راچڵەكین زانیاری لەبارەی ئەو مووشەكانەی ئاراستەی هەولێر كران بڵاودەكاتەوە

کوردستان

15/02/2021     ژمارەی بینراو 859

راچڵەكین –

كەمێك پێش ئێستا چەند مووشەكێك لە شوێنێكی نادیارەوە ئاراستەی هەولێر كران و بەهۆیەوە پێنج كەس بریندار بوون و دوو مووشەكیش لەلایەن كونسوڵخانەی ئەمریكا تەقێندرایەوە، میدیاكانی نزیك لە پارتیش بڵاویانكردەوە مووشەكەكان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ئاراستەی شارەكە كراون.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەست راچڵەكین كەوتووە، ئەمشەو لە شوێنێكی نادیارەوە هەشت مووشەك ئاراستەی شاری هەولێر كران، یەكێك لە مووشەكەكان لە نزیك شوقەكانی ناز ستی و مووشەكێكیش لە گەڕەكی وەزیران و مووشەكێكی دیكەش لە مەیدانی ئاژەڵان كەوتوونەتە خوارەوە.

سەرچاوەكە ئەوەشی بە راچڵەكین راگەیاند، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەو هێرشە مووشەكییە هیچ زیانێكی بەرنەكەوتووە. 

لەوبارەیەوە، دژەتیرۆری كوردستان بڵاویكردەوە، بەپێی زانیارییەكانیان، دوو مووشەك لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر كەوتوونەتەخوارەوە و مووشەكێكیش بەسەر فڕۆكەخانەدا تێپەڕیوە.

هاوكات، میدیاكانی نزیك لەپارتی لەسەر زاری بەرپرسێكی باڵای ئاسایشی هەرێمی كوردستان بڵاویانكردەوە، مووشەكەكان ژمارەیان هەشت مووشەك بووەو لەلایەن حەشدی شەعبییەوە لەنزیك ناحیەی دوبز ئاراستەی هەولێر كراون.
 
لەدوای رووداوەكەوە، كونسوڵخانەی ئەمریكا لەهەولێر زەنگی ئاگاداركردنەوەی لێداو راشیگەیاند كە توانیویانە دوو مووشەك تێكبشكێنن كە ئاراستەی كونسوڵخانەكە كرابوو.

بەگوێرەی زانیاریەكان، لەئەنجامی كەوتنە خوارەوەی مووشەكێك لە مەیدانی ئاژەڵان، سێ كرێكار كە خەڵكی رۆژئاوای كوردستانن بریندار بوون و یەكێك لە بریندارەكانیش قاچێكی پەڕیوەو رەوانەی نەخۆشخانە كراوە.

هاوكات، بەهۆی كەوتنەخوارەوەی یەكێك لە مووشەكەكانیش لەنزیك شوقەكانی ناز ستی، دوو هاووڵاتی بەسووكی بریندار بوون و زیانیش بەر چەند ئۆتۆمبیلێك كەوتووە.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن