راچڵەكین –
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریكا (ناسا) بڵاویكردەوە، لە یەكەم رۆژی ساڵی نوێدا لە ئاسمانی ویلایەتی پەنسیلڤانیا لە خۆرهەڵاتی ئەمریكا، نەیزەكێك كشاوە و لە ئاكامدا تەقینەوەیەكی دەنگیی گەورەی لێكەوتووەتەوە، كە یەكسان بووە بە تەقینەوەی 30 تۆن (تی ئێن تی).
دەزگای چاودێریكردنی نەیزەك لە ئاژانسی ناسا "NASA Meteor Watch" لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، گرتەیەكی تایبەت بە تەقینەوە دەنگییەكەی بڵاوكردووەتەوە، كە لەلایەن بەشێكی زۆری دانیشتوانی دەوروبەری شاری پیتسبورگ لە ویلایەتی پەنسیلڤانیا هەستی پێكراوە، باس لەوەش كراوە كە خێرایی كشانی نەیزەكەكە لە بەرگەهەوادا زیاتر لە 72 هەزار كیلۆمەتر بووە لە كاتژمێرێكدا.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی ناسا، كێشی نەیزەكەكە 450 كیلۆگرام و تیرەشی نزیكەی یەك مەتر بووە.