"ئێستا لە بواری میدیادا لە كوردستان جۆرێك لە بەرەڵایی و پەرت و بڵاوی هەیە"

چاوپێکەوتن

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 122


راچڵەكین-

١٢٣ ساڵ لەمەوبەر لە رۆژی ٢٢ نیسانی ١٨٩٨ یەكەمین رۆژنامەی كوردی بەناوی كوردستان لە قاهیرەی پایتەختی میسر بڵاوكرایەوە و بووە یەكەمین ئەزموونی كورد لە بواری رۆژنامەگەریدا.

رۆژنامەكە لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخان دەركرا، یەكەمین ژمارەی سێ هەزار دانەی لێ چاپكرا و دوو هەزار دانەی بە بێ بەرامبەر بڵاوكرایەوە.

ئەمڕۆ دوای ١٢٣ ساڵ لەو مێژووە بەپێی ئاماری سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە هەرێمی كوردستان ٩٤٣ رۆژنامە و گۆڤاری تۆماركراو و دەیان كەناڵی تەلەڤیزیۆنی ئاسمانی و لۆكاڵی و دەیان رادیۆ و دەیان ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی رۆژانە پەخشی هەواڵ و زانیارییەكان دەكەن.

ساڵانە لە هەرێمی كوردستان لەم رۆژەدا یادی رۆژی رۆژنامەگەری كوردی دەكرێتەوە و وەك نەریتێك بە رۆژی رۆژنامەگەری كوردی پێناسەكراوە، بەڵام لە ئەمساڵەوە یادەكە بووە فەرمی و دوێنی ٢١ی نیسان پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی ١٠١ پەرلەمانتار رۆژی ٢٢ی نیسانی بە رۆژی رۆژنامەگەریی كوردی دیاریكرد و لەمە بەدوا ساڵانە بە فەرمی یادی رۆژەكە دەكرێتەوە.

ئازاد حەمەئەمین- نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، دەربارەی دۆخی رۆژنامەگەری كوردی لە هەرێمی كوردستان دەڵێت: "پێمان وایە رۆژنامەگەری كوردی توانیویەتی سوودی باش لە تەكنەلۆجیا وەربگرێت، بەپێی داتاكان ژمارەیەكی زۆر لە رادیۆ و تەلەڤیزیۆن و ماڵپەڕ و رۆژنامەی چاپكراو هەن، ئەوەی كە گرفتی سەرەكین و پێویستە لە داهاتوودا كاری لەسەر بكرێت ئێمە لەبەردەم ئاڵنگارییەكداین كە پێویستمان بە هەندێك ریفۆرم هەیە بۆ نموونە تاوەكو ئێستا یاسایەك نییە بۆ رێكخستنی پەخشی رادیۆ و تەلەڤیزیۆن، سۆشیال میدیا گرفتێكی دیكەیە و لە ماوەی رابردوو لەگەڵ پەرلەمانیش دانیشتمان بۆ ئەم بابەتە كردووە و كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتیشمان كرد، پێشنیازی دروستكردنی ئەنجوومەنێكی نیشتمانیی میدیامان هەیە و پرۆژەمان هەیە بۆ ریفۆرمكردنی یاساكان كە بابەتی رۆژنامەگەری ئەلیكترۆنی چارەسەر بكات".

دەربارەی گرفتەكانی بواری میدیا لەئێستادا لە هەرێمی كوردستاندا، نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان رێكنەخستنی سۆشیال میدیای وەك گرفتێكی سەرەكی وێناكرد و وتی: "گرفتێكی سەرەكی كە لەبەردەمماندایە ئەوەیە ئەكاونتی كەسی نابێتە ناوەندێك بۆ مومارەسەركردنی كاری رۆژنامەوانی دەبێت ئەمە جیابكرێتەوە، لە دونیادا رۆژنامەنووسی هاووڵاتی هەیە، بەڵام ئەوەی لای ئێمە گرنگە رۆژنامەنووسی پیشەییە كە ئەو رۆژنامەنووسە پابەند دەبێت بە ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی و میساقی شەرەفی كاری رۆژنامەوانی ئەمەش وادەكات كە لەبەردەم بەرپرسیارێتیدابێت بۆ ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و بەرژەوەندی باڵای خەڵك، پێمان وایە ئەمانە كۆمەڵێك بابەتن كە دەبێت لەگەڵ پەرلەمان و حكوومەت كاری لەسەر بكەین و چارەسەری بكەین ئەوانە و بابەتەكانی خانەنشینی و باشتركردنی گوزەرانی رۆژنامەنووسان و هەندێ كاری دیكەش".

لە وەڵامی ئەوەی وەك سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە دۆخی میدیایی ئیستای كوردستان رازین، ئازاد حەمەئەمین رایگەیاند: "دوو بابەت هەن كە من لێی رازی نیم، یەكەمیان ئەوەیە كە بەداخەوە هەندێ جار، هەندێك پرۆژە دەبینین كە لە بنەمادا پرۆژەی میدیا نین و میدیایان ئیستیغلال كردووە بۆ هەندێ ئەجێندای دیكە كە زیانی بە پیشەی رۆژنامەوانی گەیاندووە و هەندێك كەس دەكرێت بە رۆژنامەنووس كە لەبنەمادا رۆژنامەنووس نییە، دووەمیش بابەتی پرۆفیشنیاڵییەت و بەپیشەیی كاركردنە، دەبێت دان بەوەدا بنێین ئێمە كەموكورتیمان هەیە لەڕووی پیشەییبوونەوە، رۆژنامەنووس لەبنەمادا بێلایەن و سەربەخۆیە، بەڵام بەداخەوە تاوەكو ئێستا لە كوردستان نەمانتوانیوە تەواو بێلایەن و سەربەخۆبین لە رووماڵكردن و گەیاندنی زانیاری هەواڵەكان بۆ خەڵكی كە ئەمەش رەنگە كاریگەری خراپی هەبووبێت، بەهیوام لە داهاتوودا لەو پرۆژەیاسایانەی ئامادەمان كردووە بتوانین میكانیزمێك بۆ چارەسەری ئەو بابەتانە بدۆزینەوە".

رۆژنامەوانی كوردی لە یەكەم هەنگاویدا بە میدیایەكی سەربەخۆ دەستی پێكرد، موڵكی حزب و دەوڵەت نەبوو، بنەماڵەی بەدرخانەییەكان سەرپەرشتییان كرد و هەرخۆشیان پشتیوانی داراییان بۆ پەیداكرد، بەڵام دوای ١٢٣ ساڵ ئێستا میدیا لە هەرێمی كوردستان بەوتەی شارەزایانی بوارەكە بەتەواوی بووەتە میدیایەكی لایەندار و بەشی زۆری میدیاكان لەلایەن حزبەكانەوە خاوەندارێتی دەكرێت.

نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، ئازاد حەمەئەمین لەوبارەیەوە رایگەیاند "ئەو بابەتە پەیوەندی بە موڵكایەتییەوە هەیە، ئەگەر میدیاكە میدیای حزب بێت بێگومان ئەو پارەیەی تێیدا خەرجدەكرێت حزب دابینی دەكات و ئاراستەكانی میدیاكە لەخزمەتی ئەجێندای موڵكایەتییەكەیدا دەبێت، میدیای سەربەخۆ واتە بوونی پارەی سەربەخۆ، یەكێك لە گرفتەكان ئەوەیە كە ئێمە پێویستمان بەوەیە وەبەرهێنەرانی كورد هانبدرێن و رێگایان بۆ خۆشبكرێت تاوەكو بتوانن پارەكانیان لە میدیادا سەرف بكەن بۆئەوەی میدیا بتوانێت قازانج بكات".

وتیشی: "تاوەكو میدیا قازانج نەكات و تاوەكو پیشەسازی رۆژنامەوانیی دروست نەبێت ناتوانین بە مانای وشە بڵێین میدیایەكی سەربەخۆمان هەیە، میدیا سەربەخۆ بەدروشم و قسەی بریقەدار نابێت، بەڵكو بە سەربەخۆیی دارایی دروست دەبێت".

دەربارەی هۆكارەكانی ئەوەی لە كوردستان میدیا بۆچی نەیتوانیوە سەربەخۆبێت رایگەیاند "رەنگە هەندێك هۆكار هەبن لە رابردوودا كە میدیای كوردی بەو ئاراستەیەدا رۆشتووە، كورد دەوڵەتی نەبووە و میدیاكەشی بە دۆخی ناخۆشدا تێپەڕیوە، هەمیشە هەوڵدراوە هەموو بابەتە سیاسییەكانی خۆی لە میدیادا جێبكاتەوە، بەڵام ئێستا لە دۆخی سەردەمدا ئەرك و كار و پەیامی میدیا گۆڕاوە، میدیا یەك پێناسەی هەیە ئەویش گەیاندنی هەواڵ و زانیارییە بە خەڵك، ئەمە پێداویستییەكی خەڵكە و بۆئەوەی میدیاش هەواڵ بگەیەنێت بە خەڵك پێویستی بەوەیە ئەو میدیایە سەربەخۆبێت و پێداویستییە دارایەكانی بۆ دابین بكرێت، بۆ ئەمەش پرۆژە و پێشنیارمان هەبووە كە چۆن بەرنامە هەبێت بۆ پشتیوانی دارایی میدیای كەرتی تایبەت كە لە خزمەتی خودی رۆژنامەنووسان خۆیاندا بێت".

لە وەڵامی ئەوەی وەك خودی نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسان تێڕوانینیان چییە بۆ دۆخی میدیای كوردی، رایگەیاند "لەوە رازیم كە توانراوە لەڕووی یاساییەوە زۆر پرەنسیپی ئازادی بیروڕا جێبەجێ بكرێن و سانسۆر نەبێت، لەوەش ناڕازیم كە بەداخەوە ئێستا جۆرێك لە بەرەڵایی و پەرت و بڵاوی هەیە كە پێویستی بە رێكخستنەوەیە هەم بە یاسا هەم بەوەش كە پێویستە لەیەك تێبگەین بەپێی پێوەری نیودەوڵەتی كە كار و ئەركی میدیا چییە و میدیاكاران كێن".

بەپێی ئاماری سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، شەش هەزار و ٨٠٧ رۆژنامەنووس خۆیان وەك ئەندامی سەندیكاكە تۆماركردووە و پێناسی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانیان هەڵگرتووە، ١٧٥ خاوەن ئیمتیاز هەیە، ٣٦٣ سەرنووسەر، دوو هەزار و ٧١٤ نووسەر، دوو هەزار و ٣٥٠ پەیامنێر، ٨٥٦ وێنەگر و ٣٤٩ كەسیش وەك نەخشەساز و هەڵەچن و وەرگێڕ و هەواڵساز و بواری دیكە لە سەندیكاكەدا تۆماركراوە.

ئێستا لەنێو چینی رۆژنامەنووسان خۆیاندا رەخنەی زۆر لەوە دەگیرێت كە ژمارەیەكی زۆری خەڵك لەژێر ناوی رۆژنامەنووسیدا كاردەكەن كە لە بنەمادا ئەو كەسانە رۆژنامەنووس نین و شارەزای بواری میدیا نین و لەڕووی ئەكادیمیشەوە شارەزاییەكی ئەوتۆیان لە بوارەكەدا نییە. 
نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، ئازاد حەمەئەمین لەو بارەیەوە وتی: "ئەوە رەخنەی ئێمەشە، پێمان وایە خراپ تێگەیشتنێك هەیە لە رۆڵی میدیا و هەندێك جار میدیا ناگەڕێتەوە بۆ كارە سەرەكیەكەی كە گەیاندنی زانیاریی دروستە، دەزگای زۆری میدیا دروست بوون ئەگەر سەیری داتاكان بكەین كەناڵە میدیاییەكان و ماڵپەڕەكان و دەزگا میدیاییەكان ژمارەیەكی زۆر زیاترە لەوەی كە پێویستە، هەرێمی كوردستان شەش ملیۆن كەسین بەهێندەی دوو دەوڵەت میدیامان هەیە. لە كۆنگرە نێودەوڵەتییەكان كاتێك سەیری داتای میدیای وڵاتە گەورەكان دەكەین وڵات هەیە دانیشتوانەكەی ١٠٠ ملیۆن كەسە بەڵام بەهێندەی ئێمە میدیای نییە".

وتیشی: "ئەم دۆخەی كە ئێستا هەیە پێمان وایە قۆناغێكی راگوزەرە و تێدەپەرێت، بەڵام پێویستی بە چارەسەر هەیە".

دەربارەی هۆكاری دروستبوونی ئەو دۆخەش رایگەیاند: "لەدنیادا بابەتێك هەیە پێی دەڵێن ئەكتیڤیتی یان چالاكوانی مەدەنی، بەداخەوە لە كوردستان هەوڵێك هەیە دەیانەوێت هەموو چالاكییەك بلكێنن بە میدیاوە لە كاتێكدا زۆر جیاوازن، رۆژنامەنووسی هاووڵاتی هەیە زۆر جیاوازە لە رۆژنامەنووسی پیشەیی لەڕووی پێناسەوە، بۆیە پێویستە ئەم بابەتانە قسەی لەسەر بكرێت و رێكبخرێنەوە".

رەخنەی قوڵی بەشێك لە میدیاكاران لە هەرێمی كوردستان لە سنوورداری ئازادی رادەربڕینە، زۆركات رەخنەی ئەوە دەگرن كە سەرباری زۆری میدیا و میدیاكاران، بەڵام گەیاندنی زانیارییەكان بە وەرگر لە هەندێك بواردا سانسۆری لەسەرە و ناتوانن بە ئازادی پیادەی كار و پیشەكەیان بكەن، بۆ ئەمە نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسان رایگەیاند: "دۆخی ئازادی بیروڕا پەیوەندی بە پرۆفیشناڵییەوە هەیە، دەبێت دان بەوەدا بنێین ئێمە لەڕووی پیشەییبوونەوە كێشەمان هەیە لەهەمان كاتیشدا دامودەزگاكان كە مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووس دەكەن ئەوانیش پێویستیان بە بابەتی پرۆفیشناڵی هەیە، كاتێك پۆلیسێك یان كارمەندێكی ئەمنی مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووسێكدا دەكات پێویستە بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووس دەكرێت كە ئەمە وانەیەكە و دەخوێندرێت، بۆیە بۆ ئەم بابەتە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ گفتوگۆمان هەیە كە چۆن مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووسان بكرێت لەكاتی رووداوەكان".

وتیشی: "بیگومان ئازادی رادەربڕین و ئازادی میدیا كە پایەیەكی گرنگە لەنێو ئازادی گشتی هەیە، بەڵام پێویستی بە رێكخستن هەیە، لەڕووی بنیاتی یاسایی رازین، بەڵام ئەوەی دەگوزەرێت لە كوردستاندا ئەو پەرش و بڵاوی و بەرەڵاییەیەی كە هەیە لێی رازی نین".

دەربارەی دەستگەیشتن بە زانیارییەكانیش كە هاووڵاتییان مەبەستیانە لەڕێگای میدیاوە بیزانن، رایگەیاند "یاسایەك هەیە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و دەمێكە دەرچووە، بەداخەوە ئەم یاسایە ئەكتیڤ نەكراوە و ئەو ئالیاتانەی لە یاساكەدان كاتی خۆشی ئێمە رەخنەمان لەسەری هەبوو، ئێستاش جارێكی دیكە داوا دەكەین هەم حكوومەت هەم دەستەی گشتی مافی مرۆڤ كە ئەركی پێ سپێردراوە چاودێری ئەو یاسایە بكات، دەبێت پێداویستییەكانی ئەكتیڤكردن و جێبەجێكردنی یاساكە دەستەبەر بكرێن و هەنگاوی بۆ بنرێت و بڕیاری بۆ دەربكرێت".

لە ماوەی رابردوودا لە بادینان ژمارەیەك چالاكوان و رۆژنامەنووس دەستگیركران، دواتر لەلایەن دادگاوە بەتۆمەتی سیخوڕیكردن سزادران، بەڵام ئەم كەیسە هەتاوەكو ئێستاش مشتومڕی لەسەرە و رای گشتی بۆ دوو بەرە دابەشكردووە، بەشێك پشتگیری بڕیارەكەی دادگا دەكەن و بەشێكی دیكەش پێیان وایە بابەتی ئەو كەسانە سیاسییە و سزای سیاسی دراون، نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانیش لەسەر كەیسەكە قسەی هەیە و وتی: "بەداخەوە ئەوە یەكێكە لەو بابەتانەی باسمكرد، بەزۆر لكاندنی پیشەی رۆژنامەنووسی بە كەسێكەوە كە رۆژنامەنووس نییە، ئەوانەی كە لە دادگان لەو كەیسەدا ئەندامی سەندیكا نین و بەهیچ جۆرێك پراكتیكی كاری رۆژنامەنووسیان نەكردووە وەك پیشە چونكە لە یاسای ژمارە ٣٥ بڕگەیەك هەیە نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسان بۆی هەیە بەشداری لە لێكۆڵینەوەكان بكات، بەڵام ئەوان ئەندامی سەندیكا نین".

نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان رەخنەی لە بەشێك لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان هەیە لە بواری میدیا كە لەسەر ئازادی میدیا و رادەربڕین دەكرێن لە هەرێمی كوردستان و رایگەیاند "هەر راپۆرتێك كە ناوەندە نێودەڵەتییەكان دەیكەن لەسەر رەوشی میدیا و ئازادی میدیا لە هەرێمی كوردستان بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی داكۆكی لە رۆژنامەنووسان راپۆرتی دروست و ورد و واقیعی نین، چونكە ناكرێت لە هەزاران كیلۆمەتر دوورەوە واقیعی كوردستان لەمن باشتر ببینێت".

وتیشی: "بەداخەوە خەڵكانێكیش هەن لە كوردستاندا ئیشیان بەپرۆژە وەرگرتنە بۆئەوەی خۆیان بژیەنن كەڵكی خراپیان لە میدیا وەرگرتووە كە ئەمەش جۆرێكە لە تێكەڵاوكردنی وەرەقەكان و ئەوەی زەرەریشی تێداكردووە رۆژنامەنووسان و پیشەی رۆژنامەنووسی خۆیەتی".

مێژووی رۆژنامەگەری كوردی لە دەرچوونی یەكەم ژمارەی رۆژنامەی كوردستانەوە دەستپێدەكات. لە رۆژی ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ یەكەمین ژمارەی لێ دەرچوو، سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیازی رۆژنامەكە میقداد مەدحەت بەدرخان لەسەر یەكەمین ژمارەی رۆژنامەكە نووسیبووی (من رۆژنامەیەكم بە ناوی كوردستان دەركرد، ئامانجم لەم كارە ئەوەیە كە گەلی كورد لە بوارەكانی كولتووری، سیاسیی، زمان، ئابووری و زانستەوە هۆشیار بكەمەوە).

رۆژنامەی كوردستان بە پچڕپچڕی و لە چەند شوێن و وڵاتێكی جیاواز ٣١ ژمارەی لێ دەرچووو ژمارە یەك تاوەكو ژمارە پێنج لە قاھیرە, ژمارە شەش تاوەكو ١٩ لە جنێڤ، ٢٠ تاوەكو ٢٣ دووبارە لە قاھیرە، ٢٤ لە لەندەن و ٢٥ تاوەكو ٢٩ لە ئەڵمانیا و ٣٠ و ٣١یش دووبارە لە جنێڤ بڵاوكرانەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن