ئیسپانیا لە ئیتاڵیای بردەوەو گەیشتە یاریی كۆتایی خولی نەتەوەكانی ئەوروپا

وەرزش

07/10/2021     ژمارەی بینراو 239

راچڵەكین-

لە نیوەی كۆتایی خولی نەتەوەكانی ئەوروپادا، ئیسپانیا بە ئەنجامی ٢-١ لە ئیتاڵیای بردەوە و سەركەوت بۆ یاریی كۆتایی.

یارییەكە كە لە یاریگای سان سیرۆ لە شاری میلانۆ-ی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو، هەردوو هەڵبژاردەكرە كە گەیشتبوون بە نیوەی كۆتایی پاڵەوانێتی ئەوروپا ٢٠٢٠ بۆ تۆپی پێ، ئەمجارە لە خولی نەتەوەكانی ئەوروپا رووبەڕووی یەك بوونەوە.

لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا، ئیسپانیا لە خولەكی ١٧دا لە رێگەی فیران تۆریس یەكەم گۆڵی تۆمار كرد.

ئیتاڵیا لە خولەكەكانی كۆتایی گێمی یەكەمدا، هەلی گۆڵكردنی بۆ رەخسا، بەڵام نەیتوانی تۆماری بكات، لە خولەكی 42 ی گێمەكەدا، بەهۆی تووند یارییكردنەوە، لیۆناردۆ بۆنوچی، كاپتنی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بە كارتی سوور لە یارییەكە كرایە دەرەوە.

پێش كۆتایی هاتنی گێمی یەكەم، دووبارە ئیسپانیا لە رێگەی فیران تۆریس دووەم گۆڵی تۆمار كرد، گێمەكەش بەو ئەنجامە كۆتایی پێ هات.

لە گێمی دووەمی یارییەكەدا، ئیتاڵیای خاوەن یاریگا سەرەڕای ئەوەی بە ١٠ یاریزانەوە یاریی دەكرد گوشارەكانی بۆسەر لایەنی بەرامبەر زیاد كرد و لە خولەكی ٨٣دا لە رێگەی لۆرێنزۆ پیلگرینی گۆڵێكی تۆمار كرد.

یارییەكە بەو ئەنجامە كۆتایی هات و ئیسپانیا بووە یەكەم هەڵبژاردە كە توانی لە خولی نەتەوەكانی ئەورووپا بگاتە یاری كۆتایی.

دوو هەڵبژاردەكەی دیكەی نیوەی كۆتایی كە بریتین لە بەلجیكا و فەڕەنسا، سبەی لە یاریگای ئەلیانز لە تۆرینۆ رووبەڕووی یەك دەبنەوە كە براوەكەیان بەر ئیسپانیا و دۆڕاوەكەشیان بەر ئیتاڵیا دەكەوێت بۆ بەدەستهێنانی پلەی سێیەمی خولەكە.

رۆژی یەكشەممە ١٠ی تشرینی یەكەم، یارییەكانی كۆتایی و پلەی سێیەمی خولی نەتەوەكانی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن