هیندستان ژمارەیەكی پێوانەیی لە توشبووانی كۆڕۆنا تۆماردەكات

جیهان

01/05/2021     ژمارەی بینراو 519

راچڵەكین –

ڤایرۆسی كۆڕۆنا بەشێوەیەكی مەترسیدار لە هیندستان بڵاودەبێتەوەو لەماوەی 24 كاتژمێری رابردووشدا، زیاتر لە 400 هەزار حاڵەتی نوێی تووشبوون لەو وڵاتە تۆماركراوەو هەزاران تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی هیندستانەوە بڵاوكراوەتەوە، لە 24 كاتژمێری رابردوودا، 401 هەزار و 993 حاڵەتی تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ تۆماركراوە، هاوكات سێ هەزار و 523 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، ژمارەی تووشبووانی پەتاكە لە هیندستان بۆ 19 ملیۆن و 164 هەزار و 969 كەس بەرزبووەتەوە، كۆی ژمارەی ئەو كەسانەشی بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە، 211 هەزارو 850 كەسی تێپەڕاندووە.

لە سەرەتای ئەم مانگەوە پەتای كۆڕۆنا بەشێوەیەكی مەترسیدار لە هیندستان تەشەنەی كرد، بەجۆرێك لە رۆژی 5-4 زیاتر لە 100 هەزار توشبوو تۆماركرا، لە 15ی ئەم مانگەش ژمارەی تووشبووانی رۆژانە بۆ 200 هەزار كەس بەرزبووەوە، لە 24 كاتژمێری رابردووشدا ژمارەكە بۆ سەروو 400 حاڵەت بەرزبووەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن