ئوردن؛ شازادە حەمزە لەگەڵ عەبدوڵڵای دووەم دەركەوت‌

جیهان

11/04/2021     ژمارەی بینراو 392

راچڵەكین-

شازادەی جێنشینی پێشووی ئوردن، حەمزە بن حوسێن كە ماوەیەك لەمەوبەر تۆمەتی "تێوەگلان لە ژمارەیەك چالاكی هێزەكانی دەرەوە كە ئاسایشی ئوردن دەخەنە مەترسی" خرابووە پاڵ، بۆ یەكەم جار لەگەڵ شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم لەبەردەمی كامێرا پێكەوە دەركەوتن.

دیوانی شاهانەی ئوردن رایگەیاند، عەبدوڵڵای دووەم بەبۆنەی ١٠٠هەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی دەوڵەتی ئوردن سەردانی مۆنۆمێنتی بنەماڵەی شاهانەی هاشمی كردووە.

شازادەی جێنشین حوسێن بن عەبدوڵڵا، شازادەی جێنشینی پێشوو، حەمزە بن حوسێن و ئەندامانی دیكەی بنەماڵەكە بەشدارییان لەو سەردانەی شای ئوردن، عەبدووڵای دووەمدا كرد.

رۆژی ٣ی نیسان، رۆژنامەی واشنتۆن پۆست-ی ئەمریكی بانگەشەی ئەوەی كردبوو كە شازادەی جێنشینی پێشوو، حەمزە بن حسێن و ٢٠ كەسی دیكە بە تۆمەتی "بوونە مایەی هەڕەشە لەسەر سەقامگیری وڵات" دەستبەسەركراون.

هەرچەندە بەرپرسانی ئوردن ئەوەیان ئاشكراكرد كە شازادە حەمزە دەستبەسەر نەكراوە بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، ئەیمەن سەفەدی ئەوەی خستەڕوو كە لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوتووە حەمزە بن حسێن لە هەندێك چالاكییەوە گلاوە كە چەند هێزێكی دەرەكی ویستویانە لە رێگەیەوە ئاسایشی ئوردن بكەنە ئامانج.

لەلای خۆیەوه حەمزە بن حوسێن‌ لە نامەیەكدا جەختی لەسەر ملكەچی خۆی بۆ عەبدوڵڵای دووەم كردەوە.

شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم لە ٧ی نیساندا لە پەیامێكدا ئاماژەی بەوە دا كە حەمزە لەگەڵ خانەوادەكەی لە كۆشكدان و "كۆتایی بەو ئاژاوەیە هاتووە" كە چەند رۆژێك بوو لە ئارادا بوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن