نهێنی نەزانراو لەبارەی ئەفغانستان

کەلتوور

27/08/2021     ژمارەی بینراو 609

وڵاتی ئەفغانستان، وڵاتێكی كیشوەری ئاسیایە، و ئەكەوێتە بەشی باشوری كیشوەرەكە، كە هیچ سنوورێكی ناكەوێتە سەر دەریا، لە باكورەوە بە هەر سێ وڵاتی تاجیكستان و ئۆزباكستان و توركمانستان، و لە ڕۆژئاواوە بە وڵاتی ئێران، و لە باشورەوە بە وڵاتی پاكستان، و لە ڕۆژهەڵاتەوە بە هەر دوو وڵاتی پاكستان و چین دەورە دراوە.

وڵاتی ئەفغانستان لە ڕووی دابەشی كارگێری بە سەر (34) ویلایەت (هەرێم) دابەش كراوە كە سیستەمی پارێزگای هەیە ، و لە ڕووی نەتەوەییە بەم شێوەیە: پەشتوون 42% ، تاجیك 27% ، هەزارە 9%, ئۆزبەك 9% ، ئایماك 4% ، توركمان 3% ، بەلوچ 2% ، كورد 2% ، پاشای 1% ، پامیری 0.3% ،  نورستانی 0.2% ، قرغیز 0.2 ، گوجار 0.2% ، عەرەب 0.1%.

وڵاتی ئەفغانستان تاوەكو ساڵی (1709ز) هیچ دەسەڵاتێكی نیشتمانی لەو وڵاتەدا بوونی نەبووە ، و لەو ساڵەدا ، میرنشینی هوتاك دامەزراوە.

یەك/ دەسەڵاتی میرنشینی وڵاتی ئەفغانستان

یەكەم/ میرنشینی هوتاكی (1738_1709)
ئەفغانییەكان ساڵانێكی زۆر بوو زوڵم و ستەم و تاڵاوێكی زۆریان بە دەست دەوڵەتی سەفەوییەكان خوارد بوو ، ئەوە بوو لە سەرەتایی سەدەی هەژدەهەمدا هۆزی غلزائییەكانی ئەفغانی بە سەركردایەتی میر وەیسی هوتاكی (1709_1715ز) میری میرنشینی هوتاكی توانیان ئاڵای شۆڕشیان دژی دەوڵەتی سەفەوییەكان بەرز كردووە سەرەتا شاری قەندەهاریان ئازاد كرد و پاشان شاری هەرات و بەشێكی زۆر ئەفغانستانیان ئازاد كرد و لە ساڵی (1709) میرنشینی هوتاكیان دامەزراند و هەروەها پشێویی وڵاتی فارسی گرتووە ، پاش ئەوەی هێزەكانی سوپای میرنشینی هوتاكی ئەفغانی لە زنجیرە شەڕ و لەشكركێشی بۆ سەر دەوڵەتی سەفەوییەكان ، ئەوە بوو لە سەرەتایی بیستەكانی هەژدەهەمدا هێرشیان كردە سەر شاری ئەسفەهانی پایتەختی دەوڵەتی سەفەوییەكان ، ئەوە بوو شەڕی گیلان ئاباد لە ڕێكەوتی (8_3/ئایار_1722) ڕووی دا لە نێوان هێزەكانی سوپای میرنشینی هوتاكی ئەفغانی بە سەركردایەتی میر مەحمود شا هوتاكی (1717_1725ز) میری میرنشینی هوتاكی و شای دەوڵەتی ئێران و شا ئەشەرف شا هوتاكی (1725_1729ز) میری میرنشینی هوتاكی و شای دەوڵەتی ئێران و ئامان اللە نەسر اللە و هێزەكانی سوپای دەوڵەتی سەفەوییەكانی ئێران بە سەركردایەتی محەمەد قولی خان و عەلی موراد خان خانی لوڕی والی ویلایەتی لوڕستان لە خۆرهەڵات و ڕۆستم خان و سەید عەبدوڵڵا و ژەنەڕاڵ فیلیپپ كۆلۆمبی فەرەنسی ، ئەوە بوو هێزەكانی سوپای دەوڵەتی سەفەوییەكانی ئێران بە تەواوی هەرەسی هێنا و دوا جار لە ڕێكەوتی (21_10/ئۆكتۆبەر_1722) شاری ئەسفەهانی پایتەختی دەوڵەتی سەفەوییەكان داگیر كرا لە لایەن هێزەكانی سوپای میرنشینی هوتاكی ئەفغانی بە سەركردایەتی میر مەحمود شا هوتاكی (1717_1725ز) میری میرنشینی هوتاكی و تاجی شای وڵاتی فارسی كردە سەر. 

میرنشینی هوتاكی (1738_1709) نزیكەیی (29) ساڵ فەرمانڕەوایی كردووە ، كە لەو ماوەیەدا نزیكەیی (5) میر دەسەڵاتدار بوون.

دووەم/ میرنشینی دورانی (1738_1823ز) / قۆناغی یەكەم
ئەم میرنشینە لە ساڵی (1738زخ) لە لایەن میر ئەحمەد شاه دورانی (1738_1772ز) دامەزراوە كە سەر بە هۆزی ئەبدالی بوون ، و لە ساڵی (1747ز) بە فەرمی دەسەڵاتی وڵاتی ئەفغانستانی گرتە دەست ، كە لە قۆناغی یەكەمی دەسەڵاتی میرنشینی دورانی (85) ساڵی خایاند ، كە لەو ماوەیەدا نزیكەیی (7) میر دەسەڵاتدار بوون.

سێیەم/ میرنشینی ئەفغانستان (1823_1839ز)/ قۆناغی یەكەم 
ئەم میرنشینە لە ساڵی (1823ز) دامەزراوە لە لایەن میر دۆست موحمەد خان (1823_1839ز) بۆ جاری یەكەم دەسەڵاتی گرتە دەست كە سەر بە خانەوادەی شاهانەی بارگزایی بووە كە لە هەمان كاتدا عەشیرەت بووە ، كە لە هەمان ساڵدا هێزەكانی سوپای ئیمپراتۆریای بەریتانیا وڵاتی ئەفغانستانی داگیر كرد ، و قۆناغی یەكەم میرنشینی ئەفغانستان  (16) ساڵی خایاند ، كە لەو ماوەیەدا نزیكەیی (1) میر دەسەڵاتدار بوون.

چوارەم/ میرنشینی دورانی (1839_1842ز) / قۆناغی دووەم
لە ساڵی () جارێكی تر دەسەڵاتی میرنشینی دورانی گەڕایەوە ، و تەنها (3) ساڵی خایاند ، كە لەو ماوەیەدا (1) میر فەرمانڕەوایی كردووە.

پێنجەم/ میرنشینی ئەفغانستان (1842_1926ز)/ قۆناغی دووەم
ئەم میرنشینە لە ساڵی (1842ز) دامەزراوە لە لایەن میر ئەكبەر خان (1842_1845ز) كە سەر بە خانەوادەی شاهانەی بارگزایی بووە كە لە هەمان كاتدا عەشیرەت بووە ، و لە ڕێكەوتی (19_8/ئاگوستۆس_1919) میرنشینی ئەفغانستان سەربەخۆیی وەرگرتووە لە ئیمپراتۆریای بەریتانیا ، و قۆناغی دووەم میرنشینی ئەفغانستان  (84) ساڵی خایاند ، كە لەو ماوەیەدا نزیكەیی (9) میر دەسەڵاتدار بوون لەگەڵ (6) ساڵ و (6) مانگ لە دەسەڵاتی شا ئەمانوئیلا خان.

دووەم/ دەسەڵاتی شانشینی وڵاتی ئەفغانستان 
لە ڕێكەوتی (9_6/یونیو_1926) شا ئەمانوئیلا خان (1926_1929ز) دەسەڵاتی سیاسی لە میرنشینی ئەفغانستان گۆری بۆ شانشینی ئەفغانستان ، و لە ڕێكەوتی (14_11/تشرینی دووەم_1928) لە سەدەی بیست دا یەكەم شەڕی ناوخۆیی ئەفغانستان دەستی پێكرد ، كە یاخی بووانی سقاوییەكان بە سەركردایەتی شا حەبیب ئیلا كالكانی (1929ز) بە دژی شا ئەمانوئیلا خان (1926_1929ز) دەستی پێكرد ، لە ڕێكەوتی (17_1/كانوونی یەكەم_1929) قۆناغی یەكەمی دەسەڵاتی خانەوادەی شاهانەی بارگزایی كۆتایی پێهات كە (2) ساڵ و (7) مانگ و (8) ڕۆژی خایاند ، كە لەو ماوەیەدا شا ئەمانوئیلا خان (1926_1929) و عینایە ئیلا خان (1929ز) دەسەڵاتدا بوون، و لە ڕێكەوتی (15_4/ئەپرێل_1929) هێزەكانی سوری یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو هێرشی كردە سەر شانشینی ئەفغانستان و توانیان ویلایەتی بەلخ (مەزار شەریف) داگیری كرد لە سەر داوای شا ئەمانوئیلا خان (1929ز) و توانرا دەسەڵاتی شا عەلی ئەحمەد خان (1929ز) كۆتایی پێهات و بۆ جاری دووەم شا ئەمانوئیلا خان (1929ز)، و لە ڕێكەوتی (28_5/ئایار_1929) هێرشەكەی هێزەكانی سوری یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو هێرشی كردە سەر شانشینی ئەفغانستان كۆتایی پێهات ، و جارێكی دەسەڵاتی خانەوادەی شاهانەی بارگزایی گەڕایەوە بۆ شانشینی ئەفغانستان ، و لە هەمان ساڵدا كۆتایی بە دەسەڵاتی شا ئەمانوئیلا خان (1929) و شا موحمەد نادر شاە (1929_1933ز) دەسەڵاتی گرتە دەست، و لە ڕێكەوتی (17_7/یولیو_1973) بە سەركردایەتی سەردار موحمەد داود خان (1973_1978ز) كودەتایەكی سەربازی كۆتایی هێنرا بە سیستەمی پادشایەتی ئەفغانستان، كە بە دژی موحمەد زاهیر شاە (1933_1973ز) كە دوایین و سیهەمین شای شانشینی ئەفغانستان بوو ، و قۆناغی دووەمی دەسەڵاتی شانشینی ئەفغانستان لە ڕێكەوتی (13_10/ئۆكتۆبەر_1929) دەستی پێكرد و تاوەكو ڕێكەوتی (17_7/یولیو_1973) بەردەوام بوو كە (43) ساڵ و (9) مانگ و (4) ڕۆژی خایاند.

سێیەم/ دەسەڵاتی كۆماری و میرنشینی وڵاتی ئەفغانستان
یەكەم/ كۆماری یەكەمی ئەفغانستان (1973_1978ز)

ئەم كۆمارە لە ڕێكەوتی (17_7/یولیو_1973) دامەزراوە ، لە ئەنجامی كودەتاێكی سەربازی بە سەركردایەتی سەردار موحمەد داود خان (1973_1978ز) بە دژی شانشینی ئەفغانستان بە سەركردایەتی موحمەد زاهیر شاە (1933_1973ز) كە دوایین و سیهەمین شای شانشینی ئەفغانستان ، و ماوەی دەسەڵاتی كۆماری یەكەمی ئەفغانستان (4) ساڵ و (6) مانگ و (12) ڕۆژی خایاندووە ، كە لەو ماوەیەدا تەنها سەردار موحمەد داود خان (1973_1978ز) سەرۆك كۆمار بووە.

دووەم/ كۆماری دووەمی ئەفغانستان (كۆماری دیموكراسی ئەفغانستان) (1978_1992ز)
لە ڕێكەوتەكانی (27_28_4/ئەپرێل_1978) لە لایەن پارتی دیموكراتی گەلی ئەفغانستان كە پارتێكی شیوعیی بوو بە سەركردایەتی ژەنەڕاڵ عەبدولقادر دغروال ()  كودەتای بە دژی سەردار موحمەد داود خان (1973_1978ز) ئەنجام درا ، كە بە كودەتای پور یان دار ناسراوە ، و ئەوە بوو لە ڕێكەوتی (28_4/ئەپرێل_1978) كۆماری دووەمی ئەفغانستان (كۆماری دیموكراسی ئەفغانستان) دامەزرا ، و لە ڕێكەوتی (24_12/كانوونی یەكەم_1979) هێزەكانی سوپای سوری یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو هێرشیان كردە سەر وڵاتی ئەفغانستان ، بەوەش جارێكی تر شەڕ لەو وڵاتە دەستی پێكردووە كە بە جەنگی سۆڤیەت_ئەفغانستان ناسرا ، تاوەكو ڕێكەوتی (15_2/شوبات_1989) بەردەوام بوو ، چونكە لەو ڕێكەوتدا دوایین سەربازی هێزەكانی سوپای سوری یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو خاكی ئەفغانستانی بە جێ هێشت ، و دووەم شەڕی ناوخۆی ئەفغانستان  لە ڕێكەوتی (15_2/شوبات_1989) دەستی پێكرد ، و تاوەكو ڕێكەوتی (28_4/ئەپرێل_1992) بەردەوام بوو ، كە لەو ڕێكەوتدا كۆتایی هات بە دەسەڵاتی كۆماری دووەمی ئەفغانستان (كۆماری دیموكراسی ئەفغانستان) كە ماوەی (14) ساڵ بەردەوام ، كە لەو ماوەیەدا نزیكەیی (7) كەس سەرۆك كۆمار بوون.

سێیەم/ كۆماری سێیەمی ئەفغانستان (كۆماری ئیسلامی ئەفغانستان) (1992_1996ز)
ئەم كۆمارە واتا  كۆماری ئیسلامی ئەفغانستان لە دەرئەنجامی شەڕی ناوخۆیی ئەفغانستان لە ڕێكەوتی (28_4/ئەپرێل_1992) دامەزرا ، كە لە هەمان ڕێكەوتدا جارێكی تر سێیەم شەڕی ناوخۆیی ئەفغانستان دەستی پێكرد ، و لە ڕێكەوتی (27_9/سێپتمبەر_1996) كۆتایی پێهات ، و لەو ڕێكەوتدا بزووتنەوەی تاڵیبان سەركەوتنی بە دەست هێنا و كۆتایی هات بە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئەفغانستان ، كە ماوەی (4) ساڵ و (4) مانگ (29) ڕۆژی خایاند ، كە لەو ماوەیەدا (2) كەس سەرۆك كۆمار بوون.

چوارەم/ میرنشینی یەكەمی ئیسلامی ئەفغانستان (قۆناغی یەكەمی دەسەڵاتی بزووتنەوەی تاڵیبان) (1996_2001ز).

ئەم میرنشینە ئیسلامییە ، لە لایەن بزووتنەوەی تاڵیبان دامەزرا بە سەركردایەتی میر مەلا موحمەد عومەر (1996_2001) كە بۆ جاری یەكەم دەسەڵات دەستی میرنشینی یەكەمی ئیسلامی ئەفغانستان گرتە دەست ، لە ڕێكەوتی (27_9/سێپتمبەر_1996) دامەزرا ، و لە هەمان ڕێكەوتدا چوارەم شەڕی ناوخۆیی ئەفغانستان دەستی پێكرد ، و بزووتنەوەی تاڵیبان داڵدەی ئوسامە بن لادنی دا كە گەورە تیرۆریستێكی نێودەوڵەتی و سەرۆكی ڕێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە  بوو ، و لە ڕێكەوتی (11_9/سێپتمبەر_2001) لە لایەن ڕێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە  هێرشی كرایە سەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ، و ئەوانیش داوایان لە میرنشینی یەكەمی ئیسلامی ئەفغانستان كرد كە ئوسامە بن لادن ڕادەست بكات بەڵام ڕەت كرایەوە ، و ئەوە بوو لە ڕێكەوتی (7_10/ئۆكتۆبەر_2001) هێزەكانی سوپای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هێرشیان كردە سەر میرنشینی یەكەمی ئیسلامی ئەفغانستان ، و هەر لەو ڕێكەوتدا چوارەم شەڕی ناوخۆیی ئەفغانستان كۆتایی پێهات ، و هێرشی هێزەكانی سوپای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ سەر میرنشینی یەكەمی ئیسلامی ئەفغانستان تاوەكو ڕێكەوتی (17_12/كانوونی یەكەم_2001) بەردەوام بوو ، و دەسەڵاتی میرنشینی یەكەمی ئیسلامی ئەفغانستان لە ڕێكەوتی (13_11/تشرینی دووەم_2001) كۆتایی پێهات ، كە ماوەی (5) ساڵ و (1) مانگ و (16) ڕۆژی خایاند ، كە لەو ماوەیەدا (1) میر ، كە ئەوەیش میر مەلا موحمەد عومەر (1996_2001) بوو ، و میرنشینی یەكەمی ئیسلامی ئەفغانستان لە (90%) ی خاكی ئەفغانستانی بە دەستەوە بوو.

پێنجەم/ كۆماری چوارەمی ئەفغانستان (كۆماری هاوپەیمانی باكور) (1996_2001ز)
ئەم كۆمارە ، لە ڕێكەوتی (27_9/سێپتمبەر_1996) دامەزرا بە سەرۆكایەتی بورهانو ددین ڕەبانی (1996_2001ز) ، و لە هەمان ڕێكەوتدا چوارەم شەڕی ناوخۆیی ئەفغانستان دەستی پێكرد ، و هێزەكانی ئەم كۆمارە لەگەڵ میرنشینی یەكەمی ئیسلامی ئەفغانستان (بزووتنەوەی تاڵیبان) لە شەڕدا بوو ، كە كۆماری هاوپەیمانی باكور (10%) ی خاكی ئەفغانستانی دەستەوە بوو ، و هێزەكانی كۆماری هاوپەیمانی باكور لەو شەڕەدا سەركەوتن، و ئەو كۆمارە لە ڕێكەوتی (13_11/تشرینی دووەم_2001) كۆتایی پێهات ، كە ماوەی (5) ساڵ و (1) مانگ و (16) ڕۆژی خایاند ، كە لەو ماوەیەدا (1) كە ئەوەیش بورهانو ددین ڕەبانی (1996_2001ز) بوو كۆتایی پێهات.

شەشەم/ كۆماری پێنجەمی ئەفغانستان (كۆماری ڕاگوزەری كاتی ئیسلامی ئەفغانستان) (2001_2004ز)
ئەم كۆمارە لە ڕێكەوتی (13_11/تشرینی دووەم_2001) دامەزرا بە سەرۆكایەتی بورهانو ددین ڕەبانی (1996_2001ز) ، و تەواوی خاكی ئەفغانستانی بە دەستەوە بوو ، لە ئەنجامی كۆتایی هاتن بە دەسەڵاتی میرنشینی یەكەمی ئیسلامی ئەفغانستان (قۆناغی یەكەمی دەسەڵاتی بزووتنەوەی تاڵیبان) دامەزرا ، و تاوكو ڕێكەوتی (7_12/كانوونی یەكەم_2004) بەردەوام بوو ، كە ماوەی (2) ساڵ و (24) ڕۆژ بەردەوام بوو ، كە لەو ماوەیەدا نزیكەیی (2) كەس سەرۆك كۆمار بوون كە ئەوانیش بورهانو ددین ڕەبانی (2001ز) و حامید كارزایی (2001_2004ز) بوون.

حەوتەم/ میرنشینی دووەمی ئیسلامی ئەفغانستان (قۆناغی دووەمی دەسەڵاتی بزووتنەوەی تاڵیبان لە چیاكاندا) (2001_2021ز).

ئەم میرنشینە لە ڕێكەوتی (13_11/تشرینی دووەم_2001) لە لایەن بزووتنەوەی تاڵیبان دامەزرا بە سەركردایەتی میر مەلا موحمەد عومەر (2001_2013ز) كە بۆ جاری دووەم دەسەڵات دەستی میرنشینی دووەمی ئیسلامی ئەفغانستان گرتە دەست ، و چەكدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان لەگەڵ شەڕدا بوون بە دژی هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمانان و هێزەكانی سوپای كۆماری ڕاگوزەری كاتی ئیسلامی ئەفغانستان و دواتر بە دژی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئەفغانستان ، و تاوەكو ڕێكەوتی (15_8/ئاگوستۆس_2021) بەردەوام بوو ، و لە ڕێكەوتی (29_2/شوبات_2020) لە نێوان كۆماری ئیسلامی ئەفغانستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و میرنشینی دووەمی ئیسلامی ئەفغانستان (بزووتنەوەی تاڵیبان) ڕێكەوتننامەی دەوحە بە ناوی (ڕێكەوتن لە سەر ئاشتی ئەفغانستان) لە شاری دەوحەی پایتەختی دەوڵەتی شانشینی قەتەر وژۆ كرا ، كە بە پێی ئەو ڕێكەوتننامەیە ئەبێت هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمانان (ناتۆ) بە قۆناغ و بە قۆناغ بكێشێتەوە لە ئەفغانستان ، و لە ڕێكەوتی (1_5/ئایار_2021) چەكدارانی میرنشینی دووەمی ئیسلامی ئەفغانستان (بزووتنەوەی تاڵیبان) هێرشیان كردە سەر وڵاتی ئەفغانستان و بەرە بەرە توانیان زۆربەی وڵاتی ئەفغانستان كۆنترۆڵ بكەن و لە ڕێكەوتی (15_8/ئاگوستۆس_2021) توانیان شاری كابووڵی پایتەختی وڵاتی ئەفغانستان كۆنترۆڵ بكەن ، بەوەش كۆتایی هات بە كۆماری ئیسلامی ئەفغانستان، و میرنشینی دووەمی ئیسلامی ئەفغانستان تاوەكو ڕێكەوتی (15_8/ئاگوستۆس_2021) بەردەوام بوو ، كە ماوەی (19) ساڵ و (9) مانگ و (2) ڕۆژی خایاند ، كە لەو ماوەیەدا میر مەلا موحمەد عومەر (2001_2013ز) لەگەڵ دوو میر میرایەتیان كردووە.

هەشتەم/ كۆماری شەشەمی ئەفغانستان (كۆماری ئیسلامی ئەفغانستان) (2004_2021ز)
ئەم كۆمارە ، لە پاش ئەوەی كۆتایی هات بە كۆماری ڕاگوزەری كاتی ئیسلامی ئەفغانستان دامەزرا ، لە ڕێكەوتی (7_12/كانوونی یەكەم_2004) بە سەرۆكایەتی حامید كارزایی (2004_2014ز)، و هێزەكانی سوپای ئەم كۆمارە لەگەڵ هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمانان بە دژی چەكدارانی میرنشینی دووەمی ئیسلامی ئەفغانستان (بزووتنەوەی تاڵیبان) لە شەڕدا  بوون  ، لە ڕێكەوتی (29_2/شوبات_2020) لە نێوان كۆماری ئیسلامی ئەفغانستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و میرنشینی دووەمی ئیسلامی ئەفغانستان (بزووتنەوەی تاڵیبان) ڕێكەوتننامەی دەوحە بە ناوی (ڕێكەوتن لە سەر ئاشتی ئەفغانستان) لە شاری دەوحەی پایتەختی دەوڵەتی شانشینی قەتەر وژۆ كرا ، كە بە پێی ئەو ڕێكەوتننامەیە ئەبێت تەواوی هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمانان (ناتۆ) بە قۆناغ و بە قۆناغ بكێشێتەوە لە ئەفغانستان ، و لە ڕێكەوتی (1_5/ئایار_2021) ئەوە بوو كە چەكدارانی میرنشینی دووەمی ئیسلامی ئەفغانستان (بزووتنەوەی تاڵیبان) هێرشیان كردە سەر هێزە ئەمنییەكانی وڵاتی ئەفغانستان و بەرە بەرە توانیان زۆربەی وڵاتی ئەفغانستان كۆنترۆڵ بكەن بێ هیچ بەرگرییەكی وا لە لایەن سوپای ئەو وڵاتەوە ، و لە ڕێكەوتی (15_8/ئاگوستۆس_2021) توانیان شاری كابووڵی پایتەختی وڵاتی ئەفغانستان كۆنترۆڵ بكەن ، بەوەش كۆتایی هات بە كۆماری ئیسلامی ئەفغانستان ، و كۆماری ئیسلامی ئەفغانستان ، ماوەی (17) ساڵ و (8) مانگ و (8) ڕۆژی خایاند ، كە لەو ماوەیەدا (2) كەس ، كە ئەوانیش  حامید كارزایی (2004_2014ز) و د.ئەشەرەف غەنی (2014_2021) بوون سەرۆك كۆمار بوون.
نۆیەم/ میرنشینی سێیەمی ئیسلامی ئەفغانستان (قۆناغی سێیەمی دەسەڵاتی بزووتنەوەی تاڵیبان) (2021ز_تاوەكو ئێستە).

ئەم میرنشینە ، لە پاش كۆنترۆڵ شاری كابووڵی پایتەختی وڵاتی ئەفغانستان لە ڕێكەوتی (15_8/ئاگوستۆس_2021) لە لایەن چەكدارانی میرنشینی دووەمی ئیسلامی ئەفغانستان (بزووتنەوەی تاڵیبان) ، لەم هەمان ڕێكەوتدا بە سەرۆكایەتی میر هیبەتوئیللا ئاخوندزادە ساحیب (2021ز_تاوەكو ئێستە) دامەزراوە ، و تاوەكو ئێستە بەردەوامە.

دەیەم/ كۆماری حەوتەمی ئەفغانستان (كۆماری پانجشێری ئەفغانستان) (2021ز_تاوەكو ئێستە).

ئەم كۆمارە ، لە پاش ئەوەی شاری كابووڵی پایتەختی وڵاتی ئەفغانستان لە ڕێكەوتی (15_8/ئاگوستۆس_2021) لە لایەن چەكدارانی میرنشینی دووەمی ئیسلامی ئەفغانستان (بزووتنەوەی تاڵیبان) كۆنترۆڵ كراوە دامەزرا بە سەرۆكایەتی ئامروئیلا ساڵح .

(2021ز) ، كە پێشتر جێگیری یەكەمی سەرۆك كۆمار د.ئەشەرەف غەنی (2014_2021) دوایین سەرۆك كۆماری كۆماری شەشەمی ئەفغانستان (كۆماری ئیسلامی ئەفغانستان) بوو ، و ئەم كۆمارە تاوەكو ئێستە بەردەوامە.

ن: چۆمان تەقێدین

سەرچاوەكان
1_نەجاتی عەبدوڵڵا: كوردستان و كێشەی سنووری عوسمانی-فارسی-هەولێر2001ز.
2_یاسین سابرساڵح: ئینسایكڵۆپیدیای گشتی-سلێمانی2005ز.
3_ڕاجر سێیڤری: ئێرانی سەردەمی سەفەوی-وە: سەلاحەددین ئاشتی-سلێمانی2006ز. 
4_د . مەحمەد سوهەیل تەقوش: مێژووی دەوڵەتی سەفەویی-وە: شاخەوان مەحمەد-هەولێر2006ز.
5_كارڵ برۆكلمان: مێژووی گەلانی موسڵمان-وە: عومەر عەلی غەفوور-تاران2017ز.
6_رۆجەر سەیڤۆری: مێژووی دەوڵەتی سەفەوی-وە: سەرباز حەمە كەریم-سلێمانی2018ز.
7_ئینتەرنێت-ویكیپیدیای ئازاد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن