لایەنێكی سیاسی كوردستان بڕیاریدا بایكۆتی هەڵبژاردنەكان بكات

کوردستان

08/09/2021     ژمارەی بینراو 1251

راچڵەكین-

لەگەڵ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن و نزیكبوونەوەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، هاوپەیمانی نیشتمانی كوردستان بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكەی راگەیاند.

حسێن ئەحمەد، وتەبێژی فەرمی هاوپەیمانیی نیشتیمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە:" لە پاش ئەوەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئامادەیی جیدی بۆدەكرێت و پێدەچێت لە ١٠/١٠ ئەگەری قەرار دان لەسەری ببێتە فاكتێكی واقیعی، لە وەها حاڵێكدا، ئێمە وەك هاوپەیمانیی نیشتیمانی كوردستان، ڕایدەگەیەنین كە  بایكۆتی هاڵبژاردن لە تێكڕای بازنەكانی عێراق و كوردستاندا دەكەین."

دەشڵێت:"  داواكارین لە هاوڵاتیانی دڵسۆزی كوردستان و عیراق، بڕۆنەبەردەم سندووقەكانی دەنگدان و بەرپرسانە دەنگەكانتان  بسوتێنن و ناوی خۆتان بە تۆمار كراوی بە بێ هیچ بژاردەیەكی دیاری كراو، لە بازنەكانی دەنگداندا جێبهێڵن، تا هەمووان پێكەوە بتوانین،  تەزویرو ساختەكاری ھەڵبژرادنەكانی ساڵی ٢٠١٨ رابگرین، وە بەم بایكۆتە كوردستانێكی سەقامگیر و عێراقێكی سیستەماتیك و دامەزراو پیشچاو بخەین و هەموومان پێكەوە دەست لەناو دەست  كۆمەك بە هەستانەوەی بكەین. "

وتەبێژی هاوپەیمانی نیشتمانی كوردستان دەڵێت:" بە پیچەوانەوە، هەر جۆرە پشتگیری كردنێكی هەڵبژاردنەكانی عیراق، بە خاڵی لاوازی عێراقییەكان تێدەگەین و عێراق بەم هەڵبژاردنە زیاتر و زیاتر دەگلێتە بارو دۆخی ترسناك و مەلول و سەختەوە."

 لەكۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە:" لە ئێستادا دابڕان و دووركەوتنەوە لە دەسەڵات و حزبە دەسەڵاتدارەكان  بەباشترین چارەسەر دەزانین، بۆ ئەوەی ھێڵێكی جیاكەرەوە ھەبێت لە نێوان ئەم دووھێزە، ھێزی گەندەڵكارو قۆرخكاری دەسەڵات بە تەزویرو ساختەكاری، ھێزی گەل و دژە گەندەڵی و ستەملێكراو."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن