پێش هاوسەرگیری ئەمانەت بیربێت

کەلتوور

11/08/2021     ژمارەی بینراو 644

پێش هاوسەرگیری ئەمانەت بیربێت


ڕاچڵه‌كین- 

هاوڕێیانی سەڵت (سنگڵ)، لەکاتێکدا بڕیاردەدەن کە هاوسەرگیری بکەن، چەند خاڵێک هەیە پێویستە ڕەچاوی بکەن و بە ئاگابن لە بارەیەوە، كه‌ بریتین له‌م چه‌ند دانه‌یه‌ی‌ دكتۆر جه‌عفه‌ر پزیشكی پسپۆڕی ده‌رونی باسیده‌كات.

یەکەم. ئامانجت لە هاوسەرگیری چییە؟
1- ئایا بۆ ڕزگاربوونە لە کێشەی کەسی و کۆمەڵایەتی; بۆنمونە هاوسەرگیری بکات هەتا رزگاری ببێت لە کێشەیەکی دەروونی و کەسی وەکو توڕەیی یان گۆشەگیری، جا خێزان ئەو کارە بکات یان کەسەکە خۆی بڕوای وابێت.
2- لەبەر فشار و داواکاری دایباب و کۆمەڵگە; بۆنمونە کەسەکە بچێت ژن بهێنێت لەبەرئەوەی دایبابی فشاریان خستۆتەسەر، یان کچێک هاوسەرگیری بکات هەتا لە ڕەخنە و لۆمەی خەڵکی ڕزگاریبێت کە بۆ هەتا ئەو تەمەنە شوینەکردووە.
3- تەنها بۆ تێربوونی ئارەزووی سێکسییە; بۆنمونە کەسێکی باوەڕدار هاوسەرگیری بکات بە مەبەستی خۆپاراستن لە توشبوون بە تاوان و گوناح، یان تەنها پاڵنەری سێکسی ببێتە هۆکاری هاوسەرگیری.
4- بۆ دەستکەوتی تایبەتی; بۆنمونە لەبەرئەوەی کوڕەکە دەوڵەمەندە یان خێزانی کچەکە دەوڵەمەندن، لەبەرئەوەی کچەکە جوانە، یان بەهۆی بەرزی بڕوانامەوە. 

هەندێک کەس ئەو ئامانجانەی هەیە لە هاوسەرگیری، لەکاتێکدا ئەوانە هیچیان ئامانجی هاوسەرگیری نین! بەڵکو ئامانجی سەرەکی بریتییە لە "دروستکردنی پەیوەندییەکی سۆزدارانە و کۆمەڵایەتی لەپێناو خۆشبەختی و مانەوەی وەچە!" دەرئەنجامی هاوسەرگیری لە ئامانجەکەیەوە بەدیدێت، لەبەرئەوە ئەگەر تەنها بۆ تێربوونی سێکس بوو ئەوە لایەنەکانی تر فەرامۆش دەکرێن، یان ئەگەر لەبەر دایباب بوو ئەوە پەیوەندی ڕووحی و سۆزداری دروست نابێت و بەهەمانشێوە بۆ خاڵەکانی تر...

دووەم. پێش هاوسەرگیری لێکۆڵینەوەی ورد بکە:
یەکێک لە کردە گرنگەکان بریتییە لە ناسینی کەسی بەرانبەر و خانەوادەکەی، لەبەرئەوە پێش ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکدا بکەیت، هەوڵبدە بزانە ئایا تایبەتمەنییەکانی چین؟ خانەوادەکەی کێیە و چۆنن؟ تەنانەت ژمارەی خوشک و براکانی و باری خێزانییان، هەتا دەتوانیت سەیری ئەکاوەنتەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت!

لە ئەمڕۆدا جگە لەو لایەنانە، خاڵێکی تر کە گرنگە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، بریتییە لە زانینی ئەو جوانکارییانەی کچەکە یان کوڕەکە کردوویەتی! ئەمەش هەتا لە کاتی چوونە ناو ژیانی هاوسەرگیرییەوە کە یەکەم بەیانی لەخەو هەستاییت و کەسێکی ترت بینی جیاواز لە هاوسەرکەت بەلاتەوە ئاسایی بێت! یان ئەگەر منداڵێکت بوو لە خۆتان نەچوو توشی شۆک نەبیت! 

ئەم لێکۆڵینەوە بۆئەوە نییە کە ڕێگری دروستبکرێت بۆ هاوسەرگیری، واتە بۆ شارەزابوونە لە دۆخی کەسی بەرانبەر. بە دڵنیاییەوە دەبێت بە تەواوی کەسەکە بناسیت و بزانیت کە کێیە، ئەم پرۆسەیە لە کوردەواریدا بوونی هەیە و هەبووە، هەرچەندە هەندێک کاڵبۆتەوە. 

لە کاتی لێکۆڵینەودا باشترە و دەتوانیت لەگەڵ ئەو کەسەی دەتەوێت هاوسەرگیری بکەیت قسەبکەیت و پرسیارەکانتی لێبکەیت، هەتا باشتر خۆی و خانەوادەکەی بناسیت. هەرکەسێکیش پرسیاری لێکرا دەبێت بە ڕاستی و دروستی وەڵام بداتەوە و هیچ شتێک نەشارێتەوە! هەر لەبەرئەوەشە کە پێویستە ماوەیەک هەبێت بۆ دەزگیرانداری هەتا نەوەکو یەکێک لە لایەنەکان بە باشی یەکتریان نەناسیبێت. هەروەک چۆن نابێت ماوەی دەسگیرانداری زۆر درێژ بێت، نابێت زۆر کورتیش بێت!

سێیەم. ئەو خاڵانەی کە پێویستە لە هاوسەری داهاتووت هەبێت!
هەر کەسێک مەرج و داواکاری خۆی هەیە بۆ هاوسەرگیری، جگە لە مەرجە تایبەتیی و کەسییەکان، بەشێوازێکی گشتی دوو خاڵ هەیە دەبێت ڕەچاوبکرێت، ئەوانیش بریتن لە:
1- خاوەنی توانای هاوسەرگیری بێت؛ بۆ هاوسەرگیری دەبێت کەسەکە لە ڕووی توانای دارایی و جەستەیی و دەروونییەوە ئامادەبێت، لە ڕووی داراییەوە دەبێت کوڕەکە توانای دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی هەبێت و پیشەیەکی هەبێت کە داهاتووی ژیانی خۆی و هاوسەرەکەی لەسەر بێت. لە ڕووی جەستەییەوە دەبێت کچ و کوڕ پێگەیشتووبن و تواناکانیان کامڵبێت بۆ کاری ژنومێردایەتی! لە ڕووی دەروونییشەوە دەبێت کەسێک بێت کە توانای ژیری و ڕەفتاری گونجاوبێت، بۆنمونە کەسێکی ئالودەی ماددە هۆشبەرەکان و ئنتەرنێت نەبێت، یان بیرکۆڵی نەبێت، یاخود کەسێکی شەرەنگێز و توندوتیژنەبێت!

2- هاوئاست و هاوکوفی یەکتر بن؛ هەتا دەتوانن دەبێت هەوڵبدەن کە کەسێک بکەنە هاوسەریان کە لە ڕووی کۆمەڵایەتی، خوێندەواری، ئابوری، ڕۆشنبیری، ئاینی، کلتوری، ... لە یەکترەوە نزیک بن و جیاوازییان زۆرنەبێت! 

جیاوازی زۆری نێوانیان هۆکارە بۆ بوونی کێشە و لێكتێنەگەیشتن، بەتایبەت لەسەر ئاستی خێزانەکانیان! نمونە لای تۆی خوێنەر زۆرە و پێویست ناکات لێرەدا ئاماژەی بۆ بکەین.

چوارەم. لەسەر ئەم بنەمایانە هاوسەرگیری مەکە:
با هەرگیز ئەم لایەنانەی پاڵنەری هاوسەگریت نەبێت:
1- کەسێکت لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە بدۆزیتەوە بۆ هاوسەرگیری؛ بیرت بێت هاوسەرگیری بۆ ژیانی واقیعی و پێکەوەبوونە نەک ژیان لەسەر هێڵی ئنتەرنێت! لە ڕێگەی ئنتەرنێتەوە دەتوانیت کەسێک بدۆزیتەوە بەڵام نازانیت کە کێیە و ئایا لە ڕاستیدا بەوشێوەیە کە خۆی دەردەخات!
2- ناو و ناوبانگی کەسەکە؛ نابێت هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک بکرێت لەبەرئەوەی بڕوانامەی بەرزە، یان کەسێکی بەناوبانگ و ناسراوە. لەوانەیە ئەو کەسە ئەوە نەبێت کە بۆتۆ گونجاوە!
3- سەروەت و سامان؛ بەهێزی لایەنی ماددی بەرانبەر گرنگە، بەڵام بڕیاردان لەسەر هاوسەرگیری لەبەر هەبوونی کەسێک ئەوە کارێکی زۆر هەڵەیە.
نوسینەکە ئاڕاستەی بۆ کوڕان و کچانە بەبێ جیاوازی! بەجێهێنانی ئەو خاڵانە هۆکارە بۆ خۆشبەختی لەسەرەتای ڕێگەوە هەتا کۆتاییەکەی، بە پێچەوانەشەوە گیرۆدەی دەیان کێشە دەبیتەوە کە لەوانەیە لە سەرەتای ڕێگەکە وازبهێنیت یان هەتا کۆتایی بڕۆیت و سەدان قوربانی لێبکەوێتەوە!

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن