سعودیە؛ دوای ٤٠ ساڵ لە قەدەغە كردن مۆڵەت بە دوكان و بازاڕەكان درا لە كاتی نوێژدا كراوەبن

جیهان

17/07/2021     ژمارەی بینراو 144

راچڵەكین-

حكومەتی ریاز، لە دوای زیاتر لە ٤٠ ساڵ لە قەدەغەكردنی كرانەوەی دوكان و بازاڕەكان لە كاتی نوێژدا، مۆڵەتی بە دوكان و بازاڕەكان دا كە لە كاتەكانی نوێژدا كراوەبن.

بەگوێرەی هەواڵێكی كەناڵی ئەلئیخبارییە-ی سعوودیە، یەكێتی ژوورە بازرگانییەكانی سعوودیە لە راگەیەندراوێكدا ئەوەی خستوەتەڕوو كە لەمەودوا مۆڵەت دەدرێتە خاوەن دوكانەكان لە كاتی نوێژدا دوكانەكانیان بەكراوەیی بهێڵنەوە و سەرجەم جموجۆڵە ئابوورییەكان بەردەوامبن.

لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوەش كراوە كە بڕیارەكە لە چوارچێوەی رێكارەكانی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و بۆ رێگری كردن لە دروستبوونی قەرەباڵغی كە لە كاتی نوێژدا و بەهۆی داخرانی دوكانەكانەوە دروست دەبوو، دەركراوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لیژنەی "امر بالمعروف والنهی عن المنكر" لە ساڵی ١٩٨٠دا بڕیاریدا لە كاتی نوێژدا سەرجەم دوكان و بازاڕەكانی سعوودیە دابخرێن و سەرجەم چالاكییە ئابوورییەكان بوەستێندرێن.

بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا كۆمەڵێك گۆڕانكاری زۆر لە بوارەكانی سیاسەت، كۆمەڵایەتی و كولتووری وڵاتی سعوودیە روویداوە و بەشێكی زۆر لەو شتانە رێگەیان پێدراوە كە لە رابردوودا قەدەغەبوون.

گرنگترین ئەم گۆڕانكارییانەش مۆڵەتدانە بە ژنان بۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و چوونیان بۆ یاریگاكان كە لە رابردوودا تەنها پیاوان ئەم مافەیان هەبوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن