دیاردەی شپرزەیی کۆمەڵایەتی

ستایل

03/01/2021     ژمارەی بینراو 834

شپرزەیی کۆمەڵایەتی


ڕاچڵه‌كین-

 لە قوتابخانە هەمیشە لەوە دەترسام مامۆستاکەم پرسیارم لێ بکات تەنانەت ئەگەر سەد لە سەدیش وەڵامەکەیم بزانیایە، چونکە نامەویست خەڵکی کە وابیرکەنەوە کە من گەمژەم یان بێ کەڵکم، کە پرسیارم لێ ئەکرا وەک ئەوەبوو دڵم بێتە دەر و هەستم بە گێژی و سەرسوڕان دەکرد.

کاتێکیش ئیشێکم وەردەگرت، هەرگیز حەزم بەوە نەدەکرد لەگەڵ بەڕێوبەرەکەم قسەبکەم، یان لە چاوپێکەوتنەکاندا بەشداری بکەم.

تەنانەت لە ئاهەنگی هاوسەرگیری هاوڕێ نزیکەکانیشمدا بەشداریم نەدەکرد لەبەر ترسی ناسینی کەسی تازە، پێش هەموو ئیڤێنتەکان دەمخواردەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەمەیا، بەڵام نەک چارەسەر نەبوو بەڵکوو وردە وردە وام لێهات هەموو ڕۆژەکەم بەسەردەبرد بە خواردنەوە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئەرکەکانم!

ئەمە چیرۆکی کەسێکی تووشبووە بە دیاردەی شپرزەیی کۆمەڵایەتی: کەسی تووشبوو هەست بە ترس و بێتاقەتی دەکات لە هەموو حاڵەتە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ناسینی کەسی تازە، چاوپێکەوتنەکان، ژوان و مەوعیدەکان، چاوپێکەوتنی کار و وەڵامدانەوەی پرسیارەکان لە پۆلدا، هەتا ئەگات قسەکردن لەگەڵ دووکاندارەکانیشدا ...هتد
تەنانەت کردنی شتە ڕۆتینییەکانی ڕۆژانەشی لە پێش چاوی خەڵکی ترس و بێتاقەتی ئەهێنێ و ترس و بێتاقەتییەکانیش هێندە بەهێزن کە کەسەکە توانای کۆنتڕۆڵکردنیانی نییە.

عادەتەن ئەم دیاردەیە لە تەمەنی هەرزەکارییەوە دەست پێدەکات، بەتایبەت لەوانەی کە زۆر شەرمنن، 7% ــی ئەمەریکییەکان تووشبووی ئەم دیاردەیەن، بەجێهێشتنی ئەم دیاردەیە بێ چارەسەر وا دەکات کە بۆ تەمەنێکی درێژ و هەندێک کاتیش بە درێژایی تەمەن بمێنێتەوە.

ئەمیگداڵا (amygdala) بەشێکی مێشکە کە بەرپرسە لە هەندێک گۆڕانکاری فیسیۆلۆژی هاوشێوەی حاڵەتی (شەڕکردن یان هەڵاتن) کە وەک نیشانەکانی نیگەرانی و قەلەقیەکی زۆرە، بۆنمونە لە دارستانێکایت و پڵنگێک دوات کەوتووە لەو کاتەیا دڵت خێرا لێ ئەدات، لەپت ئارەقە دەکات، ماسولکەکان کرژ دەبن و مێشكت دەیبەستێ و ناتوانی بیربکەیتەوە، ئەمانە و کۆمەڵێ شتی تر کە ئەمیگداڵا دەبێتە هۆی ڕوودانیان.

کاتێک کەسێک ئەم نیشانانەی ئەبێت، بەشی پێشەوەی توێکڵی مێشک (ناوچەوانە پل - prefrontal lobe) چالاکدەبێ و ئەم نیشانانە دوەستێنن، کاتێک هیچ مەترسییەک لەگۆڕێ نییە ئەم بەشەی مێشک فەرمان بە ئەمیگداڵا دەکات بۆ وەستاندنی.

بەڵام تووشبوانی ئەم دیاردەیە ناوچەوانە پلیان هانی ئیشەکانی ئەمیگداڵا ئەکەن لەجێی ئەوەی بیوەستێنێ.

و: ئاودێر نجم

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن