ئەرکی لەپێشینەی دایك و باوك لە ماوەی کۆرۆنادا

کەلتوور

14/03/2020     ژمارەی بینراو 415

منداڵ

ڕاچڵه‌كین-

یەکێک لەو شتە گرنگانەی کە لە زۆربەی دۆخە دژوارەکاندا لەبیری دەکەین، گرنگیدانە بە باری دەروونی منداڵەکانمان و لێکدانەوەیان بۆ ڕووداوەکان، وەک چۆن گرنگی بە سەلامەتی جەستەییان دەدەین پێویستە بەوجۆرەش گرنگی بە سەلامەتیی دەروونییان بدەین.

بۆ ئەم مەبەستە چەند ڕێگەیەک هەیە یارمەتیمان دەدات نەهێڵین زەبری دەروونی بەر منداڵەکانمان بکەوێت.

 بەڵام سەرەتا پێویستە لە خۆمانەوە دەستپێبکەین:

ئاشکرایە ئەم پێشهاتە تازەیە دڵەڕاوکە و نیگەرانی لە دەروونی زۆربەماندا دروست کردووە، کە ئەوەش بۆخۆی حاڵەتێکی سروشتییە. چونکە دڵەڕاوکە کاردانەوەیەکی سروشتی جەستەیە بەرانبەر مەترسییەکی نادیار یان دۆخێکی پێشبینی نەکراو. ڕێک وەک ئەوەی کە هەنووکە دەگوزەرێت.

کەواتە گرفتەکە لەکوێدایە؟

گرفتەکە لەوەدایە بەرکەوتنی بەردەواممان لەگەڵ میدیایەکی سیخناخ بە هەواڵی بەپەلە.. دواترین زانیاری.. بزانە چەند حاڵەتی نوێ تۆمارکراوە.. و هاوشێوەی ئەم سەردێڕانە، ڕاستەوخۆ ئاستی هەستکردنی مێشک بە مەترسی بەرزدەکاتەوە.

مێشکیش گرفتێکی هەیە؛ مەترسی ڕاستەقینە لە مەترسی گریمانەکراو و ناڕاست جیاناکاتەوە. بۆیە ئەویش -مێشک- لەلایەن خۆیەوە پەیام دەنێرێت بۆ جەستە ئاگاداری دەکاتەوە کە لە مەترسیدایە و پێویستە بکەوێتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە (شەڕبکات یان ڕابکات یان لەجێی خۆیدا وشک ببێت).

کەسێکیش بەوجۆرە بێ واتە کەسێکی نائارامە و هەموو شتێ بە شەخسی و حەساسیەتەوە وەردەگرێ و بەشتی بچووک هەڵدەچێ. کە بێگومان کەسمان نامانەوێت لەگەڵ منداڵەکانمان بەوجۆرە بین.

زیانێکی دیکەی ئەمە!
زیانێکی دیکەی ئەمە ئەوەیە منداڵان لە خوێندنەوە و تێبینی کردنی هەستەکانی ئێمەی گەورەساڵدا زۆر ورد و بەتوانان. دەزانن کە شتێک لەئارادایە، وە ئەو شتەش مەترسیدارە، بەڵام تەواو نازانن چییە.

بۆیە لە خەیاڵدانی خۆیاندا چەندین سیناریۆی کارەساتاوی دەخوڵقێنن. کە بەداخەوە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کارەکتەری سەرەکی ئەو سیناریۆیانەش خۆیانن. چونکە منداڵان خود-سەنتەرن، واتە هەر شتێک ڕووبدات وا دەزانن ڕووی لە خۆیانە و ئەمان هۆکارەکەین. بۆیە بە ئاسانی ئەو شڵەژاوی و نیگەرانییەی ئێمە دەبەنە سەر خۆیان و چاوەڕێ دەکەن شتێکی خراپیان لێ ڕووبدات. دەرەنجامی ئەمەش سەرهەڵدانی چەندین پەشێوی ڕەفتاری و دەروونییە.

لەم ڕووەوە زۆر گرنگە ئاگاداری باری دەروونی خۆمان بین و ئەوەندە خۆمان بەو شاشە و هەواڵانەوە خەریک نەکەین کە نیگەرانیمان زیاد دەکەن.

ئا: ئەحمەد خالیدی
ماستەر لە پەروەردەی خێزانی

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن