كۆمه‌ڵێك زانیاری و ڕێنمایی دەربارەی ئەو بەرواری بەسەرچوونەی کە لەسەر دەرمان دادەنرێت

تەندروستی

03/05/2021     ژمارەی بینراو 1246

كۆمه‌ڵێك زانیاری و ڕێنمایی دەربارەی ئەو بەرواری بەسەرچوونەی کە لەسەر دەرمان دادەنرێت


ڕاچڵه‌كین-

ئەم بابەتە ڕەنگە ڕۆژانە ڕووبەڕووی ببینەوە و پرسیار لەلای زۆربەمان دروست بکات، مێژووی بەرواری بەسەرچوون لەسەر دەرمان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٩ کە بڕیارێک دەرکرا لەلایەن دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی کە تیایدا کۆمپانیاکانی دەرمان ناچارکران کە مۆری بەرواری بەسەرچوون بخەنە سەر  بەرهەمەکانیان.

ئەم بەروارە واتای ئەوەیە کە ئەو کۆمپانیایەی کە دەرمانەکەی دروست کردووە گرەنتی ئیش کردنی تەواوەتی و سەلامەتی دەرمانەکە دەدات پێش بەرواری بەسەرچوونەکەی، واتە لە دوای تەواوبوونی ئەو بەروارە ئەو دەرمانە ڕەنگە وەک پێویست کاریگەری نەبێت یاخود ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە تەندروستی مرۆڤ.. 

بەگشتی زۆربەی جۆری دەرمان کاتێک بەرواری بەسەرچوونەکەی تەواو دەبێت زیانی تەندروستیان نیە، بەڵام هەندێک دەرمان هەیە کە لە دوای بەسەرچوون کاریگەری نەرێنی دروست دەکەن لەسەر تەندروستی مرۆڤ بۆیە هەرگیز هەوڵ مەدە دەرمانی ماوەبەسەرچوو بەکار بهێنیت چونکە ئەگەر زیانیشی نەبێت، سودێکی ئەوتۆی لێ نابینیت.
1- ئەگەر دەرمانێکت هەبوو و ماوەیەکی زۆرە بەکارت نەهێناوە باشتر وایە دڵنیا ببیتەوە لە بەرواری بەسەرچوونەکەی. 
2- دەبێت کە دڵنیا بیتەوە لەوەی کە دەرمان بە شێوەیەکی تەندروست هەڵبگریت، بەو شێوەیەی کە لەسەر لیفلێت و پاکەتەکەی نوسراوە.
3- هەرکاتێک هەستت کرد ئەو دەرمانەی کە بەکاری دەهێنیت، بۆن و تام یا ڕەنگی گۆڕاوە باشتر وایە بەکاری نەهێنیت و پرسیار لە پزیشکەکەت یا پزیشکێکی دەرمانساز بکەیت.
4- هەندێک جار رۆژ و مانگی بەسەرچوون بە ڕوونی نووسراوە بەڵام هەندێ کات تەنها ئاماژە بە مانگی بەسەرچوونەکە کراوە;

کاتێک لە دەرمانێک نوسراوە Expiry date  واتای چیە؟ 
بۆ نموونە نوسراوە 
Expiry Date : July 2021
مانگی ٧ی ٢٠٢١
واتا ئەو دەرمانە بەکاردێت تا بەرواری ٣١ی ٧ ٢٠٢١

کاتێک لە دەرمانێک نوسراوە  Use by date  یان Best before واتای چیە ؟بۆ نموونە نوسراوە Use by date : July     2021مانگی ٧ی ٢٠٢١ واتای ئەوەیە کە ئەم دەرمانە لە دوای ١ی٧ی ٢٠٢١ بۆ بەکارهێنان ناشێت.

ئەو دەرمانانەی کە لە شێوەی قەترە یا شروبن سەرەڕای بەرواری بەسەرچوونەکەی شێوازێکی تری بەسەر چوونیان هەیە کە زۆربەی کات لەسەر پاکەت و لیفلێتەکەی  دەنووسرێت، بۆ نموونە شروبی دژە بەکتریا ٧-١٤ رۆژ دوای کردنەوەی سەری شروبەکە بەسەردەچێت. 

 دکتۆر رسول احمد بڵباس- پسپۆری هەناوی

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن