یەكێتی ئەوروپا چاوەڕێی ٣٠٠ ملیۆن پێكوتەی دژە كۆرۆنا دەكات

جیهان

24/02/2021     ژمارەی بینراو 143

راچڵەكین-

یەكێتی ئەوروپا، وا چاوەڕوان دەكات تاكو چارەگی دووەمی ئەمساڵ ٣٠٠ ملیۆن ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ رادەستی وڵاتانی یەكێتییەكە بكات.

مارۆس سیفۆڤیچ- جێگری سەرۆكی كۆمیسیۆنی یەكێتی ئەوروپا ، لە دوای كۆبوونەوەی وەزیرانی بەرپرس لە كاروباری ئەوروپا،وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و ئاشكرایكرد، كار دەكەن بۆ زیادكردنی ھاوكارییەكانیان بۆ ئەو كۆمپانیایانەی دەرمان كە ڤاكسینەكە دروستدەكەن.

سیفۆڤیچ، ئاماژەی بەوە كرد، چەند وڵاتێك بە مەبەستی زیادكردنی توانای بەرھەمھێنان، پێشنیاری كۆبوونەوەیەكیان لە نێوان كۆمپانیاكانی خۆیان و بەرھەمھێنەرانی ڤاكسینەكە كردووە و رایگەیاند، وەكو كۆمیسیۆنی ئەورووپا بۆ زیادكردنی تواناكانیان داوا لە ئەندامان دەكەن ھەوڵی زیاتر نیشانبدەن.

سیفۆڤیچ، وتی "تاكو ئێستا، ٤٠ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار ڤاكسین گەیشتووەتە وڵاتانی ئەندام. چاوەڕوانی ئەوە دەكەین ٣٠٠ ملیۆن دۆزی ئەو سێ ڤاكسینەی كە یەكێتی ئەورووپا پەسەندیكردووە لە چارەگی دووەمی ئەمساڵدا بەسەر وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا دابەشبكرێت".

 ڤاكسینەكانی بایۆنتەك-ڤایزەر، مۆدێرنا و ئاسترازینیجا لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە رەزامەندییان لەسەر بەكارھێنانی دراوە. وا چاوەڕواندەكرێت ڤاكسینەكەی جۆنسن ئاند جۆنسن لە ناوەڕاستی مانگی ئادار لەلایەن ئاژانسی دەرمانی ئەورووپاوە رەزامەندی لەسەر بدرێت. بەلام بەھۆی ئەوەی گوتووێژەكان لە بابەتی ژمارەكانی رادەستكردنی ڤاكسینەكەی جۆنسن ئان جۆنسن بەردەوامە، یەكێتی ئەورووپا لە ئێستادا تیشكی خستووەتە سەر ڤاكسینی سێ كۆمپانیاكەی دیكە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن