حكومەت وادەی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنی راگەیاند

کوردستان

13/01/2021     ژمارەی بینراو 403

راچڵەكین –

حكومەتی هەرێم پلانی وەزارەتی پەروەردەی بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندن پەسەندكرد و بڕیاردرا رۆژی شەممەی داهاتوو پۆلی 12ی ئامادەیی دەست بە خوێندن بكاتەوەو رۆژی 1-3-2021 دەوامی پۆلەكانی دیكەش دەستپێبكاتەوە.
 
جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی ئاشكراكردو رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا پلانی وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندن پەسەندكرا، بڕیاریشیدا رۆژی شەممەی داهاتوو، پۆلی 12ی ئامادەیی دەست بەخوێندن بكات و رۆژی 1-3، پۆلەكانی دیكە بە گرتنەبەری رێكاری تەندروستی، دەست بەپرۆسەی خوێندن بكەنەوە.

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشكرد، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكی حكومەت سەرجەم وەزارەتەكانی راسپارد لەماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا پرۆژەی خۆیان لەبارەی رێكخستنی خەرجی و داهاتەكانیان بخەنەڕوو.

وتیشی:" ئامانجمان لەو هەنگاوانە، زیادكردنی داهاتە، هەر كۆمپانیایەكیش ئەگەر فەرمی نەبێت، لە دەروازە سنوورییەكان مامەڵەی لەگەڵدا ناكەین".

لەبارەی دابەشكردنی مووچەش، جوتیار عادل ئاشكرایكرد، بڕیاردراوە هەموو داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بەمەبەستی دابینكردنی پارەی پێویست بۆ مووچەی فەرمانبەران.

جەختی لەوەشكردەوە كە شتێك نییە بەناوی لێبڕینی مووچە، بەڵكو مووچە بەپێی داهاتی حكومەت دابەشدەكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن