پەیامێك لە لیوا ئەیوب-ەوە گەیشت

کوردستان

08/04/2021     ژمارەی بینراو 4742

راچڵەكین –

لیوا ئەیوب یوسف لێپرسراوی دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای (3 و 7)ی تایبەت، دوای تووشبوونی بەسەختی بە پەتای كۆڕۆنا، پەیامێك لەبارەی تەندروستی خۆی بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت كە لەئێستادا باری تەندروستی جێگیرەو پەتاكەی تێپەڕاندووە.

دەقی پەیامەكە:

پاش ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوچاری توشبوون بە نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووم، سوپاس بۆ خوای گەورە بە هاوكاری و یارمەتی پزیشكە بەڕێزەكان و تەواوی خێزان و هەڤاڵانم. دواجار توانیم زاڵبم بەسەر نەخۆشییەكەمدا و ئەو ڤایرۆسە نەگریسەم تێپەڕاند و ئێستا تەندروستیم زۆر باش و گونجاوەو پشتیوان بە پەروەردگاری مەزن لەم چەند ڕۆژی داهاتوودا دەگەڕێمەوە خزمەتتان و لە بارەگاكانمان ئەركەكانمان جێبەجێ دەكەین.

لێرەوە سوپاس و پێزانینم ئاڕاستەی تەواوی خەڵكی بەڕێزی كوردستان و هەموو ئەو پزیشكە بەڕێزانەی پێمەوە ماندوو بوون و بەرپرسانی سیاسی و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای  سیاسی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و پەرلەمانی كوردستان و عیراق و بەرپرسانی سیاسی و سەربازی و حكومی و هاوڕێ و هەڤاڵانم و هەموو ئەو دۆست و ئازیزانە دەكەم، كە بە نامەو پەیوەندی تەلەفۆنی و سەردانیان بۆ نەخۆشخانەو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هاوخەمییان دەربڕیوەو هیوای تەندروست باشییان بۆ من خواستووە و ئەركیان لەگەڵمدا كێشاوە.

ئێستا لەناو خێزانی خۆمدام و تەندروستیم زۆر باشە، دووبارە سوپاس بۆ پەروەردگاری مەزن و ئێوەی بەرز و بەرێز. بمێنن بە تەندروستی باشەوە.

براتان/ لیوا ئەیوب یوسف سەعید

لیوا ئەیوب یوسف، یەكێكە لە فەرماندە دێرین و تێكۆشەرەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە بەشداری لە چەندین داستانی قارمانانە كردووە لەدژی رژێمی بەعس و تیرۆریستانی داعش، دیارترین ئەو داستانانەش بەشداریكردنی بووە لەگەڵ شەهید سەردار سەعید سۆفی و بەختیار كاوانی لە هەوڵی كوشتنی ئیبراهیم زەنگەنە پارێزگاری هەولێر لەسەردەمی هەشتاكان، كە بەسەختی برینداریان كرد.

لیوا ئەیوب دوای چەند رۆژێك لە توشبوونی بەسەختی بە پەتای كۆڕۆنا، لە نەخۆشخانەی پار لە هەولێر چارەسەری پزیشكی وەرگرت و ئەمڕۆش پەتاكەی تێپەڕاند.

وێنەی لیوا ئەیوب لەگەڵ كارمەندانی نەخۆشخانەی پار لەكاتی جێهێشتنی نەخۆشخانە

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن