رێبەر ئەحمەد: زانیاری پێویست لەسەر تاوانەكانی شیروان شێروانی بڵاوكراوەتەوە

ڕاپۆرت

26/11/2020     ژمارەی بینراو 1153

راچڵەكین-

وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی چارەنووسی رۆژنامەنووس ( شیروان شێروانی) كە ماوەیەكە دەستگیركراوەو تائێستا چارەنووسی یەكلانەبووەتەوە، رایگەیاند:" هەرچی زانیاری پێویستە لەسەر دۆسێی شیروان شێروانی بڵاوكراوەتەوە كە تاوانەكانی چی بووەو لەسەر چی گیراوە."

رێبەر ئەحمەد، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە چارەنووسی شێروانی ووتی:" یاسا سەروەر دەبێت لەو دۆسێیەداو دادگا رێچكەی خۆی گرتووە، هەم پارێزەرەكەی بینویەتی هەمیش رێكخراوە نێودەوڵەتی و مافەكانی مرۆڤ و خاچی سووری نێودەوڵەتی بینویانە هیچ گرێیەك لەو پرۆسەیەدا نییە هەر كەسێك تاوانێكی ئەنجامداوە بەپێی یاسا سزای خۆی وەردەگرێت."

رۆژی 7ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، رۆژنامەنووس ( شیروان شێروانی) لەماڵەكەی خۆی لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیركرا.

ڕوگەش عزەدین- هاوسەری ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی سەبارەت بەچۆنییەتی دەستگیركردنی هاوسەرەكەی رایگەیاندووە:"شەش ئۆتۆمبێل هاتنە بەردەرگای ماڵەكەمان و 10 پیاو خۆیان كرد بە ژوورەوە، چواریان جلی مەدەنیان لەبەربوو و شەشی تریش جلی پۆلیس، شێروانیش ڕایكرد بۆ سەرەوە و هێنایە خوارەوە و لەبەر چاوی منداڵەكان دەستگیریان كرد و كەلەپـچەیان كرد و بە ئۆتۆمبێلێكی جام ڕەشەوە بردیان و وتیان تا لاپـتۆبەكەش نەبەن ناڕۆن ئەوانەشی كە بۆ لاپـتۆبەكە دەگەڕان پۆلیس نەبوون جلی مەدەنیان لەبەربوو تا لاپـتۆبەكەیان دۆزیەوە."
 
دیندار زێباری- رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە دەستگیركردن و ئەو تومەتانەی ئاڕاستەی شیروان شێروانی رۆژنامەوان كراون رایگەیاندووە:" شێروان شێروانی لەسەر فەرمانی راگرتن كە لە دادگای لێكۆڵینەوەی دهۆك دەرچووە دەستگیر كراوە و "تۆمەتبارە بەپێی ماددەی 156 لە یاسای سزادانی عێراقی، ژمارە (21) بۆ ساڵی 2001 كە لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان هەمواركراوە".

وتیشی:" لەكاتی لێكۆڵینەوەی سەرەتاییدا، شێروان شێروانی دانی بەوەدا ناوە كە ئەو "لە سەرچاوەی دەرەكییەوە یارمەتی دارایی كراوە بۆ دروستكردنی ئاڵۆزی و پشێوی، ناشرینكردن و گوتنی قسەی نەشیاو بە بەرپرسان و كەسانی خاوەن پێگەی كۆمەڵایەتی دیاریكراو، هەروەها بەلاڕێدابردنی ناڕەزایی و خۆپێشاندانە ئاشتیخوازییەكان بۆ دروستبوونی تووندوتیژی هەروەها هەڕەشەكردن لە دادوەران".

لەلایەن خۆشییەوە ئیگناسیۆ میگێل دێلگادۆ نوێنەری كۆمیتەی پاراستی مافەكانی ڕۆژنامەوانان ناسراو بە CPJ رایگەیاند:" ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدات لە ژێر فرمانی یاسادا كار بكات، ئەوا ناتوانێت ڕۆژنامەوانان بێسەوشوێن بكات."

CPJ دەڵێت: "لە ڕۆژانی پێش دەستگیركردنیدا، شێروانی لە ئەكاونتی خۆی لە فەیسبووك، كە زیاتر لە 10 هەزار شوێنكەوتووی هەیە، ڕەخنەی لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی گرتووە و داوای لە یاسادانەران كردووە، كە پرسیار لە سەرۆكی حكومەت بكەن لەبارەی كوشتنی ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانانی مافی مرۆڤ لە هەرێمەكە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن