ئەمریكا دوا بڕیار لەبارەی سزاكانی سەر ئێران دەدات

جیهان

08/06/2021     ژمارەی بینراو 326

راچڵەكین –

ئیدارەی ئەمریكا هەڵوێستێكی نوێ لەبارەی هەڵگرتنی سزا سەپێندراوەكانی سەر ئێران رادەگەیەنێت، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەڵێت: تەنانەت ئەگەر تارانیش بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی، سزاكان وەك خۆیان دەمێننەوە.

ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لەكاتی ئامادەبوونی لەبەردەم ئەنجومەنی پیران، رایگەیاند: خوازیارین ئێران جارێكی دیكە بگەڕێتەوە بۆ دانوستانەكانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی و پەیوەستبوون بە مەرجەكانی گروپی (5+1).

وتیشی:" ئەگەر تاران جارێكی دیكەش بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی، سزاكانی ئەمریكا هەڵناگیرێن و وەك خۆیان دەمێننەوە، تەنانەت ئەو سزایانەش كە لەسەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بڕیاریان لێدراوە، لانابرێن و كاریان پێدەكرێت.

لێدوانەكەی بلینكن هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی گفتوگۆكانی نێوان واشنتۆن و تاران سەبارەت بە گەڕانەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆكردن، كە تائێستا چەند گەڕێكی دانیشتنەكانی لەشاری جنیف لە سویسڕا بەڕێوەچووە، بەبێ گەیشتن بە هیچ ئەنجامێك.

پێشتر بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندبوو، كە هەڵگرتنی سزا ئابوورییەكانی ئەمریكا، مەرجی سەركیی گەڕانەوەیانە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی (5+1).  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن