ئاوارە ئێزدییەكان: كاتێك پەلاماردراین هێزە كوردییەكان هەڵاتن

ڕاپۆرت

28/10/2020     ژمارەی بینراو 431

راچڵەكین-

دوای زیاتر لە شەش ساڵ ژیانی نێو خێمە و ئاوارەیی، رێككەوتننامەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرال لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، هیوایەكی لای ئێزدییەكان دروستكردووە كە بگەڕێنەوە سەر ئەو خاكەی لە باپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە و رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لەسەری هەڵیكەندن. 

لەنێو كەمپی ئاوارە ئێزدییەكان لە شێخان كە هێشتا لانەی مانەوەی هەزاران ئاوارەی شنگالە و ساڵانێكە لەوێ لەگەڵ یادەوەرییە تاڵە تراجیدییەكانیان دەژین كە بە ئەندازەی دەیان رۆمانە و داعش بەسەریداهێنان، رۆژانە لەژێر خێمەكانیان چیرۆكی تاڵی ژیانی نێو كەمپیش دەهۆننەوە و شەوان بە هیوای گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان سەر لەسەر سەرین دەكەن. 

گولێ ئەحمەد ژنێكی تەمەن ٦٤ ساڵە و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لەگەڵ خێزانەكەی لە یەكێك لە خێمەكانی كەمپەكەدا دەژین، ئەو رۆژەی ئاوارەبوون لەگەڵ هاوژینەكەی بەپێی خۆیان هەڵاتن، بەڵام ئێستا هاوژینەكەی بەهۆی نەخۆشییەوە لە قاچ كەوتووە و لەنێو جێگادا شەو و رۆژی لە تاریكی خێمەیەكدا بەسەر دەبات.  

گوڵێ ئەحمەد، دەڵێت: "ئەوە بۆ حەتەمین ساڵ دەچێت ئێمە لێرە دەژین، نازانین چ رۆژ و كاتێك ئاگر لە خێمەكانی ئێمەش دەكەوێتەوە و تیادەچین بۆیە دەمانەوێت بگەڕێینەوە سەر زێدی خۆمان، بەڵام توانامان نییە بۆ گەرانەوە، ئێستا خۆزگە بەوە دەخوازین كە ئەگەر لە شنگال خێمەش ھەبێت لاریمان لێی نییە تەنها بگەڕێینەوە".  

گوڵی، ئەو رۆژەی داعش چووە سەر شنگال چوار كەس لە خانەوادەكەی كەوتنە دەستی چەكدارانی داعش و هێشتا لەگەڵ ئەو چیرۆكانە دەژی، رووداوەكانی ئەو رۆژانەی وەك خۆی لە پێش چاوماوە و بەم جۆرە گێڕایەوە "ئەو رۆژانەم لە بیرە ئێمە نۆ رۆژ لە چیا ماینەوە و چووینە مەزارگەی شێخ شەرەفەددین، بە ھەزاران كەس بێ سەروشوێن و بزر بوون، من شەش منداڵم لەگەڵ بوو لە ترسی كوشتن بەرەو چیا چووین و برسێتی و تێنوتیمان پێ باشتر بوو لە كەوتنە دەست ئەو چەكدارانە، برسێتی و تینویەتی زۆرمان بینی ھەر لە نەبوونی پێڵاو تاوەكو خواردن و پێداویستی، ئەو كات چەندین كەسی خاوەن پێداویستی تایبەت و كەسی بەتەمەنمان بینی كە لەگەڵ ئێمە ئاوارەبووبوون زۆربەیان گیانیان لەدەستدا، بۆخۆشمان برای ھاوسەرەكەم و برازاكەی و خانەوادەكەی و كچی مامیشم كەوتنە دەست داعش و تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە، كەچی سەرەڕای ئەو ھەموو نەھامەتییە ھێشتا ئێمە لێرەین و نەمان توانیوە بگەڕێینەوە".   

گولێ ئەحمەد بە زارەكی داوایەكی ئاراستەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد و وتی: "با كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی پشتگیری لە ئێمە بكات بۆ گەڕانەوە و قەرەبوو بكرێینەوە، نامانەوەی دووبارە لە شنگال بە رسوایی ئاوارە ببینەوە، لەئێستادا پارەی ئەوەمان نییە تەنانەت كرێی گواستنەوەی ئەو خێمانەشی پێ بدەین بۆ شنگال كە تێیدا دەژین، ھیچ شتێكمان نییە بۆیە داوای قەرەبووكردنەوە دەكەین".   

ئەو وتیشی: "هێشتا ھەر ترسمان لەگەڵە دەمانەوێت ئاسایش بگەڕێـتەوە بۆ ناوچەكەمان، ئێستا ھەندێك لە خزمانی ئێمە لە شنگالن دڵنیانین لە سەلامەتی هیچ لایەك و بە ترسەوە دەخەوین، بۆیە ھەر كەس و لایەنێك كە پێداویستیمان دابین بكات و پشتگیری ئێمە بكات بەخێربێت سوپاسی دەكەین، داواكارین لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و لایەنەكان یارمەتیدەربن بۆ گەرانەوەمان".     

عادل حەجی حوسێن ئاوارەیەكی دیكەی نێو كەمپی شێخان بوو، ئەوان خانەوادەیەكی ١٤ كەسین و زیاتر لە شەش ساڵە لە سێ خێمەی كەمپەكەدا دەژین، دەربارەی رێككەوتننامەكەی ئاساییكردنەوەی شنگال دوا و وتی: "دەمانەوێت بەڕاستی ھەردوو حكوومەتی بەغدا و ھەرێمی كوردستان چارەسەرێك بۆ ئێمە بدۆزنەوە، ئەو ھەموو ھاووڵاتییەی شنگال ئاوارەن و ئێستا شنگال وێرانە و ھیچی نییە، بۆیە داواكارین خزمەتگوزارییەكانی بۆ بگەڕێننەوە، ئەگەر چارەسەرێكیان بۆ دۆزینەوە ئەوا دیارە رێككەوتنێكی باشە و لە سوودی ئێمە دەبێت".   

عادل حەجی حوسێن دەربارەی دۆخی ئێستای شنگال دوا و وتی: "ئێستادا مامی من لە شنگالە رۆژانە هەواڵی دۆخی ئەوێی لێ دەپرسم، ئەوان دەڵێن رەوشەكە ئارامە، بەڵام داواكارم خانووەكانی ئێمە لەوێ دروستبكرێنەوە و كار بۆ ھاووڵاتییانی شنگال دەستەبەربكرێت و ئەو حزبە چەكدارییانەی ئێستا دەربكرێن، شنگال زێدی ئێمەیە و ئەم خێمانە موڵكی ئێمە نین هەردەبێت لە كۆتاییدا بگەڕێنەوە".      

ناوبراو وتیشی: "ھەركەس و لایەنێك بێتە شنگال گرفتێك نییە، تەنها دەمانەوێت ئارامی و ئاسایشی ئێمە دەستەبەربكرێت، پێشمەرگە یا حكوومەتی عێراق بێت یان وەكو جاران پێكەوە بەڕێوەی بەرن". 

هێشتا ترس و شۆكی پەلامارەكەی چەكدارانی داعش بۆسەر شنگال لای ئێزدییەكان نەڕەویوەتەوە، لای بەشێكی زۆریان هێشتا ئەو ترسە لەناخیاندایە كە چەكدارانی داعش چاندییان، بۆیە بۆ گەڕانەوە بەرلە هەر شتێك داوای دڵنیایی دەكەن.

ئوسۆ بەكر، ئاوارەیەكی ئێزدییە لە كەمپی شێخان و بەم جۆرە دوا: "ئێمە دەمانەوێت بگەڕێینەوە شنگال، ئاوەدانی بكەینەوە و خوێندنگا و كەرتی تەندروستی بنیاتبنێینەوە، دەمانەوێت ئەمنییەت و ئاسایش بەرقەرار بێت، بەڵام بە گشتی دەترسین ئەگەر بگەڕێینەوە شنگال دیسانەوە فەرمان بەسەرماندا بێت و تووشی رووداوێكی دیكە ببینەوە".  

ئوسۆ بەكر دەربارەی رێككەوتننامەی ئاساییكردنەوەی رەوشی شنگال وتی: "ئەو رێككەوتننامەیەی دەڵێن دروست بووە، جەماعەتی ئیزدییەكان ئەوانەی لەوێن دەڵێن ئێمە ئەو رێككەوتننامەیە قبووڵ ناكەین، میللەتی ئیزدی دەڵێن كاتێك پەلاماردراین كوردەكان ھەڵاتن، بۆیە ئێمە ئەو رێككەوتنە قبووڵ ناكەین، بەڵام من وەك خۆم قبووڵی دەكەم، ئەگەر ھەبێت".  

ئەو وتیشی: "پێش ئەوەی كارەساتی شنگال رووبدات كوردستان یارمەتیدەرێكی باشی ئێمەبوو، پێشتر زۆربەی شنگالییەكان مووچەیان لە ھەرێمی كوردستان ھەبوو، بەڵام ئێستا ئێزدییەكان دەڵێن ئێمەیان بەجێھێشتووە بۆیە ناتوانن دڵنیابن". 

قایمقامی قەزای شێخان، سەردار یەحیا بەرزنجی كە ژمارەیەكی زۆر ئاوارەی ئێزدی لە سنووری كارگێڕی قەزاكەدا ماونەتەوە، دەربارەی گەڕانەوەی ئاوارەكان گوتی: "ژمارەی گەڕانەوەی ئێزدییەكان بۆ زێدی خۆیان زۆر كەمە، تاوەكو ئێستا تەنها چەند سەد خێزانێك لە ئاوارە ئێزدییەكان گەڕاونەتەوە شنگال و دەورووبەری ئەویش لەبەر چەند هۆكارێك، یەكەمیان نەبوونی ئارامی و ئاسایش لە شنگال و دەشتی نەینەوا، دووەم نەبوونی متمانە لەنێوان پێكهاتەكانی نەینەوا و دەورووبەری و نەبوونی متمانە لەنێوان خەڵك و دەزگا ئەمنی و سەربازییەكان كە ئەركی پاراستنی رەوشی ئەمنی ئەو ناوچانەیان لە ئەستۆیە، هۆكارێكی دیكە بۆ مانەوەی ئێزدییەكان لە شێخان ئەوەیە پێكەوەبەسترانێكی روحی لەنێوان كوردانی ئێزدی و شێخان و لالشدا هەیە ئینجا لە هەر شوێنێكی ئەم دنیایەبن، چونكە سەنتەری دیانەتی ئێزدییەكان دەگەڕێتەوە بۆ لالش و شوێنی جوگرافی لالش-یش كەوتووەتە سنووری قەزای شێخان بۆیە ئەو پێكەوەبەسترانە روحییە و هەبوونی ئارامی و ئاسایش لە سنوورەكە وایكردووە كە ئێزدییەكان حەز بە مانەوە بكەن لێرە".    

سەردار یەحیا بەرزنجی دەربارەی كاردانەوەی ئاوارەكانی سنووری قەزاكە لەسەر رێككەوتننامەكەی شنگال گوتی: "ئاوارە ئێزدییەكان خۆشحاڵییەكی گەورەیان هەیە بەو رێككەوتنەی لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق كراوە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، چونكە ئومێد و ئاواتی ئەوان گەڕانەوەیە بۆسەر زێدی باو و باپیرانی خۆیان، بەڵام داواكاری ئەوان بۆ گەڕانەوە دڵناییەكی نێودەوڵەتییە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامەكە و داوا دەكەن ئەو هێزە نا شەرعی و نایاساییانەی لەوێ هەن دەربكرێن، هەروەها گۆڕانكاری لە دۆسیەی ئەمنی بكرێت، دۆسیەی ئەمنی بدرێتە دەست هێزێك كە سەرەڕای ئەوەی یاساییبن هێزێكی متمانەپێكراوبن و لەلایەن خەڵكەوە بە هەموو پێكهاتەكانەوە متمانەیان پێبكرێت".    

قایمقامی قەزای شێخان، سەردار یەحیا بەرزنجی گوتیشی: "ئەوان داوا دەكەن هێزێك ئاسایشییان بپارێزێت كە سەرچاوەكەی بگەڕێتەوە بۆ خاك و نیشتمانەكەیان، مەبدەئیان پاراستنی نیشتمان و خاكەكەیان و خەڵك و هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە بێت بە هەموو جیاوازییە ئایدۆلۆجییەكان لەڕووی نەتەوە و ئایینەوە، جگە لەوانە داواكارییەكی دیكەیان ئەوەیە دووبارە شنگال ئاوەدان بكرێتەوە چونكە ئەگەر ماڵی نەبوو ژیانی نەبوو خزمەتگوزاری ئاو و كارەبا و رێگاوبانی نەبوو چۆن بتوانێت لەوێ بژی، جگە لەوە گرنگ ئەوەیە حكوومەتی ناوەندی كاربكات بۆئەوەی پاش ئاوەدانكردنەوە و دڵنیایی و دۆسیەی ئەمنی، دەرفەتی كار بۆ گەنجان برەخسێنێت چونكە ئەو خەڵكە كە ئاوارەبوون زیاتر لە شەش ساڵە بێكارن و لە رووی ئابوورییەوە رووخاون كە بچێتەوە ناوچەكەی خۆی پێویستە دەرفەت و هەلی كاریان بۆ برەخسێندرێت بۆئەوەی ژیانیان بگوزەرێنن".  

سەردار یەحیا بەرزنجی راشگەیاند "ئێمە وەك قایمقامییەتی قەزای شێخان هەموو ئاسانكارییەك دەكەین بۆ خێزانێك كە بیەوێت بگەڕێتەوە زێدی خۆی و پێشتریش كردوومانە و بەردەوامیشین، هەركەسێك داوای گەڕانەوە بكات نووسراوی فەرمی بۆ دەكرێت بۆ هەموو بازگەكان كە بەڕێزەوە بەڕیبكرێن". 

لە سنووری قەزای شێخان لەدوای هاتنی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، هەشت كەمپی ئاوارەكان كرایەوە و زیاتر لە ٨٧ هەزار ئاوارە رووی لە قەزاكە كرد، رێژەی لەسەدا ٧٥ی ئاوارەكان ئێزدییەكانی شنگال و دەورووبەری بوون و بەشەكەی دیكەش عەرەب و پێكهاتەكانی دیكەی موسڵ بوون، ئێستا تەنها سێ كەمپ لە قەزاكەدا ماوە و ٦٠ هەزار ئاوارە هێشتا لە شێخان نیشتەجێن، بەگوتەی قایمقامی قەزاكە ئاوارەكان لەسەدا ٧٥یان كوردی ئێزدین و بەشێكیان لە كەمپەكاندا نیشتەجێن و بەشەكەی دیكەشیان لەنێو شارەكەدا دەمێننەوە.

بەپێی ئاماری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لەئێستادا نزیكەی ٢٥٠ هەزار ئاوارەی ئێزدی لە هەرێمی كوردستان هەن كە هێشتا نەگەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان.  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن