شەهید مەحمودی مامە عەزە.. پاڵەوانەكەی بناری بەمۆ

ڕاپۆرت

18/10/2021     ژمارەی بینراو 989

شەهیدی فەرماندە مەحمود عەزیز ناسراو بە (مەحمودی مامە عەزە)، ساڵی 1954 لەگوندی (هۆرین)ی بناری بەمۆ لە دایكبووە، ساڵی 1976 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوەو ساڵی 1978 بووە بە پێشمەرگە.

شەهید مەحمودی مامە عەزە، كەسێكی خۆشەویستی ناو جەماوەر بووە، هەمیشە خۆنەویست و ئازاو بەخشندە بوو، لەناو هاوڕێكانیدا كەسێكی قسەخۆش و هەروەها خاوەن خۆشەویستییەكی زۆریش بوو بۆ نیشتمانەكەی، كە ئەمەش وایكرد لەماوەیەكی كورتداو لەبەر لێهاتویی خۆی ئەرك و لێپرسراوێتی پێ بسپێردرێت.

شەهید مەحمودی مامەعەزە لەژیانی پێشمەرگایەتیدا كەسێكی دیارو ناسراو بووەو چەندین پلەیشی پێدراوە، لەوانە: فەرماندەی مەفرەزەو كەرت و تیپ و لەشكر، بەردەوام لەسەنگەری پێشەوەی داستان و نەبەردییەكانی هێزی پێشمەرگە بووە، بەشداری زۆر داستان و نەبەردیی كردووە، بەڵام لەهەریەك لەنەبەردی و داستانەكانی وەك: رزگاری، قەیوان - ماوەت، ئالان و حاسڵ، گرتنی سەربازگەی دوودارەو شەڕەكانی دەشتی گەرمیان و دۆڵی قەرەداغ و شاخی زەردە، رۆڵی كاریگەرو كەم وێنەی بینیوە.

هەروەها لە دوای ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنفالەوە، شەهید مەحمود لەگەڵ خێزان و منداڵەكانی و مەفرەزەكەی لە گەرمیان و ناوچەكانی قەرەداغ مایەوەو بەشێوەی پارتیزانی درێژەی بەخەباتی پێشمەرگایەتی دا.

شەهید مەحمود، خەباتگێڕو پارتیزانێكی خۆڕاگرو بە ورە بوو، لەكاتێكدا ئەو سەرقاڵی خەباتی پارتیزانی بوو، كەچی لەلایەن چەند كەسێكەوە خیانەتی لێكراو لەئەشكەوتی دەربەند سورێن هێرشیان كردە سەر خێزانەكەی و لەئەنجامدا هەریەك لە (قارەمانی برای و شێركۆی كوڕی و محەمەد عەلیاوەیی هاوڕێی پارتیزانی و پێشمەرگایەتیی) بەناحەق شەهیدكران و خێزان و منداڵەكانی دیكەیشی برینداركران.

بەڵام ئەو كۆستە گەورەیە هیچ لە ورەو قارەمانێتی شەهید مەحمودی كەمنەكردەوەو تا ڕاپەرین لەگەرمیان و قەرەداغ مایەوەو هاوسەركەیشی هەمیشە هاوسەنگەری بووە، هەروەها رۆڵێكی بەرچاوی هەبوو لەرزگاركردنی بناری بەمۆو دەربەندیخان و شاری خانەقین دا.

لە شاریشدا پێشمەرگە بووە

شەهید هەروەكو چۆن لەخەباتی شاخ و پارتیزانیدا پێشڕەو بوو، لەخەباتی شاریشدا كادرێكی ماندونەناس و دڵسۆز بووە، ساڵی 1993 هەوڵ و ماندوبوونێكی زۆریدا تا توانی بەهاوكاری حكومەت هێڵی كارەبا بگەیەنێتە زۆرێك لەگوندەكانی بناری بەمۆ.

شەهید كەسێكی راستگۆو دڵپاك و بەخشندە بوو، لەسەردەستی ئەو چەندین كێشەی گەورەی كۆمەڵایەتی ناوچەكە كۆتایی پێهاتووە، هەر لەبەر ئەو دڵسۆزی و مرۆڤدۆستییەی بوو لەلایەن دانیشتوانی بناری بەمۆ بەسەرۆك عەشرەتی شەرەفبەیانی هەڵبژێردراو ئەویش تا دواساتاكانی ژیانی ئەو شەرەفەی بەدڵسۆزی و ئەمانەت و لەخۆبوردووییەوە پاراست.

بەداخەوە، رۆژی 12/10/1996 لەناوچەی (سەرتەك)ی زێدی باوباپیرانی، شەهیدكراو چووە كاروانی سەروەرانەوە.

ئاوات كۆكەیی

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن