پەنگۆلین

کشتوکاڵ

21/02/2021     ژمارەی بینراو 515

پەنگۆلین


ڕاچڵه‌كین-

پەنگۆلین ئاژەڵێکی پولەکەداری شیردەرە، لە ڕۆژهەڵاتی باشوری ئاسیا و ناوەڕاست و باشوری ئەفریقا دەژین. 

پەنگۆلین هەشت جۆری هەیە، ئەوانیش " پەنگۆلینی چینی، پەنگۆلینی فلیپینی، پەنگۆلینی، سەندرا، پەنگۆلینی هیندی، پەنگۆلینی، سپی- ورگن، پەنگۆلینی زەبەلاح، پەنگۆلینی ڕەش- ورگن، پەنگۆلینی خاکی".  گەورەترین جۆریان قەبارەکەی ١٤٠ سانتیمەتر درێژ و کێشەکەشی ٣٠ کیلۆگرام دەبێت. مێرولەخۆری بێ ددانن، وردەبەرد و لم دەخۆن بۆ یارمەتیدانی لە کرداری هەرس.

تەمەنیان نزیکەی دەگات بە بیست ساڵ، سکپڕی مێیینەکان ١٤٠ ڕۆژە و یەک بێچویان دەبێت، پەنگۆلین لەشی بە پولەکەی ڕەق داپۆشراوە بۆ خۆپاراستن لە نێچیرە کەلبەدار و گۆشت خۆرەکان و نزیکەی ٤٠ ملیۆن ساڵە بوونیان هەیە .

پەنگۆلین یەکێکە لەو ئاژەڵانەی کە ئێستا زیاتر لە هەر ئاژەڵێک مەترسی لەناوچونی لەسەرە، بە جۆرێک کە تا دوو ساڵ پێش ئێستا ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆنی لێ ڕاو دەکرا. ئەم ئاژەڵە بەستەزمانە بە دەست ڕاو دەکرێت چونکە بەرپەرچی مرۆڤ ناداتەوە لە کاتی ڕاوکردنیان. وێڕای گرانبەهایی گۆشتەکەی، لە کلتوری چین پولەکەکەی و ئێسقانەکانی وەک دەرمان بەکار دەهێنرێت، لە چین و وڵاتانی تری وەک ڤێتنام لە لایەن پیاوەکانەوە بەچکەکان دەخورێن چونکە پێیانوایە لە ڕووی سێکسیەوە پیاوەکان بەهێز دەکات. "لە وڵاتانی ئاسیا بە گشتی وەک شیفا لە پەلەکە و ئێسقانەکەی دەڕوانن." 

دوای درککردن بە قڕکردنی پەنگۆلین، چەند ڕێکخراوەک دامەزران بۆ پاراستنیان. ئەمە تا ڕادەیەک باش بوو چونکە ڕاوکردنیان قەدەغەکرا، ئێستا بازرگانیکردن بە پولەکە و ئێسقانیان قەدەغەیە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ڕاو ناکرێن و پارێزراون.

کۆرۆنا و پەنگۆلین:
دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا Covid-19 لە وڵاتی چین، ڤایرۆس ناسانی جیهان بە گشتی و چین و ئەمریکا بە تایبەتی دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد لە چۆنیەتی گەیشتنی ئەم ڤایرۆسە بۆ مرۆڤ. زوو شەمشەمەکوێرە و مار کرانە باسی گەرمی هەواڵەکان، دواتر دەرکەوت بەڵێ ئەم ڤایرۆسە لە لەشی شەمشەمەکوێرەدا هەیە، بەڵام لە شەمشەمەکوێرەوە بازی نەداوە بۆ مرۆڤ..!

دواتر جیهان پەنجەی تۆمەتی بۆ ئەو ئاژەڵە درێژ کرد کە ٤٠ ملیۆن ساڵە بە بێدەنگی دەژیێت. پێیان گوت تۆ پەڕێنەرەوەی ئەم دەردەی بۆ ئێمە.

"پەنگۆلین توانی بە قەڵغانە پولەکیەکەی خۆی لە کەلبەی پڵنگ بپارێزیت، بەڵام هیچ ئامرازێکی شک نەبرد بۆ خۆپاراستن لە ئێمەی مرۆڤ". 

ئێستا ئەم ئاژەڵە بە غەمگینیەوە دوای ساتەکانی تەمەنی لەسەر ئەم هەسارەیە بەڕێ دەکات، دواجار ڕەگەزە چل ملیۆن ساڵیەکەی لەسەر دەستی مرۆڤ لەناو دەچێت. ئەمەش یەکەم ئاژەڵ و کۆتا ئاژەڵ نابێت.

ئا: دڵدار

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن