عیراق یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لەگەڵ بەریتانیا واژۆ دەكات

عێراق

08/06/2021     ژمارەی بینراو 332

راچڵەكین –

 

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەمیانی سەردانەكەی بۆ بەغدا، یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عیراق واژۆكرد، فوئاد حسێن-یش دەڵێت: ژمارەیەك پرسی گرنگ و ستراتیژیمان تاوتوێكرد.

ئەمڕۆ 8-6-2021، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق، لەگەڵ دۆمینیك راب وەزیری دەرەوەی بەریتانیا كۆبووەوەو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئاشكراكردو رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتمان لەسەر بنەمانی رێزگرتنی دوولایەنە تاوتوێكردو یاداشتێكی لێكتێگەیشتنیشمان لەبواری هاوبەشی و هەماهەنگیی ستراتیژی واژۆكرد.

فوئاد حوسێن جەختیشی لەسەر گرنگی و بایەخی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە عیراق كردەوە، كە بڕیارە رۆژی 10-10ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و وتی:" بەریتانیا رۆڵێكی ئەرێنی دەبینێت لە بنیاتنانەوەی عیراقدا".

لەلای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جەختی لە هەڵوێستی وڵاتەكەی بەرامبەر عیراق كردەوەو رایگەیاند، لەندەن بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردنی عیراقییەكان لە جەنگی دژبە تیرۆریستانی داعش.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هەنگاوێكی گرنگ و مێژوویی دەبێت بۆ عیراقییەكان.
ئەمڕۆ سێشەممە، دۆمینیك راب بەسەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغدا و جگە لە كۆبوونەوەی لەگەڵ فوئاد حوسێن، لەگەڵ هەریەك مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، كۆبووەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن