راچڵەکین-
سەرۆککۆماری عیراق بودجەی گشتی پەسەندکرد و جەختیکردەوە لەپێویستی جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاساکە بەوجۆرەی پەرژەوەندی سەرجەم ھاووڵاتیان بپارێزێت و پشتیوانی چاکسازی دارایی و بەگژاچوونەوەی گەندەڵی بکات.".
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨-٤-٢٠٢١، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عیراق یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢١ پەسەندکرد.
لەمیانی واژووکردنی یاساکەدا سەرۆککۆمار رایگەیاند، پەسەندکردنی یاساکە بۆ زامنکردنی پێداویستییە گرنگەکانی خەڵکە، هەروەها بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی گشت مووچەخۆران و خانەنشینانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و خەرجییە پێویستییەکانی حکومەتە، بەجۆرێک دادپەروەری کۆمەڵایەتی بۆ تەواوی خەڵکی عێراق بھێنێتەدی.
وتیشی:" پەسەندکردنی بودجەی گشتی هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی پاراستنی مافە رەواکانی خەڵک و مووچەخۆران، ھەروەھا جەختیکردەوە لە پشتیوانی رۆڵی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجەی گشتی و یەکخستنی هەوڵی ھەمووان بە ئاڕاستەی ھێنانەدی پێداویستییە گرنگەکانی هاووڵاتیان و بونیادنانەوەی عێراق و گرتنەبەری باشترین رێوشوێن بۆ پشتیوانی لە توێژی کەمدەرامەتەکان و رەخساندنی دەرفەری کار بۆ گەنجان و درێژەدان بە چاکسازی و بەگژاچوونەوەی گەندەڵ"ی.
پەسەندکردنی بودجەی گشتی لەلایەن سەرۆک کۆمار دوای ئەوە دێت کە یاساکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە گەیشتە سەرۆکایەتی کۆمار، پاش ئەوەی دەنگی لەسەر درابوو لە ئەنجومەنی نوێنەران.