سعوودیە رەزامەندیی نیشاندا لەسەر ئەنجامدانی نوێژی تەراویح لە هەردوو حەرەمی پیرۆز

جیهان

11/04/2021     ژمارەی بینراو 197

راچڵەكین-

 

شای سعوودیە، رەزامەندی دا لەسەر ئەنجامدانی نوێژی تەراویح لە هەردوو حەرەمی پیرۆز بە مەرجی كەمكردنەوەی ركاتەكانی لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا.

سەرۆكایەتی گشتیی كاروباری مزگەوتی حەرام و مزگەوتی پێغەمبەر كە سەرپەرشتیی كارەكانی هەردوو حەرەمی پیرۆز لە مەككە و مەدینە دەكات لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" شا سەلمان رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەنجامدانی نوێژی تەراویح لە هەردوو حەرەمی پیرۆز بە مەرجی كەمكردنەوەی ركاتەكانی بۆ ١٠ ركات لە مانگی رەمەزاندا."

لە ساڵانی رابردوودا، نوێژی تەراویح لە هەردوو حەرەمی پیرۆز ٢٠ ركات بوو لەگەڵ سێ ركات نوێژی ویتر.

لە راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی كاروباری هەردوو حەرەمی پیرۆز ئاماژە بەوە كراوە كە رێكارەكانی خۆپارێزی لە پێشوازیی میوانان لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا بەردەوام دەبێت.

رۆژی سێشەممە حكوومەتی سعوودیە رایگەیاند، رێگە نادرێت بە مانەوە و پارشیۆ خواردن و بەربانگكردنەوە لە مزگەوتەكان لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا.

بەپێی دوایین ئامارەكان، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سعوودیە گەیشتووەتە ٣٩٨ هەزار و ٤٣٥ تووشبوو كە شەش هەزار و ٧٥٤یان گیانیان لەدەستداوە و ٣٨٣ هەزار و ٣٢١ كەسیان دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشكیی چاكبوونەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن