵام تائێستا بێدەنگن، بۆیە ئەوە بە كارێكی زۆر خراپ و مەترسی بۆ سەر ئازادیی لەهەرێمی كوردستان دەزانین، كوردستان لە پێش چاوی ریكخراوەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ناشرین دەبێت".

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد، لەهەفتەی داهاتوودا كۆدەبنەوەو هەوڵدەدەن دانیشتنێكی تایبەت سەبارەت بەو پرسە رێكبخەن، وتی:" دەبێت پەرلەمان بێتەدەنگ و سنوورێك بۆ ئەو نادادپەروەریی و ناحەقییە دابنێت، دەبێت خەڵك ئازاد بێت و ناكرێت هەر كەسێك رەخنەی گرت دەستگیر بكرێت، خۆ ئەم حكومەتە پۆلیسی نییە، لەسەر نوسینێك لەناو ماڵی خۆت دەستگیر بكرێیت".

هاوكات عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان، ڤیدیۆی كاتی دەستگیركردنی مامۆستا (شڤان سەعد بەرۆشكی) بڵاوكردووەتەوە و رایگەیاندووە:" من ئەم خێزانە لە نزیكەوە دەناسم، جگە لە ڕەخنەو ھەڵوێستی مەدەنی ، ھیچ تاوانێكیان نییە، مامۆستا شڤان بێ جگە لە ڕاو بۆچۆنی جیاواز و ڕەخنە ئاساییەكانی هیچ تاوانێكی نییە.

عەلی حەمە ساڵح دەشڵێت:" ئایا دەكرێت كەسێك لەسەر ڕەخنە، یاخود پێشتر بەشداری خۆپیشاندانی كردبێت، بەم شێوەیە بچنە سەر ماڵەكەی!! بۆیە داواكارین ئەم شێوازە لە گرتن و چوونە سەر ماڵان كۆتایی بێت".

بەدریە ئیسماعیل، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵ، بۆ راچڵەكین وتی:" داوای دانیشتنی پەرلەمانمان كردووە، بەڵام وەڵاممان نەدراوەتەوە، ئەم حكومەتە بە هەموو شێوەیەك دژی ئازادیی رادەربڕینە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن