ئیسماعیل حەدیدی: دەبێت سەرجەم پێكھاتەكانی كەركووك بەشداربن لە ئیدارەدانیدا

کوردستان

23/02/2021     ژمارەی بینراو 131

راچڵەكین-

راوێژكارێكی سەرۆككۆماری عیراق دەڵێت، حكومەت و ئیدارەی ئێستای كەركووك لە ئاستی پێویستدا نییە. دەشڵێت" لەئەگەری پەرواێزخستنی كورد لە ئیدارەدانی شاری كەركووك-دا، ئەوا قبوڵی ناكەن."

ئیسماعیل حەدیدی، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند: "ئەو حكوومەت و ئیدارەی ئێستا لە ئاستی پێویستدا نییە و ئێمە كێشەی بۆشایی ئیداریمان ھەیە لە كەركووك و بەشێك لە پۆستەكانی شارەكە بە پۆستی پارێزگارەوە بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێن لەكاتێكدا ھەیكەلی تەواوی ئیداری بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاكە نییە، ئەمەیش لە ئاست قەبارە و  دۆخی ئێستادا نییە، بۆیە كەركووك پێویستی بەئیدارەیەكی بەھێز ھەیە بۆ چارەسەری كێشەكانی" .

حەدیدی وتیشی: "ئێمە تێبینیمان لە ئیدارەی كەركووك و میكانیزمی ئیدارەدانی شارەكە ھەیە، راستە پرۆژەی خزمەتگوزاری ئەنجام دەدرێت، بەڵام تێبینی زۆر لە بەڕێوەبردنی شارەكە ھەیە ئەو كێشانەیش وا دەكات كە لە داھاتوودا كێشەی گەورەتری ماددی و ئیداری دروست بكات، بۆیە دەبێت گۆڕانكاری گەورە لە ئیدارەی پارێزگای كەركووك-دا بكرێت و ببێتە جێی رەزامەندی سەرجەم پێكھاتەكانی شارەكە".

ئیسماعیل حەدیدی لەسەر پەراوێزخستنی كورد لە ئیدارەدانی كەركووك  ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، دروستبوونی عیراقی نوێ لەسەر بنەمای تەوافق بووە و دەبێت ھەموو پێكھاتەكانی شارەكە بەشداربن لە ئیدارەدان بۆ ئەوەی كێشەكانی شارەكە چارەسەربێت و وتی:

"ئێمە دژبە ھیچ بەرپرسێكی ئیداری كورد نین و ھێڵی سوورمان بەرامبەریان نییە و دەبێت ئەوانیش بەشداری كاریگەریان لە ئیدارەدانی شارەكەدا ھەبێت و بەھیچ شێویەكیش پەرواێزخستنی كورد لە كەركووك قبوڵ ناكەین و مێژووی ئەم شارە ئەوەمان پێ دەڵێت كە نابێت ھیچ لایەن و پێكھاتەیەك پەرواێز بخرێت و بەتەنھا ئیدارە نادرێت و سەركەوتوو نابێت".

راوێژكاری سەركۆماری عیراق، باسی لەوەشكرد كە ئەو پۆستە ئیداری و ئەمنیانەی لە كوردی كەركووك وەرگیراون ئەگەر بەپێوەری باشی و خزمەتكردن بێت ئەوا كێشە نییە، بەڵام گەر بە ئەنقەست بیانەوێت كورد پەراوێزبخرێت، ئەوا ئێمە قبوڵی ناكەین".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن