"دەستوور نابێتە فریادڕەسی هەرێمی كوردستان لەو مەترسیانەی لەسەر قەوارەكە هەیە"

چاوپێکەوتن

پێش 3 هەفتە     ژمارەی بینراو 118

راچڵەكین-

سەرۆكی دەستەی ڕاوێژكارانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڕاوی خۆی نیشاندەدات كە دەستوور نابێتە فریادڕەسی هەرێمی كوردستان لەو مەترسیانەی لەسەر قەوارەكە هەن.

جەعفەر ئیمنیكی، كەلەهەمان كاتدا ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانە لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی لەم كاتەدا باسی پرسی نوسینەوەی دەستور دەكرێت، وتی:" پرسی دەستور لەمێژەوە بابەتی گفتوگۆیە و لەمێژەوە هەوڵی نوسینەوەی دەستور لەهەرێمی كوردستان دراوە هەر لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 ئەم پرسە لەئارادایە، ئەوە بوو لە ساڵی 1992 دوو یاسای گرنگ دەرچوون واڕەچاو دەكرێت كە ئەمە یاسان بەڵام پلەی بنەماكانی دەستوریان تێدایە یاسای ژمارە (1) و یاسای ژمارە (2) هەروەها یاسای ژمارەی (1) ساڵی 2005 بەهەمان شێوە ئەو یاسایە دەرچووە بۆئەوەی دامەزراوەكانی هەرێم ڕێكبخرێت بەڵام لەدوای 2005 كە دەستوری عێراقی هەمیشەیی پەسەندكرا، وە لەماددەی 120 ی دەستوری هەمیشەیی عێراق هاتووە كە هەرێمەكانیش بۆیان هەیە دەستور بۆخۆیان بنوسن، ئیقراری بكەن بەمەرجێك پێچەوانەی بنەماكانی دەستوری هەمیشەیی عێراق نەبێت واتە ئەم دەرفەتە بۆ هەرێمی كوردستان لەوكاتەوە ڕەخساوە، وە لەوكاتەوە هەوڵەكان بەردەوامە هەر لە ساڵی 2005."

وتیشی:" لە ساڵی 2009 بەڕاستی ڕەشنوسی دەستور تەواوبوو ڕێكارەكانی پێویست ئامادەكراوبوو تەنانەت دەنگدان لەناو پەرلەمانەوە كۆتایی هاتبوو ئەو پرۆسەیە، ڕیفراندۆم مابوویەوە ئەوكاتە مشتومڕێك لەسەر ڕیفراندۆم دروستبوو، ڕێككەوتنێكی سیاسی دروستبوو، لێكتێگەیشتنێك دروستبوو كە ئەم پرسە دوابكەوێت هەتا باری سیاسی هەرێمی كوردستان باشتر بڕەخسێت بەهەرحاڵ لەسەر ئەوەش هەڵسەنگاندنی جیاواز هەیە بەش بەحاڵی خۆم بۆچوونی من ئەوكاتە و ئێستاش وایە ڕێككەوتنی سیاسی زۆر گرنگە بەڵام پرسی دەستور دەبوایە دوانەكەوێت چونكە دەكرێت ئەگەر دەستور بەدڵی لایەنێكی سیاسی نەبێت دەكرێت دوای ڕێككەوتن ئەو بابەتانەی كە پەیوەستن بەڕێككەوتنە سیاسیەكە دەكرێت هەموواربكرێت."

ئیمنكی ڕەتیكردەوە باسكردن لە پرسی دەستور پەیوەندی هەبێت بە بابەتی هەڵبژاردنەكانەوە، لەو ڕووەوە دەڵێت:" دیارە قسەی زۆر دەكرێت بەڵام من قەناعەتم وایە هیچ پەیوەندیەكی بەپرۆسەی هەڵبژاردنی عێراقەوە نییە چونكە هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبووە هەتا كاتی خۆی بۆ لەسەر ڕیفراندۆم بۆ دەستوری هەمیشەیی عێراق، واتە شتێكی نوێ نییە بەڵام دەستور بۆ هەرێمی كوردستان بابەتێكی زۆر گرنگی نیشتیمانییە ئەگەر هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان هەبووایە دەكرا ئەو باسە بكرێت. "

ئەوەی دەوترێت مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم ئایا دەستور دەتوانێت ئەو مەترسیە نەهێڵێت و قەوارەكە ڕزگار بكات؟ لەوەڵامدا جەعفەر ئیمنكی وتی" ئەوەی پەیوەستە بەوەی كە مەترسی زیاتر بووە لەسەر قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان، وە دەستور دەتوانێت ئەو ئاستەنگە و گرفتە لەناوببات، من وادەبینم گرفتەكان هەن مەترسیەكان هەن بەڵام ئەوە قەناعەتی خۆمە لەو ئاستەدا نیین بڵێین بۆ قەوارەی هەرێمی كوردستان دەستور دەتوانێت فریادڕەس بێت، من وادەبینم و حیزبەكەی منیش وادەبینێت كە مەسەلەی پرۆسەی دەستور ئەوە بابەتێكە دەبووایە زووتر ئێمە چارەسەری بكەین مەبەستی سەرەكیش لە نوسینەوەی دەستور ئەوە نییە بۆشاییەكی دەستوریمان لە هەرێمی كوردستان هەیە بەڵام ئاستی هەرێمی كوردستان لەڕووی ئیعتباری لەڕووی دەستورییەوە بگرە بگەینە ئاستی دامەزراوەی دەستوریی لە عێراقی فیدڕاڵدا ناكرێت ئەوان دەستوریان هەبێت و ئێمە پابەندی ئەو دەستورە ببین بەڵام ئاستی دامەزراوەكانی ئێمە ڕێكخستنیان بەپێی یاسا بێت چونكە دەزانیین لەڕووی ئەو ئاستەوە یاسا نزمترە لە دەستور ئەمە مەسەلەیەكە، دووەمیش هەرێمی كوردستان بەڕاستی پێویستی بەسەقامگیرێكی سیاسی باشتر هەیە لەوەی كە ئێستا هەیەتی، وە ئەم پرسە پێشبینی دەكەم بەقەناعەتی ئێمە دەستور دەتوانێت باری سیاسی و سەقامگیری سیاسی باشتر بكات لەبەرئەوە ئەمە ئێمە وادەبینیین كە لەبەر ئەم دوو هۆكارە نوسینەوەی ڕەشنوسی دەستور یان سوود وەرگرتن لە ڕەشنوسەكانی پێشتر ئەم دوو هۆكارە هۆكاری سەرەكین بۆئەوەی جارێكی تر ئەم پرۆسەیە بەگەڕ بخرێتەوە."

ئایا دەستور دەتوانێت كێشەكانی ئێستای ناوخۆی كوردستان و كێشەی بەوی ژیانی خەڵك باش بكات؟ وەڵامەكەی جەعفەر ئیمنكی بەمجۆرەبوو: "دەستور زەمینەسازیەكی باش دروستدەكات ئێمە دەڵێن ئەگەر سەقامگیری سیاسی باشتربێت دەتوانرێت لێكتێگەیشتن باشتربێت دەتوانرێت بژێوی خەڵك باشتر بكرێت، دەتوانرێت پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغداد بەپێی ئەم دەستورە بەئاراستەیەكی باشتر بەڕێوەببەین وانەبێت لایەنە سیاسیەكان هەریەك بۆخۆی و هەریەك بەئاراستەیەك بێت، واتە ئاراستەكان یەكدەخرێت، وە ئەمە دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان تەواو ببێت، ئێمە وادەبینیین كە دەكرێت دەستور سەرەتایەكی باشتر بێت بۆئەوەی بژێوی خەڵك بەهەند وەربگیرێت داهاتەكان باشتر و زیاتر بكرێت."

ئیمنكی سەبارەت بە نێوانی لایەنە سیاسیەكانی هەرێمیش وتی:"من وادەبینم لێكتێگەیشتنێكی باش هەیە، بەڕاستی ئەو كۆنفرانسەی دوایی ئەوەی زانكۆی كوردستان كردی لەسەر یەكڕیزی و دەستور ئامانجی سەرەكی خۆی پێكهێنا، لایەنەكان ئەوەی لە دڵیاندا بوو بەڕاشكاوی باسیان كرد ئەمە زەمینەسازیەكی باش بوو لەناو ڕای گشتی لە هەرێمی كوردستان كە بایەخی زیاتر بەدەستوری هەرێم بدرێت، وە ئەم پرسە فەرامۆش نەكرێت لەبەرئەوەی بژێوی خەڵك خراپە، باری دارایی خراپ، بارودۆخی حوكمڕانی هەندێك توشی ئاڵۆزی و گیروگرفت بووە لێرە ولەوێ بۆنموونە پاشماوەی دووئیدارەیی ڕەنگی دووئیدارەیی هێشتا ماوە، نوێنەری یۆنامی كە باسی لە زۆنی سەوز و زۆنی زەردی كرد ئەم پرسانە هەمووی وایكردووە هاوڵاتی لە هەرێمی كوردستان بێئومید لەوەی هەنگاوێك بەرەوپێش بچێت، لەم كۆنفڕانسە ئەوەی پیشاندا دەكرێت ئەم گرفتانەش هەبن كە گرفتی جددین و پەراوێز نەخرێن بەڵام دیسان هەنگاوی تر بەئاراستەیەكی ئیجابی بەرەوپێش بچێت ئەوە بوو ئەولەویەتی هەرە گرنگ لەلایەن لایەنە سیاسیەكان بەنوسینەوەی دەستور درا."

جەعفەر ئیمنكی ئەوەشی وت" پێشتر لەسەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ لای لایەنە سیاسیەكان جەختی لەسەر ئەو دەكردەوە، ڕاستە گرفتەكان زۆرن بەڵام باهەنگاوێك بەرەو ئاراستەیەكی تر بەرەوپێش بچین بەوەش كۆك بین لەسەرئەوەی لەم قۆناغەدا ئێمە وادەبینین ئەو كەشوهەوایەی كە هەیە لە هەرێمی كوردستان ئێمە دەتوانیین لەمساڵدا ببینە خاوەن دەستور."

ئیمنكی دەشڵێت" لەئێستاوە ئێمە لەسەرۆكایەتی هەرێم، وە بێگومان هەندێك ڕێكار پەیوەستن بەپەرلەمان و هەندێكیش پەیوەستن بەسەرۆكایەتی هەرێمەوە، لەسەرەتای مانگی شەش دەست بەگفتوگۆكان دەكرێت لەسایەی سەرۆكایەتی هەرێم لیژنەیەكی ڕاوێژكاری دەستوریی ئامادە دەكرێت، ئەو لیژنەیە لەسەر دوو پرس گفتوگۆ دەكات ئایا سەرۆكی هەرێم بەیاداشتێك ئاراستەی پەرلەمانی دەكات و لەوێ وەكو جاران پەرلەمان دەستبەكاربێت؟ یان سەرۆكایەتی هەرێم زەمینەسازیەكی تر بكات یەكێك لەو ڕەشنوسانەی كە هەیە پشتی پێ ببەستێت یان ڕەشنوسێكی نوێ بەدەستەوە بهێنێت بێگومان بەبەشداری لایەنە سیاسیەكان و بەبەشداری كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێكخراوە ناحكومیەكان، سەندیكاكان ئەمە هەموویان لەهەموو وڵاتێكی دیموكراسی لەدنیادا دەبێت بەشداربن لەدروستكردنی ڕاو ئەو ڕەشنوسەی كە دەبێتە بابەتی سەرەكی كە دەچێتە ناو پەرلەمان لەناو پەرلەمانیش ئەوە ڕێكارێكی نەگۆڕە لەپەرلەمان دوایی پەسەندی دەكات دەچێتە ڕیفراندۆم، لەمانگی شەشەوە دەستپێبكرێت دڵنیام لەپایزی ئەمساڵدا دەكرێت ئەم ڕەشنوسەی دەستور بچێتە ڕیفراندۆم، بەو ئومێدە ببینە خاوەنی دەستور لەپایزدا."

سەبارەت بەوەی تا ئێستاش سیستمی سیاسی هەرێم (پەرلەمانی یا سەرۆكایەتی) لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنەكانی تر كێشە و ناكۆكیە؟ لە وەڵامدا ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان (جەعفەر ئیمنكی) وتی" ئەو كاتەش و ئێستاش ئەو بابەتە جێگەی ناكۆكیە، ناكۆكی لەسەر هەیە بەڵام ناكۆكیەكی زۆر نییە تێگەیشتنێك هەیە لەلایەن ئێمەی پارتی ئێمە دەڵێن ئەم سیستەمەی كە ئێستا هەیە سیستەمێكی پەرلەمانییە، هەندێك لایەنی سیاسی تر پێیوایە ئەم سیستەمەی كە ئێستا هەیە سیستەمێكی پەرلەمانی نییە و نیمچە سەرۆكایەتیە ئەمە دەكرێت ببێتە بابەتێكی گفتوگۆیەكی فراوانتر لەسەری دەكرێت ئێمە سوودێكی باش لە پسپۆڕی نێودەوڵەتی ببینیین بۆ زیاتر قوڵبوونەوە و شۆڕبوونەوە لەم پرسەدا، بەلای ئێمەوە ئەمەی ئێستا هەیە زیاتر سوودی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ئیعتباری مەعنەوی هەرێمی كوردستان، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەڕووی مەعنەویەوە زۆر گرنگە ئەمەی ئێستا هەیە زیاتر هێز بەسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەبەخشێت، ئەمە لەسەر حسابی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لەگەڵ دەسەڵاتی یاسادانان نییە بەڵكو هەردوو دەسەڵات لەیەك ئاستدان بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم ئەوە نابێتە دروشمێك لە دروشمەكانی گۆڕینی سیستەم ئێمە واتێدەگەین لایەنی سیاسی تر هەیە پێی وایە دەكرێت ئەم بۆچوونە بگۆڕدرێت بەشێوازێكی تر، لای ئێمە ئەمە پرۆسەیەكی دیموكراسیە بۆ حیزبێك نییە."

جەعفەر ئیمنكی تەئكیدی لەسەر هەڵوێستی پێشووی حیزبەكەی كردەوە و وتی:" ئێمە لەگەڵ ئەوەین سەرۆكی هەرێم لەناو گەل هەڵبژێردرێت لە نەمسا و ئێرلەندا و فینلاندا وایە و سیستەمەكەش هەر پەرلەمانییە بەڵام ئەمە مەسەلەی ئەوە نییە دەستورەكە بۆ میللەتێكە بۆ گەلێكە بۆ هەرێمێكە ئەمە رای ئێمەیە و ڕایەكی پێچەوانەش هەبێت ئێمە گوێی لێدەگرین و لەگەڵییان باسدەكەین ئێمە ئامادەین بگەینە ڕێككەوتنی سیاسی بێگومان گەل بڕیاری كۆتایی دەدات، ڕای لایەنی سیاسی ڕایەكی سنوردارە لەم بابەتەدا لەبەرئەوە من دڵنیام ئەمە گرفتێكی زۆر نییە لەڕێگەی پەسەندكردنی دەستور نەئەمە و نەپرسی دین ،پرسەكانی تر بەڕاستی تائێستا یەكلایی كراونەتەوە واتە لایەنە سیاسیەكان لەسەر ڕەشنوسی 2009 هەموویان كۆك بوون لەسەرئەوەی كە ڕەشنوسێكی باشە بەڵام دووساڵی تریش بمێنێت دیسان پرسی تر دێتەپێش دیسان دەبێت بگەڕێینەوە و موناقەشەی تازەیان لەسەر بكەین."

دەربارەی جۆری ئەو دەستورەی بۆ هەرێمی كوردستان دەنوسرێتەوە؟ جەعفەر ئیمنكی وتی" هەرچی پسپۆڕی دەستوریی لەدنیادا ئامۆژگاری ئەوان ئەوەیە بۆ هەرێمی كوردستان لەبەرامبەر دەستوری هەمیشەیی كوردستان ناكرێت دەستورەكە نەرم بێت كە زیاتر لە تەفسیرێك هەڵبگرێت، ئەوەی گونجاوە بۆ هەرێمی كوردستان لەحاڵەتێكی وەهادا دەستورێكی وشكە، دەستورێك قابیلی تەفسیری زۆر نەبێت هەموو دەستور ئەوەی نوسراوبێت ڕێكارەكانی هەموواركردن قورسن وەكو یاسای ئاسایی نابێت دەبێت هەمیشە 2/3 بێت هەتا هەمواریش بكرێت دەبێت بچێتە ڕیفراندۆم فیلتەرێكی بەهێزتری هەیە لەدەرەوەی پەرلەمان بەڵام بۆ هەرێمی كوردستان لەم قۆناغە ئەو هەوڵانەی درابوون لە 2009 هەتا 2015 هەموو ئەوە بوو دیزاینەكە دەستورێكی وشك بێت و قابیلی تەفسیری زۆر نەبێت واتە ڕستەكان دیاربن یەك مانایان هەبێت بۆئەوەی بەرامبەر بەغدادیش توشی گرفت نەبین چونكە ئەو كاتە دادگای فیدڕاڵی لەئاستی هەرێمیش دەبێت دادگای دەستوری، وە دادگای فیدڕاڵی لەئاستی عێراقیش هەیەتی بۆئەوەی بابەتەكان زیاتر ئاراستە نەكرێن بۆ هەردوو دادگایە دادگای دەستوری هەرێم و دادگای فیدڕاڵی كەپەیوەستە بە پرسەكانی دەستوریی و ناكۆكی دەستوری."

جەعفەر ئیمنكی ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرۆكی حیزبەكەی (مەسعود بارزانی) لە هەوڵەكانی ئەمجارەی لایەنەكوردییەكان كرد و وتی" كاك مەسعود حزوری زۆر بەهێزە لەهەموو بوارەكانی ژیاندا لەپێشمەرگایەتی بێت لەسیاسەتدا بێت لەڕووی كۆمەڵایەتی بێت و كۆمەڵگەی كوردستانی بێت لەپرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان، ئێمە وادەبینیین حزوری لەهەموو ئاستێكدا دیارە و حزورێكی بەهێزی هەیە بەڕاستیش كاك مەسعود لەنێو نوسینەوەی دەستوردا هەمیشە هاندەرێكی بەهێزبووە ئێستاش هاندەرێكی بەهێزە، ئەو هەوڵانەی لەلایەن بەڕێز سەرۆكی هەرێم لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوانە بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك ئەنجام دەدرێن، وە هاندەرە سەرەكیەكە لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە جەنابی سەرۆك بووە پاڵنەر و هاندەر هەر خۆیەتی."

هاوكات ڕەتیكردەوە پارتی دیموكراتی كوردستان ویستی وابێت بابەتی مەرجەعیەت لەدەستوردا بچەسپێنێت و دەڵێت:" بەڵام نوسینەوەی دەستور بۆ ئەوەی مەرجەعیەت لەم دەستورە نوێیەدا دیاری بكرێت بەڵام بەڕاستی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی پێویستی بەپلەو پایە نییە بەڕاستی خۆشی جەنابیان گەورەترین پلەو بەرزترین پلەی خۆی بەو شێوازە ناساندووە كە پێشمەرگایەتییە جەنابیان شانازی پێوە دەكەن ئێمەش شانازی بەجەنابیانەوە دەكەین كە ئەو پێشمەرگایەتیەی بۆ 59 ساڵ بەبەردەوامی كردووە لەبەرئەوە هەندێكجار ئەو قسانە وابەستە دەكرێن ڕەنگە مەبەستیان سیاسی بێت ڕەنگە مەبەستیان ئەوەبێت ڕێگری بێت كۆسپ بخەنە ڕێگەی ئەم پرۆسەیەدا كە بەدڵنیاییەوە جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی زۆر پێخۆشە ئەمڕۆ پێش بەیانی لایەنە سیاسیەكان و خەڵكی كوردستان بەگشتی كۆك بن لەسەرئەوەی ڕەشنوسێكی نوێی دەستور بەدەست بهێنن و ڕێككەوتنی سیاسی لەسەر بكەن و بخرێتە ڕیفراندۆم."

جەعفەر ئیمنكی ئەوەشی ڕەتكردەوە پارتی بیەوێت پڕۆژەی دەستور بە زۆرینە لە پەرلەمانەوە تێبپەڕێنێت، لەو ڕووەوە وتی:" ئەوە مەبەستی پارتی نەبووە و ئێستاش مەبەستی پارتی نییە لە 2009 ش زۆرینە هەبوو و دەستور لەناو پەرلەمان پەسەند كرابوو بەڵام لەسەردوای لایەنی تری سیاسی بۆ باشتركردنی لێكتێگەیشتن پارتی لەو هەنگاوە دەستوریی و یاساییە پاشگەزبوویەوە، وە ئێستاش پارتی نایەوێت دەستورێك لەسەر مواسەفاتی و قیاساتی خۆی بۆ دەربچێنێت بەڵكو دەیەوێت دەستورێك بۆ خەڵكی كوردستان بێت، دەستورێك بێت هەنگاوێك خەڵكی كوردستان بەرەوپێش ببات نەك بەرەو دواوە ببات لەبەرئەوە كە ئێمە باسی دەستور دەكەین پێش دەستور باسی یەكڕیزی دەكەین، یەكڕیزی سیاسی و دواتر یەكڕیزی لەئاستەكانی تر چونكە تێكچونی یەكڕیزی سیاسی هەندێكجار دەبێتەهۆی ئەوەی كە بەڕاستی پەرتەوازەیەكی كۆمەڵایەتیش دروستدەبێت، كۆمەڵگەی كوردستانی دابەش بووە پەرتەوازەییەكی زۆری پێوە دیارە لە دامەزراوەكاندا، لە كۆمەڵگایە لەو ئاستانە هەمووی بەڕاستی بەرەو دواوە ڕۆیشتووە كۆمەڵگەی كوردستانی لەبەرئەوە كە باسی یەكڕیزی دەكەین ئەوە بنەمای هەموو دەستورێكە واتە دەستور بێ یەكڕیزی بەدەستەوە نایەت ئەوە ڕاستیە."

هەروەها ڕاشیگەیاند" ئێمە وادەبینیین ئێستا زەمینە لەبارە هەوڵەكان لەئارادان ئەو یەكڕیزیەش بەدەستەوە دەبینیین كە پێویستیەكە پێش دەستور و دوای دەستور بۆ جێبەجێكردنی دەستور بەڵام دەستور پێویستیەكی دامەزاوەیی كوردستانییە واتە دامەزراوەی نیشتیمانی كوردستانی بەبێ دەستور چۆن ئیشوكارەكانی خۆیان بەڕێوەببەن! ئێستا دەزانیین چەندین كەموكورتی هەن پەیوەستن بە تەفسیری ماددەكانی دەستورەوە ئەوكاتە دەستورێكی سەردەمیانە بێت دەستورێكی مەدەنی بێت دەتوانێت ببێتە هاندەر بۆئەوەی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان باشتر ئیشەكانی خۆیان ئەنجام بدەن."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن