لەبارەی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ لەهەرێم روونكردنەوە دەدرێت

کوردستان

07/04/2021     ژمارەی بینراو 434

راچڵەكین –

بەرپرسێكی پارێزگای هەولێر لەبارەی دەنگۆی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی سنووردار لەهەرێمی كوردستان، روونكردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت، تائێستا بەفەرمی بڕیاری لەبارەوە نەدراوەو تەنها پێشنیارە.
 
هێمن قادر، وتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، سەبارەت بە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ، بە میدیاكانی نزیك لە پارتی راگەیاندووە، تا ئێستا قەدەغەی هاتووچۆی سنووردار، تەنیا پێشنیارە و بەفەرمی بڕیاری لەبارەوە نەدراوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو بابەتە هەڵگیراوە بۆ كۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی باڵای رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەوێوە بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێ، قەدەغەی هاتووچۆ رابگەیەندرێ یان نا.

ئەمڕۆ نووسراوێك بەناوی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم بڵاوكرایەوە، كە تیایدا ئاماژە بەوەكراوە، لەم شەو چوارشەممە قەدەغەی هاتوچۆی نیمچەیی لەهەرێمی كوردستان دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام تائێستا هیچ سەرچاوەیەك راستی و دروستی ئەو نووسراوەی پشتڕاست نەكردووەتەوە.

دەنگۆی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی نیمچەیی، لەكاتێكدایە رۆژ بە رۆژی ژمارەی تووشبووانی كۆڕۆنا لە هەرێمی كوردستان روو لە بەرزبوونەوەیە، بەگوێرەی نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندروستیش، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا هەزارو 217 حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆماركراوەو 13 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن