نەتەوەیەكگرتووەكان: داعش و حەشدی شەعبی دەستدرێژیانكردووەتە سەر منداڵان

ڕاپۆرت

04/02/2020     ژمارەی بینراو 187

نەتەوەیەكگرتووەكان: داعش و حەشدی شەعبی دەستدرێژیانكردووەتە سەر منداڵان

راچڵەكین- ئاسۆ شەیدا

رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، سەركۆنەی ئەو پێشێلكاریانەی كرد كەتەواوی لایەنە چەكدارەكانی عیراق و كوردستان دژ بەمنداڵان ئەنجامیان داوە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەراپۆرتێكدا كە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردووە، هەریەك لە ( داعش، حەشدی شەعبی، سوپاو پۆلیسی عیراق، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هێزی پێشمەرگەو هێزەكانی ئێزدییەكان)ی تۆمەتباركردووە بە پێشێلكردنی مافەكانی منداڵان لە عیراق. وەك ماڵپەڕی ئەلحوڕە بڵاویكردووەتەوە.

وەك لەراپۆرتەكەدا هاتووە:" زیاتر لە 2114 منداڵ رووبەڕووی پیشێكاری بوونەتەوە لەنێویاندا كوشتن، شێواندن و دەستدرێژیكردن."

ئەوەش روونكراوەتەوە، ئەو ژمارەیە تەنها ئەوانەن كە ئاشكرا كراون و بەفەرمی تۆمار كراون، پێدەچێت ژمارە راستەقینەكەش زۆر لەوە زیاتر بێت كە بەهۆی دابونەریتی كۆمەڵایەتی و مردنەوە نەتوانراوە تۆمار بكرێن.

راپۆرتەكەی گۆتێرێس، زۆرترین تاوانەكانی دژ بەمنداڵانی خستووەتە ئەستۆی رێكخراوی داعش كە خۆی لە كوشتن، شێواندنی جەستەو دەستدرێژی كردنە سەر كچان خۆی دەبینێتەوە، لەپلەی دووەمیشدا حەشدی شەعبی دێت كەزۆرترین رێژەی "دەستدرێژیكردنە سە كوڕانی مێردمنداڵی" تێدا تۆمار كراوە.

لەبەشێكی تری راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، 1772 منداڵ لەعیراقدا رووبەڕووی كوشتن و شێواندنی جەستەیان بوونەتەوە، 206ی تریان چەكدار كراون، 86 ی تر رفێندراون و 10یان دەستدرێژیان كراوەتەسەر.

ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان، لە ووردكردنەوەی ئامارەكاندا، ئاماژەی بەوەكردووە:" داعش هۆكاری كوژران و شێواندنی جەستەی 462 منداڵە لەعیراق، دوای ئەو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزە عیراقییەكان دێن بەكوشتن و شێواندنی 142 منداڵ، هێزەكانی پێشمەرگەش لەپلەی سێیەم دێن بە كوشتن و شێواندنی 34 منداڵ، حەشدی شەعبی 9 منداڵ، هێزەكانی توركیا دوو منداڵ و جگە لەوە 162 منداڵ بەهۆی پاشمانەكانی جەنگ وەك بۆمبی چێندراوو مینەی كەسییەوە، كوژران یاخود جەستەیان شێواوە."

وەك لە راپۆرتەكەی نەتەوەیەكگرتووەكاندا هاتووە، رێكخراوی داعش لە 8 حاڵەتی دەستدرێژی تێوەگلاوە، حەوتیان دەستدرێژیكردنە سەر كچان لەژێر پەردەی هاوسەرگیری زۆرە ملێ و حاڵەتی هەشتەمیان دەستدرێژیكردنە سەر مێدرمنداڵێكی كوڕ.

هاوكات، لەراپۆرتەكەدا حەشدی شەعبی تۆمەتباركراوە بە تێوەگلان لەدوو حاڵەتی دەستدرێژیكردنە سەر دوو مێرد منداڵی كوڕ" هەردووكیان سەر بەداعش بوون"، بەگوێرەی راپۆرتەكە " چەند ئەفسەرێكی حەشدی شەعبی دەستدرێژیانكردووەتە سەر مێدرمنداڵێكی 17 ساڵ كاتێك بۆماوەی دوو مانگ لەزیندانەكانی ئەو گروپەدا بووە."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن