بەهۆی سڵاوكردن بۆ سرودی نیشتمانیی توركیا سێ ئەفسەری عیراقی سزادەدرێن

عێراق

22/07/2021     ژمارەی بینراو 1330

راچڵەكین –

وەزارەتی ناوخۆی عیراق سێ ئەفسەری شاری كەركوك سزا دەدات بەهۆی سڵاوكردنیان بۆ سرودی نیشتمانیی توركیا.

سەرچاوەیەكی ئەمنیی عیراق بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی رۆژی 14ی ئەم مانگە لەكاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمێك بەبۆنەی یادكردنەوەی قوربانیانی توركمان لەشاری كەركوك، سێ ئەفسەری عیراق لەكاتی وتنەوەی سرودی نیشتمانیی توركیا، سڵاوی سەربازییان كرد، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بانگكراون بەمەبەستی لێپرسینەوە.

بەوتەی سەرچاوەكە، عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عیراق لەو رەفتارەی سێ ئەفسەرەكە زۆر نیگەران بووەو بە پێشێلكردنی یاسا وەسفكردووە، هەربۆیە بڕیاریداوە توندترین سزایان بەسەردا بسەپێنێت.

ئەو سێ ئەفسەرەی سڵاوی سەربازییان بۆ سرودی نیشتمانیی توركیا كردبوو، كە یەكێكیان ژنە، هەرسێكیان لە نەتەوەی توركمانن، هەرچەندە بڕیاربوو دەستبەجێ رێوشوێنیان بەرامبەر بگرێتەبەر، بەڵام بەهۆی هەوڵی چەند لایەنێكی توركمان، تائێستا هیچ سزایەك نەدراون.

رێورەسمەكەی رۆژی 14ی ئەم مانگەی شاری كەركوك، كە بە ئامادەبوونی باڵیۆزی توركیا لە عیراق بەڕێوەچوو، بەبۆنەی قوربانیانی نەتەوەی توركمان بووە، كە رۆژی 14-7-1959 لەكاتی ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی یەكەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی كۆماری عیراق، بەسەدان توركمانی شاری كەركوك لەلایەن هێزەكانی سوپای عیراقەوە كوژران.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن