حەوت ساڵە قەیرانی بوودجە.. گرێ كوێرەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد-ە

ڕاپۆرت

15/03/2021     ژمارەی بینراو 520

راچڵەكین-AA

لە ساڵی ٢٠١٤دا، نووری مالیكی- سەرۆكوەزیرانی ئەو كاتی عیراق، بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستانی لە بەشە "بوودجەی فیدراڵی" بڕی و بەم شێوەیە كێشەی بوودجە لە نێوان هەولێر و بەغداد دروست بوو و ئەم كێشەیە ماوەی حەوت ساڵە بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە.

* قەیرانی بوودجە، كە لە سەردەمی دەسەڵاتی نووری مالیكی دەستیپێكرد، لەگەڵ دەركەوتنی داعش، ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و دواتر قەدەغەی گەشتی دەرەوەی وڵات لە فڕۆكەخانەكانی هەرێمەوە، قوڵتر بووەوە.

* هەرچەندە رێژەكە ساڵ بە ساڵ كەمی كردوە بەڵام لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٤- ٢٠١٤ حكوومەتی فیدراڵی ٩٠ ملیار و ٥٧٠ ملیۆن دۆلار، بوودجەی بۆ هەرێم تەرخان كردوە. لە ساڵی ٢٠١٤وە كە حكوومەتی هەرێم پلانی ئابووری سەربەخۆی راگەیاندوە، حكوومەتی بەغداد بەشە بوودجەی هەرێمی وەستاندوە.

كۆی گشتیی پشكی ھەرێمی كوردستان لە بوودجەی گشتیی عیراق لە ساڵی ٢٠٠٤وە تا ساڵی ٢٠١٤، ٩٠ ملیار و ٥٧٣ ملیۆن دۆلار بوو، ئەگەر یەك دۆلار بە ھەزار و ٢٠٠ دینار ھەژمار بكرێت ئەوا دەكاتە (١٠٨ تریلیۆن و ٦٨٧ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دینار)، بەڵام لە ٢٠١٤وە بەھۆی راگەیاندنی پلانی ئابووریی سەربەخۆ لەلایەن حكوومەتی ھەرێمەوە، حكوومەتی فیدراڵ ناردنی پشكی ھەرێمی لە بوودجە راگرتووە.

- بوودجەی گشتیی عیراق لە ساڵی ٢٠٠٤وە تا ساڵی ٢٠١٤ بەم شێوە بوو:

لە ساڵی ٢٠٠٤، ١٣ ملیار دۆلار و لە ساڵی ٢٠٠٥ بوو بە ١٨ ملیار دۆلار و لە ساڵی  ٢٠٠٦دا بوو بە، ٢٠ ملیار دۆلار و لە ساڵی ٢٠٠٧دا، ٤١ ملیار دۆلار بوو و لە ساڵی ٢٠٠٨دا بوو بە ،٤٨ ملیار دۆلار.

بوودجەی گشتیی عیراق لە ساڵی ٢٠٠٩، ٥٨ ملیار دۆلار بوو و لە ساڵی ٢٠١٠دا، ٧٣ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بوو و لە ساڵی ٢٠١١دا، ٨٦ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بوو و لە ساڵی ٢٠١٢دا، ٩٨ ملیار و ٢٩٠ ملیۆن دۆلار بوو.

ھەروەھا بوودجەی گشتیی عیراق لە ساڵی ٢٠١٣دا بوو بە، ١١٥ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار و لە ساڵی  ٢٠١٤دا بوو بە، ١٤٥ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار.

كۆی گشتیی بوودجەی عیراق لە ساڵی ٢٠٠٤وە تا ساڵی ٢٠١٤، ٧١٦ ملیار و ٢٧٧ ملیۆن دۆلار بوو.

ــ پشكی ھەرێمی كوردستان لە بوودجەی گشتیی عیراق لە ساڵی ٢٠٠٤وە تا ساڵی ٢٠١٤ بەم شێوەیە بووە:

لە ساڵی ٢٠٠٤دا بەڕێژەی ١٧،٩ لەسەدا بوو كە دوو ملیار ٣٢٠ ملیۆن دۆلار بوو، ئەو رێژەیە لە ساڵی ٢٠٠٥دا بۆ ١٧،٤ لەسەدا كەمكرایەوە و بوو بە، دوو ملیار ١٢٤ ملیۆن دۆلار و لە ساڵی ٢٠٠٦دا بەڕێژەی ١٧،٨ لەسەدا بوو واتا سێ ملیار و ٥٦٠ ملیۆن دۆلار.

پشكی ھەرێمی كوردستان لە بوودجەی گشتیی عیراق لە ساڵی ٢٠٠٧دا، كەمكرایەوە بۆ ١٦ لەسەدا كە شەش ملیار و ٥٣٩ ملیۆن دۆلار بوو و لە ساڵی ٢٠٠٨دا، ١٧،٢ لەسەدا بوو كە ھەشت ملیار و ٢٥٨ ملیۆن دۆلار بوو.

لە ساڵی ٢٠٠٩دا، ١٥،٥ لەسەدا بوو كە نۆ ملیار دۆلار بوو و لە ساڵی ٢٠١٠دا، ١٤،٤ لەسەدابووە كە ١٠ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بوو.

لە ساڵی ٢٠١١دا، ١٠،٦ لەسەدا بوو بە نۆ ملیار و ١٦٦ ملیۆن دۆلار و لە ٢٠١٢دا، ١٦،٦ لەسەدا بووە، بەڵام بۆ ١٠ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار زیادیكرد و لە ساڵی ٢٠١٣دا ١٠،٤ لەسەدا بوو كە ١٢ ملیار دۆلار بوو و لە ساڵی ٢٠١٤دا، ١٠،٨ لەسەدا بوو كە ١٥ ملیار و ٦٩٦ ملیۆن دۆلار دیاریی كرابوو.

بەڵام ئەو ١٥ ملیار و ٦٩٦ ملیۆن دۆلارە لە بوودجەی گشیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٤ رەوانەی ھەرێمی كوردستان نەكرا.

كۆی گشتیی پشكی ھەرێمی كوردستان لە بوودجەی گشتیی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٤وە تا ساڵی ٢٠١٤، ٩٠ ملیار و ٥٧٣ ملیۆن دۆلار بوو، ئەگەر یەك دۆلار بە ھەزار و ٢٠٠ دینار ھەژمار بكرێت ئەوا دەكاتە (١٠٨ تریلیۆن و ٦٨٧ ملیار و ٦٠٠ دینار)، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤وە بەھۆی راگەیاندنی پلانی ئابووریی سەربەخۆ لەلایەن حكوومەتی ھەرێمەوە، حكوومەتی فیدراڵ ناردنی پشكی ھەرێمی راگرتووە.

بەھۆی ئەوەی حكوومەتی عیراق، ناردنی پشكی ھەرێمی لە بوودجەی گشتییدا راگرت، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە مانگی كانوونی دووەم تا مانگی ئابی ٢٠١٥، مووچەی فەرمانبەرانی خۆی دابەشكرد و مووچەی چوار مانگەكەی دیكەی فەرمانبەرانی دابەش نەكرد و لە ٢٠١٦دا، بەشێوەی پاشەكەوت مووچەی فەرمانبەرانی دابەشكرد.

ھاوكات حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە مانگی كانوونی دووەم تا مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٧، بەشێوەی پاشەكەوت مووچەی فەرمانبەرانی خۆی دابەشكرد و بۆ مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٧ی دابەشی نەكرد و لە ساڵی ٢٠١٨دا، تەنھا مووچەی مانگەكانی یەك، دوو، سێ، چوار، پێنج، شەش، حەوت، ھەشت و نۆی فەرمانبەران دابەشكرد و سێ مانگەكەی دیكەی دابەش نەكرد.

دواتر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەپێی داھاتی نەوتی و نانەوتی، مووچەی فەرمانبەرانی دابەشكردووە.

لە ساڵی ٢٠١٩دا، حكوومەتی پێشووی عیراق، بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەھەدی و ھەرێمی كوردستان گەیشتن بە رێككەوتنێك كە بەپێی رێككەوتنەكە حكوومەتی عیراق لەبەرامبەر رادەستكردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا لەلایەن ھەرێمەوە بە بەغدا، ٤٥٣ ملیار دینار رەوانەی ھەرێمی كوردستان كرد و دواتر ئەو بڕە پارەیە لە ساڵی ٢٠٢٠دا و دوای پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عیراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی راگیرا.

بەپێی رێككەوتنێكی نێوان حكوومەتی عیراق و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ساڵی ٢٠١٩دا، پێویست بوو حكوومەتی عیراق مانگانە لەبەرامبەر رادەستكردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا بڕی ٤٥٣ ملیار دینار وەك مووچەی مووچەخۆران لە بەغداوە بنێردرێت بۆ ھەرێمی كوردستان، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠دا، حكوومەتی عیراق تەنها سێجار مووچەی مووچەخۆرانی رەوانەی ھەرێمی كوردستان كردووە كە یەكەمیان لە مانگی ئادار بوو و بە بڕی ٤٥٣ ملیار دینار دواتر ئەم پارەكە كەمكرایەوە بۆ ٤٠٠ ملیار دینار و دووەمجاریش ٣٢٠ ملیار دینار و دوایین جاریش بڕی ٣٠٠ ملیار دینار رەوانەی ھەرێمی كوردستان كرد.

ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق لە رۆژی ٢٠٢٠/٤/١٦ بریارێكی سەبارەت بە راگرتنی بوودجەی ھەرێمی كوردستان دەكرد و رۆژی ٢٠٢٠/٤/١٩ شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پرسەكانی بوودجە، شایستە داراییەكانی ھەرێم، نەوت، وزە، ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و چەند پرسێكی دیكە سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكوومەتی عێراق گفتوگۆ و دانوستانی ئەنجامدا.

حكوومەتی عیراق بڕینی پشكی ھەرێمی كوردستان بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە كە ھەولێر پابەندی جێبەجێكردنی رێككەوتنی بوودجەی ساڵی ٢٠١٩ نەبووە كە پێویست بوو رۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات و لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە ئەو نەوتە ھەناردە بكرێت.

دوای ئەو قەیرانەی كە بەھۆی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر ئاستی جیھان سەری ھەڵدا و بەھۆیەوە نرخی نەوت بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزی و بەو پێیەی كە عیراق و ھەرێمی كوردستان بەڕێژەی لەسەدا ٩٠ داھاتەكانیان پشت بە ھەناردەكردنی نەوت دەبەستێت، بۆیە حكوومەتی ھەرێم و حكوومەتی فیدراڵ تووشی كەمی نەختینە بوونەوە.

لەم چوارچێوەیەشدا ژمارەیەك لیژنە بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر وردەكاریی ئەو رێككەوتنەی كە چاوەڕوان دەكرێت لەنێوان ھەولێر و بەغدا واژوو بكرێت، پێكھێنرا.

حكوومەتی فیدراڵ رۆژی ٢٠٢٠/٥/١٩ بە نووسراوی ژمارە ٨٠٢ بە واژووی وەزیری دارایی، عەلی عەبدولئەمیر عەللاوی كە ئاراستەی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی كردبوو رەزامەندی نیشاندا لەسەر خەرجكردنی بڕی ٤٠٠ ملیار دینار كە ئەم بڕە ٥٣ ملیاری كەمترە لەو بڕەی كە لە بوودجەی ساڵی ٢٠١٩دا وەك شایستەی دارایی ھەرێمی كوردستان جێگیركرابوو.

بەپێی خاڵێك كە لە ناوەڕۆكی نووسراوەكەدا ھاتبوو، حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی ھەرێم دەست بە گفتوگۆی چڕ دەكەنەوە بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتن كە لە مانگێك تێپەڕ نەكات لە رێكەوتی دەرچوونی ئەو نووسراوە كە رۆژی ٢٠٢٠/٥/١٩ و یاسای ئیدارەی مالی دەبێتە بنچینەی دانوستانەكانی نێوانیان.

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رۆژی ٢٠٢٠/٥/١٩ بە نووسراوی ژمارە ٢٠١ بە واژووی وەزیری دارایی و ئابووری، ئاوات شێخ جەناب نوری كە ئاراستەی وەزیری دارایی لە حكوومەتی فیدراڵ، عەلی عەبدولئەمیر عەللاوی كرابوو، تیایدا رەزامەندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی لەسەر ناوەڕۆكی نووسراوی ژمارە ٨٠٢ی وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵ نیشاندابوو.

- حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ساڵی ٢٠٢٠ بەم شێوەیە مووچەی فەرمانبەرانی دابەشكردووە

مووچەی مانگی یەكی دابەشكرد و مووچەی مانگی دووی و سێی بە لێبرینی ٢١ لەسەدای دابەشكرد و مووچەی مانگەكانی چوار، پێنج، شەش، حەوت و ھەشتی دابەش نەكرد و مووچەی مانگی نۆی بە لێبرینی ١٨ لەسەدا دابەشكرد و مووچەی مانگی ١٠ی بە لێبرینی ٢١ لەسەدا دابەشكرد و مووچەی مانگی ١١ و ١٢ی دابەش نەكرد.

پێشتر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو كە مووچەی مانگەكانی (ئایار، حوزەیران، تەمووز، نیسان، ئاب، تشرینی دووەم، كانونی یەكەم)ی ساڵی ٢٠٢٠ بكرێت بە قەرز لەسەر حكوومەتی فیدراڵی، چونكە مووچەی نەناردووە.

لەمساڵدا تا ئێستا چەندینجار شاندی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردووە و لەسەر پرسی نەوت و غاز، بوودجە و شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەگەڵ شاندی حكوومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییەكان ئەنجامداوە.

لە پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١ی عێراق كە ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقە، لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنەی نێوان حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێم كراوە، پشكی ھەرێمی كوردستان لە بوودجەی گشتییدا بە ١٢،٦٧ لەسەدا دیاریكراوە، بەڵام ئەم رێژەیە ھێشتا یەكلایی نەكراوەتەوە و لەلایەن لیژنەی دارایی و لایەنە سیاسییە عیراقییەكان بڕیاری كۆتایی لەسەر نەدراوە تاوەكو لەكاتی پەسەندكردنی پرۆژە یاساكەدا دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن