هاتووچۆی هەولێر لەسەر تووشبوونی (حاکم زرار) بە رووداوی هاتووچۆ روونکردنەوە دەدات

کوردستان

18/02/2021     ژمارەی بینراو 3007

سۆشیال میدیا

راچڵەکین-

هاتووچۆی هەولێر رەتیدەکاتەوە حاکم زرار هەرکی، ئەو دادوەرەی کە سزای بەسەر دەستگیرکراوانی بادیناندا سەپاند تووشی رووداوی هاتووچۆ بوبێت و دەڵێت:" لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا هیچ رووداوێکی وەرگەڕان لەو سنوورە تۆمارنەکراوە".

شەوی رابردوو لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وێنەی ئۆتۆمبێلێک بڵاوکرایەوە کە گوایە ئۆتۆمبێلەکەی حاکم زرارە و لە رێگەی بەحرکە -هەولێر تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە و گیانی لەدەستداوە.

فازل حاجی، وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:" ئەمڕۆ 18-2-2021، لەهەندێک پەیج و سایتی گوماناوی و سەرچاوە نادیار هەواڵێک بڵاوکرایەوە گوایا لەدەرەنگانی شەوی رابردو دادوەر( زرار هەرکی) لە رووداوێکی هاتووچۆ لەجۆری وەرگەڕان لەسنوری نێوان بەحرکە و هەولێر گیانی لەدەستداوە تەنانەت لەهەندێک شوێن وێنەی ئۆتۆمبێلەکەشی بڵاوکرایەوە و لەگەیاندنی هەواڵەکەش هەوڵی ئەوە درابوو کە کەیسی وەرگەڕانەکە ببەستنەوە بەو دادگایی کردنەی چەند رۆژی رابردوو".
 
لە روونکردنەوەکەدا هاتووچۆی هەولێر دەڵێت، لێرەوە رایدەگەیەنین کە لە 24 کاتژمێری رابردوو بە گشتی هیچ رووداوێکی وەرگەڕان تۆمارنەکراوە.

دەشڵێت، پەیوەندی کەسیشمان بەجەنابی دادوەرەوە کردووە و پێی راگەیاندووین تووشی هیچ رووداوێک نەبووە و سەلامەتە، تەنانەت سەفەری ئەو سنورەشی نەکردوه لەو ماوەیەدا.
 


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن