ناشتنی دار و نەمام
ڕاچڵهكین-
ئاشکرایه ئێستا کاتی ڕوواندن و ناشتنی دارو نەمامە، بەداخەوە ئەمساڵیش تا ئێستا بارانی پێویست نەباریوە یان بڵێین خاک تێر ئاوو پاراو نییە، بۆیە ئەو بەڕێزانەی نەمام دەنێژن زۆر پێویستە ئهم خاڵانهی خوارهوه جێ بهجێ بكهن.
1- دووای داپۆشینەوەی بەشی ڕەگ بەکەمێک گڵ هەندێک ئاو بکرێتە چاڵەکان پاشان بە تەواوی دابپۆشرێت، بەم کارە وادەکەن ئەگەری ڕوانی نەمامەکەمان زیاتر بێت بەتایبەت بۆ ئەو نەمامانەی لە کیسدانین، واتە هەڵدەکەنرێن یان دەگوازرێنەوە.
2- ئەگەر نەمامێک سەرو پەل یان لق و چڵی زۆر بێت پێویستە لق و چڵەکانی کەم بکرێتەوە، چونکە نەمام یان دار کە هەڵدەکەنرێت تەواوی ڕەگەکانی لەگەڵدا نایات بەتایبەت ڕەگە ووردو ڕیشاڵییەکانی کە چالاکترن بۆ وەرگرتنی ئاوو خۆراک، بەم کارەشمان وادەکەین ئەرکی سەر ڕەگ کەم بکەینەوەو دارەکەش خۆێ بژیێنێت، هەروەها بەم کەمکردنەوەو کورت کردنەوەیە وادەکەین دارەکان لەکاتی گەڵا کردندا کەمتر (با) کاریگەری لەسەر دروست بکات و نەیان جوڵێنێت.
تێبینی: زۆربەی خەڵک کاتێ نەمام دەکڕن حەزدەکەن نەمامەکان باڵایان بەرزبێت، بەڵام کام نەمام بەرزە پێویستە دوای ڕوواندنی لەسەروی (۱م) یان (۱۲۰سم) تەنانەت (۸۰سم) ببڕرێت بەگوێرەی جۆرو سروشتی دارەکان بەتایبەت لە دارە بەردارەکاندا.
ئا: ئەندازیاری کشتوکاڵ- هێمن محمد