كاكی وەزیر لەقافدا گیرا

ڕاپۆرت

26/06/2021     ژمارەی بینراو 5840

راچڵەكین-

بڵاوبوونەوەی وێنەو ڤیدیۆی ئابڕوبەرانەی مات هانكۆك-ی وەزیری تەندروستی بەریتانیا، بووەتە وێردی سەرزارو ماشنێتی رۆژنامەكانی ئەو وڵاتە. بۆریس جۆنسۆن-ی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا ئامادەنییە وەزیرە نازدارەكەی لەپۆستەكەی دووربخاتەوە.

لەدوو رۆژی رابردوودا، میدیاكانی بەریتانیا وێنەو ڤیدیۆی هانكۆك-یان بڵاوكردەوە كاتێك لەنووسینگەكەی خۆیی و بەدیاریكراوی لەرۆژی 6ی ئەم مانگەدا (جینا كۆلادانجیلۆ) ماچ دەكات و دەست لەملانی یەكدی بوون.

پەیوەندی سۆزداری هانكۆك و جینا

رۆژنامەی (زەسەن) بڵاویكردووەتەوە، پێش ئاشكرابوون و بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆو وێنانە، پەیوەندی سۆزداری نێوان هانكۆك و جینا، بووەتە بابەتی رۆژانەی كارمەندانی ئۆفیسەكەی وەزیری تەندروستی بەریتانیا، بەڵام ئەوە نەزانراوە كەپەرەی سەندووە بۆ پەیوەندی نهێنی.

سەرەتای چیرۆكەكەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی رابردوو، كاتێك هانكۆك، كۆلادانجیلۆی وەك بەڕێوەبەری جێبەجێكار لەوەزارەتی تەندروستی بەریتانیا دامەزراند.

هانكۆك تەمەنی (42) ساڵەو خێزاندارەو خاوەنی سێ منداڵن، بەهەمان شێوە كۆلادانجیلۆ (43) ساڵ، خێزاندارەو هاوسەرەكەی (ئۆلیڤەر تریس) دامەزرێنەری فرۆشگای (ئۆلیڤەر بۆناس)ەو خاوەنی سێ منداڵن.

هاوسەرەكەی هانكۆك ماڵەكەی بۆ جێهێشت

 
دوای بڵاوبوونەوەی وێنەو ڤیدیۆكان، رۆژنامەكانی بەریتانیا، وێنەی هاوسەرەكەی هانكۆك-یان بڵاوكردەوە كە لەگەڵ سەگە بچووكەكەیدا سەرقاڵی جێهیشتنی ماڵەكەیەتی.

جۆنسۆن ئامادە نییە دەستبەرداری وەزیری تەندروستی بێت

 
بۆریس جۆنسۆن-ی سەرۆكوزەیرانی بەریتانیا، ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، ئامادە نییە مات هانكۆك-ی وەزیری تەندروستی لەپۆستەكەی دووربخاتەوەو رایگەیاند:" وەزیری تەندروستی داوای لێبوردنی كردووەو بابەتەكەش كۆتایی پێهاتووە."

هانكۆك خۆی چی دەڵێت

 
لەلایەن خۆشییەوە، مات هانكۆك-ی وەزیری تەندروستی بەریتانیا لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆو وێنەكانی لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند:" دان بەوەدا دەنێم كە رێوشوێنەكانی خۆپارێزیم پێشێلكردووە، هاولاتیانم بێ ئومێد كردو لەبەرامبەر ئەوەشدا زۆر داوای لێبوردن دەكەم، بەردەوام دەبم لەكاركردن بۆ دەرهێنانی وڵات لە مەترسییەكانی ئەم پەتایە."

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن