نوێترین زانیاری لەسەر ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەکەی بەغدا بۆ هەرێم

ئابوری

29/11/2020     ژمارەی بینراو 3001

راچڵەکین-

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی دارایی رایگەیاند، بەشێک لە سووننە و شیعەکان رازی بوون بە ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەکە، بۆیە ئەم مانگەش دەنێردرێت، بۆ هەرێمی کوردستان.

سەلیم شوشکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ راچڵەکین وتی:" بەشێک لە لایەنە سوننی و شیعەکان گەیشوونەتە ئەو بڕوایەی کە ٣٢٠ ملیار دینارەکە بۆ مانگی ١٠ بۆ هەرێم بنێردرێت، چونکە پێیان وابووە یاسای قەرز دوای مانگی ١٠ پەسەند کراوە و لەسەر ئەو بنەمایەش ئەم مانگە ٣٢٠ ملیار دینارەکەی بەغدا بۆ هەرێم دێت".

سەبارەت بە کاتی ناردنەکەی وتیشی:" کەس نازانرێت کەی دەنێردرێت، نیشانەکانی وەک هاتنی رۆژی قیامەت وان، کە سەرەتا نیشانەی بچووکی دێت و دواتر نیشانە گەورەکانی، ناردنی ئەو پارەیەش وای لێهاتووە". 
 
بە گوێرەی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بڕیار بوو تا کۆتایی ئەمساڵ بەغدا مانگانە ٣٢٠ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت، بەڵام دوای ئەوەی رۆژی ١٢-١١-٢٠٢٠، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژە ياسای قەرزی بەبێ رەزامەندی پەرلەمانتارانی کورد پەسەندکرد، ناردنی ئەو بڕە پارەیە راگیراوە، بەپێی پڕۆژەياساکە، دەبێت هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە ناردنی ئەو بڕە نەوتەی کۆمپانياي سۆمۆ دياريدەکات لە بەرامبەر ناردنی موچەدا، ئەوەش ناڕەزایەتی بەرپرسانی هەرێمی لێکەوتەوە، دواتریش، حکومەتی عێراق بڕیاریدا موچەی دوو مانگی فەرمانبەرانی خۆی دابەشبکات، بەڵام تائێستا بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ناردنی پارەوە دەرنەکردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن